عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- تاکە ڕزگارکەری ئیسرائیل
- 1
- ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
بەدیهێنەرت، ئەی یاقوب،
شێوەکێشت، ئەی ئیسرائیل:
«مەترسە، چونکە تۆم کڕیوەتەوە،
بە ناوی خۆتەوە بانگم کردوویت، تۆ هی منیت. - 2
- کە بەناو ئاودا بپەڕیتەوە، من لەگەڵتدام،
بەناو ڕووبارەکانیشدا، نوقومت ناکەن.
بەناو ئاگردا بڕۆیت، داغ نابیت،
بڵێسەش ناتسووتێنێت، - 3
- چونکە من یەزدانم، خودای تۆم،
پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ڕزگارکەری تۆ.
میسرم کردووە بە کەفارەتی تۆ،
کوش و سەبا لە جێی تۆ. - 4
- لەبەر ئەوەی تۆ بەنرخ بوویت لەلام،
سەنگین بوویت و من خۆشم ویستیت،
لە جێی تۆ خەڵکی دەدەم،
لە جیاتی گیانت نەتەوەکان. - 5
- مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام.
لە ڕۆژهەڵاتەوە نەوەکانت دەهێنم و
لە ڕۆژئاواوە کۆت دەکەمەوە. - 6
- بە باکوور دەڵێم: ”بیاندەرێ!“ و
بە باشووریش: ”مەیانگرە!“
کوڕانم لە دوورەوە بهێنە و
کچانم لەوپەڕی زەوییەوە. - 7
- هەموو ئەوانەی بە ناوی منەوە بانگ دەکرێن،
بۆ شکۆمەندیی خۆم بەدیم هێناون،
شێوەم کێشاون و دروستم کردوون.» - 8
- دەریبخە ئەو گەلەی کوێرە، بەڵام چاوی هەیە،
کەڕە، بەڵام گوێی هەیە. - 9
- با هەموو نەتەوەکان پێکەوە کۆببنەوە،
با نەتەوەکان خڕ ببنەوە.
کێ لەوان ئەمە ڕادەگەیەنێت و
سەرەتاکانمان پێ دەڵێت؟
با شایەتەکانیان بهێننە پێش و ڕاستی پێشبینییەکانیان دەربخەن،
یان گوێیان لێ بێت و بڵێن: «ڕاستە.» - 10
- یەزدان دەفەرموێت: «ئێوە شایەتی منن،
بەندەی هەڵبژاردەم،
بۆ ئەوەی بزانن و باوەڕم پێ بهێنن و
تێبگەن کە من ئەوم،
پێش من شێوەی هیچ خودایەک نەکێشراوە و
پاش منیش نابێت. - 11
- منم، منم یەزدان،
لە من بەولاوە ڕزگارکەر نییە. - 12
- من ئاشکرام کرد و ڕزگارم کرد و ڕامگەیاند،
منم، نەک خوداوەندێکی بێگانە لەنێوتاندا بێت.
ئێوە شایەتی منن کە من خودام.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. - 13
- «لەو ڕۆژەوە من ئەوم،
کەس لە دەستم دەرباز نابێت.
هەرچی بکەم، کێ ڕەتی دەکاتەوە؟» - بەزەیی خودا و بێوەفایی ئیسرائیل
- 14
- یەزدان ئەوەی دەتانکڕێتەوە،
پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت:
«لە پێناوی ئێوە دەنێرم بۆ بابل و
هەموو هەڵاتووەکانی بەدەردەنێم،
بابلییەکانیش بەو کەشتییانەی کە هاواری شادییان تێدا کردبوون. - 15
- منم یەزدان، پیرۆزەکەتان،
بەدیهێنەری ئیسرائیل، پاشاکەتان.» - 16
- یەزدان، ئەوەی لەناو دەریا ڕێگای داناوە،
لەناو ئاوە بەهێزەکان ڕێچکە، - 17
- ئەوەی گالیسکە و ئەسپی دەرکرد،
سوپا و هێزی پێکەوە ڕاکێشا و هەڵنەستانەوە،
کپ بوون، وەک پڵیتەیەک کوژانەوە،
ئەو ئەمە دەفەرموێت: - 18
- «باسی سەرەتاکان مەکەن،
لە دێرینەکان ڕامەمێنن. - 19
- ئەوەتا من شتێکی نوێ دەکەم!
ئێستا سەرهەڵدەدات، ئایا نایزانن؟
لە چۆڵەوانی ڕێگا دادەنێم و
لە بیابان ڕووبارەکان. - 20
- ئاژەڵە کێوییەکان شکۆمەندم دەکەن،
چەقەڵ و کوندەپەپوو،
چونکە ئاوم خستە چۆڵەوانییەوە،
ڕووبارەکان لە بیاباندا
بۆ ئاودانی گەلەکەم، هەڵبژاردەکەم، - 21
- ئەم گەلە بۆ خۆم شێوەم کێشاوە
باسی ستایشم دەکەن. - 22
- «بەڵام نزاتان بۆ نەکردم، ئەی یاقوب،
لە پێناوی من کۆششتان نەکرد، ئەی ئیسرائیل. - 23
- بەرخی قوربانی سووتاندنەکەی خۆتت بۆ من نەهێنا،
بە قوربانییە سەربڕدراوەکانت ڕێزت لێ نەگرتم.
بە پێشکەشکراوی دانەوێڵە بارگرانم نەکردیت،
بە قوربانی بخوور ماندووم نەکردیت. - 24
- بە زیوەکەت قامیشی بۆنخۆشت بۆ نەکڕیم،
بە پیوی قوربانییە سەربڕدراوەکانت تێرت نەکردم،
بەڵکو بە گوناهەکانت بارگرانت کردم،
بە تاوانەکانت ماندووت کردم. - 25
- «منم، منم کە یاخیبوونەکانت دەسڕمەوە،
لە پێناو خۆم،
گوناهەکانیشت بەبیری خۆم ناهێنمەوە. - 26
- بەبیرم بخەرەوە،
با پێکەوە بکەوینە دادگاییکردن،
بە بەڵگە بێتاوانییەکەت بسەلمێنە. - 27
- باوکی یەکەمت گوناهی کرد و
پەیوەندی ڕێکخەرانت لێم یاخی بوون. - 28
- لەبەر ئەوە میرانی پیرۆزگا گڵاو دەکەم و
یاقوب دەدەمە قڕکردن[a] و
ئیسرائیلیش بۆ جنێوپێدان.
- a. 43:28 قڕکردن: لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.