عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
به‌نده‌ی یه‌زدان 
1
«ئه‌وه‌تا خزمه‌تكاره‌كه‌م، ئه‌وه‌ی پشتیوانی ده‌كه‌م،
هه‌ڵبژارده‌كه‌م كه‌ پێی دڵشادم،
ڕۆحی خۆمی ده‌خه‌مه‌ سه‌ر،
دادپه‌روه‌ری بۆ نه‌ته‌وه‌كان به‌رپا ده‌كات.
2
هاوار ناكات و ده‌نگی به‌رز ناكاته‌وه‌ و
له‌ شه‌قامدا نابیسترێت.
3
قامیشێكی كوتراو ناشكێنێت
پڵیته‌یه‌كی پرته‌پرتكه‌ر ناكوژێنێته‌وه‌.
به‌ ڕاستییه‌وه‌ دادپه‌روه‌ری ده‌رده‌خات.
4
نه‌ ماندوو ده‌بێت و نه‌ وردوخاش ده‌بێت
تاكو ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی دادپه‌روه‌ری به‌رقه‌رار ده‌كات.
دوورگه‌كان هیوایان به‌ فێركردنه‌كانی ئه‌و ده‌بێت.»
5
خودای په‌روه‌ردگار، به‌دیهێنه‌ری ئاسمان و لێككه‌ره‌وه‌ی،
ڕاخه‌ری زه‌وی و ئه‌وه‌ی لێی به‌رهه‌م دێت،
هه‌ناسه‌ی داوه‌ به‌و گه‌له‌ی له‌سه‌ریه‌تی،
ڕۆحیش به‌وانه‌ی هاتوچۆی تێدا ده‌كه‌ن،
ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
6
«من یه‌زدانم، به‌ ڕاستودروستی بانگم كردیت،
جا ده‌ستت ده‌گرم و ده‌تپارێزم،
ده‌تكه‌مه‌ په‌یمان بۆ گه‌ل و ڕووناكی بۆ نه‌ته‌وه‌كان.
7
بۆ ئه‌وه‌ی چاوی نابیناكان بكه‌یته‌وه‌،
بۆ ئه‌وه‌ی دیله‌كان له‌ زیندان ده‌ربهێنیت،
له‌ به‌ندیخانه‌ش دانیشتووان له‌ تاریكی.
8
«من یه‌زدانم، ئه‌مه‌یه‌ ناوم و
شكۆمه‌ندی خۆم ناده‌مه‌ كه‌سی دیكه‌ و
ستایشم ناده‌مه‌ بته‌ تاشراوه‌كان.
9
ببینن، ئه‌وه‌ی له‌ ڕابردوو گوترا هاته‌ دی،
ئێستاش شتی نوێتان پێ ڕاده‌گه‌یه‌نم،
پێش ئه‌وه‌ی سه‌ر ده‌ربێنێت
من پێتانی ده‌ڵێم.»
گۆرانی ستایش بۆ یه‌زدان 
10
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی داده‌به‌زنه‌ ناو ده‌ریا و هه‌موو ئه‌وانه‌ی تێیدان،
دوورگه‌كان و دانیشتووانه‌كانیان،
گۆرانییه‌كی نوێ بۆ یه‌زدان بڵێن،
ستایشیشی له‌وپه‌ڕی زه‌وییه‌وه‌.
11
با چۆڵه‌وانی و شارۆچكه‌كانی ده‌نگ به‌رز بكه‌نه‌وه‌،
گونده‌كانی نشینگه‌ی قێدار.
با دانیشتووانی سه‌له‌ع هاواری خۆشی بكه‌ن،
له‌ ترۆپكی چیاكانه‌وه‌ هاوار بكه‌ن.
12
با شكۆمه‌ندی به‌ یه‌زدان بده‌ن،
له‌ دوورگه‌كان ستایشی ڕابگه‌یه‌نن.
13
یه‌زدان وه‌ك پاڵه‌وان دێته‌ ده‌ره‌وه‌،
وه‌ك جه‌نگاوه‌ر دڵگه‌رمی ده‌هه‌ژێت،
هاوار ده‌كات و نه‌عره‌ته‌ی جه‌نگ ده‌كێشێت،
به‌سه‌ر دوژمنانیدا سه‌رده‌كه‌وێت.
14
«زۆر ده‌مێكه‌ كپ بووم،
بێده‌نگ بووم و دانم به‌ خۆمدا گرت.
به‌ڵام ئێستا وه‌ك ژنێك كه‌ منداڵی ببێت ده‌قیژێنم،
هه‌ناسه‌ ده‌ده‌م و هه‌ناسه‌ هه‌ڵده‌كێشم پێكه‌وه‌.
15
چیا و گرده‌كان تێكده‌ده‌م،
هه‌موو گیاوگوڵیان وشك ده‌كه‌م.
ڕووبار ده‌كه‌مه‌ دوورگه‌ و
گۆلاوه‌كان وشك ده‌كه‌م.
16
نابیناكان به‌ ڕێگایه‌كدا ده‌به‌م شاره‌زای نه‌بن،
به‌ ڕێچكه‌یه‌كدا هاتوچۆیان پێ ده‌كه‌م كه‌ نایزانن،
تاریكی له‌به‌رده‌میاندا ده‌كه‌م به‌ ڕووناكی،
ڕێگا خواره‌كانیش به‌ ڕاسته‌ ڕێ.
ئه‌م شتانه‌ ده‌كه‌م و
به‌جێیان ناهێڵم.
17
به‌ڵام ئه‌وانه‌ی پشت به‌ بتی داڕێژراو ده‌به‌ستن،
ئه‌وانه‌ی به‌ په‌یكه‌ری داتاشراو ده‌ڵێن، ”ئێوه‌ خوداوه‌ندی ئێمه‌ن،“
به‌ره‌و دواوه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و به‌ ته‌واوی شه‌رمه‌زار ده‌بن.
ئیسرائیلی كوێر و كه‌ڕ 
18
«ئه‌ی كه‌ڕه‌كان گوێ بگرن!
ئه‌ی كوێره‌كان سه‌یر بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ببینن!
19
كێ كوێره‌ ته‌نها به‌نده‌كه‌م[a] نه‌بێت،
یان كه‌ڕه‌ وه‌ك نێردراوه‌كه‌م كه‌ ده‌ینێرم؟
كێ كوێره‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌واوه‌ و
كوێره‌ وه‌ك به‌نده‌ی یه‌زدان؟
20
زۆرت بینیوه‌ و سه‌رنجت نه‌داوه‌،
گوێیه‌كانت كراونه‌ته‌وه‌ و نه‌تبیستووه‌.»
21
یه‌زدان دڵخۆشه‌ له‌ پێناوی ڕاستودروستی خۆی،
فێركردنه‌كانی خۆی به‌ گه‌وره‌ داده‌نێت و ڕێزی لێ ده‌گرێت.
22
به‌ڵام ئه‌و گه‌لێكی تاڵانكراو و ڕووتكراوه‌یه‌
هه‌موو كه‌وتوونه‌ته‌ چاڵه‌وه‌،
له‌ به‌ندیخانه‌كان خۆیان شاردووه‌ته‌وه‌،
بوون به‌ تاڵانی و كه‌س فریایان نه‌كه‌وت،
ڕووتكرانه‌وه‌ و كه‌س نه‌بوو بڵێت، «ده‌ست بگێڕه‌وه‌!»
23
كێ له‌ ئێوه‌ گوێ له‌مه‌ ده‌گرێت
گوێ شل ده‌كات و هه‌تا كۆتایی ده‌بیستێت؟
24
كێ یاقوبی دایه‌ ده‌ست ڕووتكردنه‌وه‌ و
ئیسرائیلیش بۆ تاڵانكاران؟
ئایا یه‌زدان نییه‌
كه‌ گوناهمان ده‌رهه‌قی كرد و
نه‌یانویست ڕێگاكانی بگرنه‌به‌ر و
گوێیان له‌ فێركردنه‌كانی نه‌گرت؟
25
ئیتر گڕی تووڕه‌یی خۆی به‌سه‌ردا ڕشتن،
به‌ جه‌نگێكی سه‌خت،
له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ گڕی تێبه‌ردان، به‌ڵام پێیان نه‌زانی،
سووتاندنی، به‌ڵام نه‌چووه‌ مێشكیانه‌وه‌.
  1. a. 42‏:19 مه‌به‌ست له‌ گه‌لی ئیسرائیل و پێغه‌مبه‌ره‌كانه‌.