عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕزگاریی هەتاهەتایی بۆ ئیسرائیل 
1
«ئەی ئەوانەی دوای ڕاستودروستی کەوتوون، گوێم لێ بگرن،
ئەی ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن:
تەماشای ئەو تاشەبەردە بکەن کە لێوەی بڕاون و
کونی ئەو چاڵەی لێوەی هەڵکەنراون،
2
تەماشای ئیبراهیمی باوکتان بکەن،
بڕواننە سارا، ئەوەی ئێوەی بووە،
چونکە کە بانگم کرد تەنها یەک کەس بوو،
بەرەکەتدارم کرد و زۆرم کرد.
3
بێگومان یەزدان دڵنەوایی سییۆن دەکات،
دڵنەوایی هەموو کاولبووەکانی دەکات.
چۆڵەوانییەکانی وەک عەدەن لێ دەکات و
شیوە وشکەکانی وەک باخچەی یەزدان.
شادی و خۆشی تێدا دەبینرێتەوە،
سوپاس و دەنگی مۆسیقا.
4
«ئەی گەلی من، گوێم لێ بگرن،
ئەی نەتەوەکەم، گوێم بۆ شل بکەن،
چونکە فێرکردن لەلای منەوە دەردەچێت و
دادپەروەریم بۆ ڕووناکی گەلان دەچەسپێنم.
5
ڕاستودروستیم نزیکە،
ڕزگاریم بەڕێوەیە،
بازووی من دادوەری بۆ گەلان دەکات.
دوورگەکان چاوەڕێی منن،
هیوایان بە بازووی منە.
6
چاوتان بۆ ئاسمان هەڵبڕن و
لە ژێرەوە سەیری زەوی بکەن،
چونکە ئاسمان وەک دووکەڵ دەڕەوێتەوە و
زەوی وەک جل دادەڕزێت و
دانیشتووانەکەی وەک مێشوولە دەمرن.
بەڵام ڕزگاریی من بۆ هەتاهەتایە دەبێت،
ڕاستودروستیشم هەرگیز ناڕووخێت.
7
«ئەی ئەوانەی ڕاستودروستی دەزانن، گوێم لێ بگرن،
ئەی ئەو گەلەی فێرکردنەکەم لەناو دڵیانە:
مەترسن لەوەی خەڵکی گاڵتەتان پێ بکەن،
لە جنێوەکانیان مەتۆقن،
8
چونکە وەک کراس مۆرانە دەیانخوات و
وەک خوری کرم لێیان دەدات،
بەڵام ڕاستودروستی من بۆ هەتاهەتایە دەبێت و
ڕزگاریشم بۆ نەوەی نەوەکان.»
9
بەئاگا بە، بەئاگا بە! هێز لەبەر بکە،
ئەی بازووی یەزدان،
بەئاگا بە وەک لە ڕۆژگارە دێرینەکان،
وەک لە سەردەمانی پێشوو!
ئایا تۆ نەبوویت کە ڕەهەڤت لەتکرد،
کە ئەو ئەژدیهایەت بە سەختی پێکا؟
10
ئایا تۆ نەبوویت دەریات وشک کرد،
ئاوی دەریا گەورەکەی ژێر زەوی[a] ،
ئەوەی قووڵایی دەریای کردە ڕێگا
بۆ پەڕینەوەی ئەوانەی کڕاونەتەوە؟
11
جا ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە دەگەڕێنەوە،
بە هاواری خۆشییەوە بۆ سییۆن دێن،
شادییەکی هەتاهەتایی لەسەر سەریانە.
خۆشی و شادی پێیان دەگەن و
ناخۆشی و ئاخ هەڵکێشان هەڵدێن.
12
«منم، منم کە دڵنەواییتان دەکەم.
تۆ کێیت لە مرۆڤ دەترسیت کە دەمرێت،
یاخود لە ئادەمیزاد کە وەک گیای لێدێت؟
13
تۆ کێیت تاوەکو یەزدان لەیاد بکەیت کە دروستی کردوویت،
کە ئاسمانی لێککردووەتەوە و
زەوی دامەزراندووە،
کە بەردەوام هەموو ڕۆژێک زەندەقت چووە
لە تووڕەیی ستەمکار،
کە ئامادەی کردووە بۆ لەناوبردن؟
بەڵام کوا تووڕەیی ستەمکار؟
14
بەم نزیکانە گەلە دیلەکە ئازاد دەکرێن،
لەناو زیندان نامرن،
نانیان کەم نابێت،
15
چونکە من یەزدانی پەروەردگارتانم،
ئەوەی دەریا دەهەژێنێت و شەپۆلەکانی دەوروژێنێت،
ناوم یەزدانی سوپاسالارە.
16
من وتەکانم خستووەتە دەمی تۆوە و
بە سێبەری دەستم تۆم شاردووەتەوە،
من کە ئاسمانم لە شوێنی خۆی دانا و
زەویم دامەزراند،
کە بە سییۆن دەڵێم: ”تۆ گەلی منیت.“»
جامی تووڕەیی یەزدان 
17
بەئاگا بە! بەئاگا بە!
ئۆرشەلیم هەستە!
ئەوەی جامی تووڕەییت
بە دەستی یەزدان خواردەوە،
خڵتی جامی بەلاداهاتنت
خواردەوە و چۆڕاندتەوە.
18
کەس نییە ڕێنمایی بکات
لە هەموو ئەو کوڕانەی بۆی لەدایک بوون،
کەس نییە دەستی بگرێت
لە هەموو ئەو کوڕانەی بەخێوی کردن.
19
کارەساتەکان بە جووت بە پیرتەوە هاتوون،
کاولبوون و وردوخاشبوون، قاتوقڕی و شمشێر.
کێ دەتوانێت بۆت بلاوێنێتەوە؟
کێ دەتوانێت دڵنەواییت بکات؟
20
کوڕەکانت گرمۆڵە بوون و ڕاکشان
لەسەر سووچی هەموو شەقامێک
وەک ئاسک لەناو تۆڕدا.
پڕن لە تووڕەیی یەزدان و
لە سەرزەنشتی خودات.
21
لەبەر ئەوە ئێستا گوێ لەمە بگرە ئەی زەلیلەکە،
ئەی سەرخۆش، بەبێ شەراب سەرخۆش بوویت.
22
یەزدانی باڵادەستت ئەمە دەفەرموێت،
خوداکەت کە پشتگیری گەلەکەی خۆی دەکات:
«ئێستا ئەو جامە لە دەستت دەبەم کە وا دەکات بەلادابێیت،
لەمەودوا لەو جامەی کە جامی تووڕەیی منە ناخۆیتەوە.
23
دامە دەست ئەشکەنجەدەرانت،
ئەوانەی بە گیانی تۆیان گوت:
”بچەمێوە بۆ ئەوەی بپەڕینەوە.“
جا پشتت وەک زەوی دانا،
وەک شەقام بۆ ئەوانەی دەپەڕنەوە.»
  1. a. 51‏:10 بەپێی بیروباوەڕی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کۆن (دەریای ژێر زەوی) هەبوو کە لەژێر زەوی بوو و سەرچاوەی کانیاو و ڕووبارەکان بوو.‏