عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕزگاریی هه‌تاهه‌تایی بۆ ئیسرائیل 
1
«ئه‌ی ئه‌وانه‌ی دوای ڕاستودروستی كه‌وتوون، گوێم لێ بگرن،
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ڕوو له‌ یه‌زدان ده‌كه‌ن:
ته‌ماشای ئه‌و تاشه‌به‌رده‌ بكه‌ن كه‌ لێوه‌ی بڕاون و
كونی ئه‌و چاڵه‌ی لێوه‌ی هه‌ڵكه‌نراون،
2
ته‌ماشای ئیبراهیمی باوكتان بكه‌ن و
سارا ئه‌وه‌ی ئێوه‌ی بووه‌،
چونكه‌ كه‌ بانگم كرد ته‌نها یه‌ك كه‌س بوو،
به‌ره‌كه‌تدارم كرد و زۆرم كرد.
3
بێگومان یه‌زدان دڵنه‌وایی سییۆن ده‌كات،
دڵنه‌وایی هه‌موو كاولبووه‌كانی ده‌كات.
چۆڵه‌وانییه‌كانی وه‌ك عه‌ده‌ن لێ ده‌كات و
شیوه‌ وشكه‌كانی وه‌ك باخچه‌ی یه‌زدان.
شادی و خۆشی تێدا ده‌بینرێته‌وه‌،
سوپاس و ده‌نگی مۆسیقا.
4
«ئه‌ی گه‌لی من، گوێم لێ بگرن،
ئه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌م، گوێم بۆ شل بكه‌ن،
چونكه‌ فێركردن له‌لای منه‌وه‌ ده‌رده‌چێت و
دادپه‌روه‌ریم بۆ ڕووناكی گه‌لان ده‌چه‌سپێنم.
5
ڕاستودروستیم نزیكه‌،
ڕزگاریم به‌ڕێوه‌یه‌،
بازووی من دادوه‌ری بۆ گه‌لان ده‌كات.
دوورگه‌كان چاوه‌ڕێی منن،
هیوایان به‌ بازووی منه‌.
6
چاوتان بۆ ئاسمان هه‌ڵبڕن و
له‌ ژێره‌وه‌ سه‌یری زه‌وی بكه‌ن،
چونكه‌ ئاسمان وه‌ك دووكه‌ڵ ده‌ڕه‌وێته‌وه‌ و
زه‌وی وه‌ك جل داده‌ڕزێت و
دانیشتووانه‌كه‌ی وه‌ك مێشووله‌ ده‌مرن.
به‌ڵام ڕزگاریی من بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ده‌بێت،
ڕاستودروستیشم هه‌رگیز ناڕووخێت.
7
«ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ڕاستودروستی ده‌زانن، گوێم لێ بگرن،
ئه‌ی ئه‌و گه‌له‌ی فێركردنه‌كه‌م له‌ناو دڵیانه‌:
مه‌ترسن له‌وه‌ی خه‌ڵكی گاڵته‌تان پێ بكه‌ن،
له‌ جنێوه‌كانیان مه‌تۆقن.
8
چونكه‌ وه‌ك كراس مۆرانه‌ ده‌یانخوات و
وه‌ك خوری كرم لێیان ده‌دات،
به‌ڵام ڕاستودروستی من بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ده‌بێت و
ڕزگاریشم بۆ نه‌وه‌ی نه‌وه‌كان.»
9
به‌ئاگا به‌، به‌ئاگا به‌! هێز له‌به‌ر بكه‌،
ئه‌ی بازووی یه‌زدان،
به‌ئاگا به‌ وه‌ك له‌ ڕۆژگاره‌ دێرینه‌كان،
وه‌ك له‌ سه‌رده‌مانی پێشوو!
ئایا تۆ نه‌بوویت كه‌ ڕه‌هه‌ڤت له‌تكرد،
كه‌ ئه‌و ئه‌ژدیهایه‌ت به‌ سه‌ختی پێكا؟
10
ئایا تۆ نه‌بوویت ده‌ریات وشك كرد،
ئاوی ده‌ریا گه‌وره‌كه‌ی ژێر زه‌وی[a] ،
ئه‌وه‌ی قووڵایی ده‌ریای كرده‌ ڕێگا
بۆ په‌ڕینه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی كڕاونه‌ته‌وه‌؟
11
جا ئه‌وانه‌ی یه‌زدان كڕیونیه‌تیه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌،
به‌ هاواری خۆشییه‌وه‌ بۆ سییۆن دێن،
شادییه‌كی هه‌تاهه‌تایی له‌سه‌ر سه‌ریانه‌.
خۆشی و شادی پێیان ده‌گه‌ن و
ناخۆشی و ئاخ هه‌ڵكێشان هه‌ڵدێن.
12
«منم، منم كه‌ دڵنه‌واییتان ده‌كه‌م.
تۆ كێیت له‌ مرۆڤ ده‌ترسیت كه‌ ده‌مرێت،
یاخود له‌ ئاده‌میزاد كه‌ وه‌ك گیای لێدێت؟
13
تۆ كێیت هه‌تا یه‌زدان له‌یاد بكه‌یت كه‌ دروستی كردوویت،
كه‌ ئاسمانی لێككردووه‌ته‌وه‌ و
زه‌وی دامه‌زراندووه‌،
كه‌ به‌رده‌وام هه‌موو ڕۆژێك زه‌نده‌قت چووه‌
له‌ تووڕه‌یی ته‌نگاوكه‌ر،
كه‌ ئاماده‌ی كردووه‌ بۆ له‌ناوبردن؟
به‌ڵام كوا تووڕه‌یی ته‌نگاوكه‌ر؟
14
به‌م نزیكانه‌ گه‌له‌ دیله‌كه‌ ئازاد ده‌كرێن،
له‌ناو زیندان نامرن،
نانیان كه‌م نابێت،
15
چونكه‌ من یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانم،
ئه‌وه‌ی ده‌ریا ده‌هه‌ژێنێت و شه‌پۆله‌كانی ده‌وروژێنێت،
ناوم یه‌زدانی سوپاسالاره‌.
16
من وته‌كانم خستووه‌ته‌ ده‌می تۆوه‌ و
به‌ سێبه‌ری ده‌ستم تۆم شاردووه‌ته‌وه‌،
من كه‌ ئاسمانم چاند و
كه‌ زه‌ویم دامه‌زراند،
كه‌ به‌ سییۆن بڵێم: ”تۆ گه‌لی منیت.“»
جامی تووڕه‌یی یه‌زدان 
17
به‌ئاگا به‌! به‌ئاگا به‌!
ئۆرشه‌لیم هه‌سته‌!
ئه‌وه‌ی جامی تووڕه‌ییت
به‌ ده‌ستی یه‌زدان خوارده‌وه‌،
خڵتی جامی به‌لاداهاتنت
خوارده‌وه‌ و چۆڕاندته‌وه‌.
18
كه‌س نییه‌ ڕێنمایی بكات
له‌ هه‌موو ئه‌و كوڕانه‌ی بۆی له‌دایك بوون،
كه‌س نییه‌ ده‌ستی بگرێت
له‌ هه‌موو ئه‌و كوڕانه‌ی به‌خێوی كردن.
19
كاره‌ساته‌كان به‌ جووت به‌ پیرته‌وه‌ هاتوون،
كاولبوون و وردوخاشبوون، قاتوقڕی و شمشێر.
كێ ده‌توانێت بۆت بلاوێنێته‌وه‌؟
كێ ده‌توانێت دڵنه‌واییت بكات؟
20
كوڕه‌كانت گڕمۆڵه‌ بوون و ڕاكشان
له‌سه‌ر سووچی هه‌موو شه‌قامێك
وه‌ك ئاسك له‌ناو تۆڕدا.
پڕن له‌ تووڕه‌یی یه‌زدان و
له‌ سه‌رزه‌نشتی خودات.
21
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێستا گوێ له‌مه‌ بگره‌ ئه‌ی زه‌لیله‌كه‌،
ئه‌ی سه‌رخۆش، به‌بێ شه‌راب سه‌رخۆش بوویت.
22
یه‌زدانی باڵاده‌ستت ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت،
خوداكه‌ت كه‌ پشتگیری گه‌له‌كه‌ی خۆی ده‌كات:
«ئێستا ئه‌و جامه‌ له‌ ده‌ستت ده‌به‌م كه‌ وا ده‌كات به‌لادابێیت،
له‌مه‌ودوا له‌و جامه‌ی كه‌ جامی تووڕه‌یی منه‌ ناخۆیته‌وه‌.
23
دامه‌ ده‌ست ئه‌شكه‌نجه‌ده‌رانت،
ئه‌وانه‌ی به‌ گیانی تۆیان گوت:
”بچه‌مێوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بپه‌ڕینه‌وه‌.“
جا پشتت وه‌ك زه‌وی دانا
وه‌ك شه‌قام بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌په‌ڕنه‌وه‌.»
  1. a. 51‏:10 به‌پێی بیروباوه‌ڕی خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كۆن (ده‌ریای ژێر زه‌وی) هه‌بوو كه‌ له‌ژێر زه‌وی بوو و سه‌رچاوه‌ی كانیاو و ڕووباره‌كان بوو.