عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئەی سییۆن، بەئاگا بە! بەئاگا بە!
بەرگی هێزت لەبەر بکە،
ئەی ئۆرشەلیم، شاری پیرۆز،
بەرگی جوانیت بپۆشە،
چونکە ئیتر لەمەودوا نایەتە ناوت
خەتەنەنەکراو و گڵاو.
2
ئەی ئۆرشەلیم، لەناو خۆڵ هەستە و
خۆت بتەکێنە، لەسەر تەخت دابنیشە.
ئەی ڕاپێچکراوەکە، شاری سییۆن،
کۆتەکانی ملت بکەرەوە.
3
ئێستا یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«بەخۆڕایی فرۆشران،
بەبێ پارە دەکڕدرێنەوە.»
4
هەروەها یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«سەرەتا گەلەکەم دابەزین بۆ میسر و ئاوارەبوون لەوێ،
لەم دواییانەشدا ئاشور ستەمی لێدەکرد.»
5
یەزدان دەفەرموێت: «ئێستا لێرە چیم هەیە؟
«گەلەکەم بەخۆڕایی بردرا و
فەرمانڕەواکانی دەلوورێنن،
بەردەوام بە درێژایی ڕۆژیش
کفر بە ناوی من دەکرێت.
6
لەبەر ئەوە گەلەکەم بە ناوی من ئاشنا دەبن،
لەو ڕۆژەدا دەزانن
ئەوەتام، ئەوە منم کە ئەم بەڵێنە دەدەم.»
یەزدان دەفەرموێت.
7
چەند جوانە لەسەر چیاکان
پێیەکانی مزگێنیدەران،
ڕاگەیەنەری ئاشتی،
مزگێنیدەری خۆشی،
ڕاگەیەنەری ڕزگاری،
ئەوانەی بە سییۆن دەڵێن:
«خودات پاشایەتی دەکات!»
8
گوێ بگرە! ئێشکگرەکانت دەنگیان هەڵدەبڕن،
پێکەوە هاواری خۆشی دەکەن،
بە چاوی خۆیان دەبینن
کاتێک یەزدان دەگەڕێتەوە بۆ سییۆن.
9
ئەی کەلاوەکانی ئۆرشەلیم،
پێکەوە بە خۆشی گۆرانی بڵێن،
چونکە یەزدان دڵنەوایی گەلەکەی خۆی دەکات،
بێگومان ئۆرشەلیم دەکڕێتەوە.
10
یەزدان بازووی پیرۆزی خۆی هەڵدەکات
لەبەرچاوی هەموو نەتەوەکان،
هەر چوار لای زەویش
ڕزگاریی خودای ئێمە دەبینن.
11
ئەی هەڵگرانی کەلوپەلی پەرستگای یەزدان،
جیا بنەوە، جیا بنەوە، لە بابل بچنە دەرەوە!
دەست لە هیچ شتێکی گڵاو مەدەن!
لەناوی وەرنە دەرەوە، خۆتان پاک بکەنەوە!
12
بەڵام بە پەلە دەرناچن،
بە هەڵاتن ناڕۆن،
چونکە یەزدان لەبەردەمتانەوە دەڕوات،
خودای ئیسرائیل پاشڕەو و پارێزەرتانە.
ئازارچێژتنی بەندەی یەزدان 
13
ببینە، بەندەکەم وا بە وریاییەوە هەڵسوکەوت دەکات،
بەرز و بڵند و زۆر پایەبەرز دەبێت.
14
وەک ئەوەی زۆر کەس واقیان لێی وڕما،
دیمەنی وەک مرۆڤ نەبوو،
وێنەی لە ئادەمیزاد نەدەچوو،
15
ئاوا زۆر لە نەتەوەکان لێی سەرسام دەبن،
لەبەر ئەو پاشایان دەمی خۆیان دەگرن،
چونکە ئەوەی بۆیان باس نەکرابوو دەیبینن،
ئەوەی نەیانبیستبوو تێی دەگەن.