عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گوناهی ئیسرائیل و ملکەچی بەندە 
1
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«کوا تەڵاقنامەی دایکتان
ئەوەی کە من بەڕەڵام کرد پێی؟
یان خاوەن قەرزەکانم کێن،
ئەوانەی ئێوەم پێی فرۆشتووە؟
ئەوەتا لەبەر تاوانەکانتان فرۆشران،
لەبەر یاخیبوونەکانتان دایکتان بەڕەڵا کرا.
2
بۆچی هاتم و کەس نەبوو؟
بانگم کرد و کەس وەڵامی نەدایەوە؟
ئایا دەستکورت بووم لە کڕینەوە؟
ئایا توانای فریاکەوتنم نییە؟
ئەوەتا بە ڕاخوڕینم دەریا وشک دەکەم،
ڕووبارەکان دەکەم بە چۆڵەوانی،
لەبەر بێ ئاوی ماسییەکانی بۆگەن دەبن،
لە تینووان دەمرن.
3
تاریکی دەکەمە بەر ئاسمان،
گوش دەکەم بە پۆشاکی.»
4
یەزدانی باڵادەست زمانی فێربووانی پێم بەخشی
بۆ ئەوەی بزانم کە چۆن بە قسە یارمەتی ماندوو بدەم.
هەموو بەیانییەک بەخەبەرم دەهێنێتەوە،
گوێی من بەئاگا دەهێنێت
بۆ سەرنجدان وەک قوتابی.
5
یەزدانی باڵادەست گوێیەکانی منی کردەوە،
منیش یاخی نەبووم،
بەرەو دوا هەڵنەگەڕامەوە.
6
پشتم ڕاگرت بۆ ئەوەی لێی بدەن،
ڕوومەتیشم بۆ ئەوەی ڕیشم بڕننەوە.
ڕووی خۆمم دانەپۆشی لە
گاڵتەپێکردن و تفلێکردن.
7
لەبەر ئەوەی یەزدانی باڵادەست یارمەتیم دەدات،
ڕیسوا نابم،
لەبەر ئەوە ڕووی خۆمم وەک بەردەئەستێ لێکرد،
دەزانم شەرمەزار نابم.
8
ئەوەی بێتاوانم دەکات نزیکە،
کێ سکاڵا لە من دەکات؟
با پێکەوە ڕابوەستین،
کێ خاوەنی سکاڵایە لە دژی من؟
با لێم بێتە پێش!
9
ئەوەتا یەزدانی باڵادەست یارمەتیم دەدات،
ئیتر کێ تاوانبارم دەکات؟
ئەوەتا هەموویان وەک کراس دادەڕزێن،
مۆرانە دەیانخوات.
10
کێ لە ئێوە لە یەزدان دەترسێت و
گوێڕایەڵی بەندەکەی دەبێت؟
ئەوەی بە تاریکیدا دەڕوات و
ڕووناکی نابینێت،
با پشت بە ناوی یەزدان ببەستێت و
پاڵ بداتە پاڵ خودای خۆی.
11
بەڵام ئەی هەموو ئەوانەی ئاگر دەکەنەوە،
مەشخەڵ داگیرسێنن،
بڕۆن بە ڕووناکی ئاگرەکەی خۆتان و
بەو مەشخەڵانەی داتانگیرساند.
لە دەستی منەوە ئەمەتان بۆ دەبێت
لەناو ئازاردا ڕادەکشێن.