عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بەندەی یەزدان
- 1
- «ئەوەتا خزمەتکارەکەم، ئەوەی پشتیوانی دەکەم،
 هەڵبژاردەکەم کە پێی دڵشادم،
 ڕۆحی خۆمی دەخەمە سەر،
 دادپەروەری بۆ نەتەوەکان بەرپا دەکات.
- 2
- هاوار ناکات و بانگ ناکات و
 دەنگی لە شەقامەکان نابیسترێت.
- 3
- قامیشێکی کوتراو ناشکێنێت،
 پڵیتەیەکی پرتەپرتکەر ناکوژێنێتەوە.
 بە ڕاستییەوە دادپەروەری دەردەخات.
- 4
- نە ماندوو دەبێت و نە وردوخاش دەبێت
 هەتا ئەوەی لەسەر زەوی دادپەروەری بەرقەرار دەکات.
 دوورگەکان هیوایان بە فێرکردنەکانی ئەو دەبێت.»
- 5
- خودای پەروەردگار، بەدیهێنەری ئاسمان و لێککەرەوەی،
 ڕاخەری زەوی و ئەوەی لێی بەرهەم دێت،
 هەناسەی داوە بەو گەلەی لەسەریەتی،
 ڕۆحیش بەوانەی هاتوچۆی تێدا دەکەن،
 ئەمە دەفەرموێت:
- 6
- «من یەزدانم، بە ڕاستودروستی بانگم کردیت،
 جا دەستت دەگرم و دەتپارێزم،
 دەتکەمە پەیمان بۆ گەل و ڕووناکی بۆ نەتەوەکان.
- 7
- بۆ ئەوەی چاوی نابیناکان بکەیتەوە،
 بۆ ئەوەی دیلەکان لە زیندان دەربهێنیت،
 لە بەندیخانەش دانیشتووان لە تاریکی.
- 8
- «من یەزدانم، ئەمەیە ناوم و
 شکۆمەندی خۆم نادەمە کەسی دیکە و
 ستایشم نادەمە بتە تاشراوەکان.
- 9
- ببینن، ئەوەی لە ڕابردوو گوترا هاتە دی،
 ئێستاش شتی نوێتان پێ ڕادەگەیەنم،
 پێش ئەوەی سەر دەربێنێت
 من پێتانی دەڵێم.»
- گۆرانی ستایش بۆ یەزدان
- 10
- ئەی ئەوانەی دادەبەزنە ناو دەریا و هەموو ئەوانەی تێیدان،
 دوورگەکان و دانیشتووانەکانیان،
 گۆرانییەکی نوێ بۆ یەزدان بڵێن،
 ستایشیشی لەوپەڕی زەوییەوە.
- 11
- با چۆڵەوانی و شارۆچکەکانی دەنگ بەرز بکەنەوە،
 گوندەکانی نشینگەی قێدار.
 با دانیشتووانی سەلەع هاواری خۆشی بکەن،
 لە ترۆپکی چیاکانەوە هاوار بکەن.
- 12
- با شکۆمەندی بە یەزدان بدەن،
 لە دوورگەکان ستایشی ڕابگەیەنن.
- 13
- یەزدان وەک پاڵەوان دێتە دەرەوە،
 وەک جەنگاوەر دڵگەرمی دەهەژێت،
 هاوار دەکات و نەعرەتەی جەنگ دەکێشێت،
 بەسەر دوژمنانیدا سەردەکەوێت.
- 14
- «زۆر دەمێکە کپ بووم،
 بێدەنگ بووم و دانم بە خۆمدا گرت.
 بەڵام ئێستا وەک ژنێک کە منداڵی ببێت دەقیژێنم،
 هەناسە دەدەم و هەناسە هەڵدەکێشم پێکەوە.
- 15
- چیا و گردەکان تێکدەدەم،
 هەموو گیاوگوڵیان وشک دەکەم.
 ڕووبار دەکەمە دوورگە و
 گۆلاوەکان وشک دەکەم.
- 16
- نابیناکان بە ڕێگایەکدا دەبەم شارەزای نەبن،
 بە ڕێچکەیەکدا هاتوچۆیان پێ دەکەم کە نایزانن،
 تاریکی لەبەردەمیاندا دەکەم بە ڕووناکی،
 ڕێگا خوارەکانیش بە ڕاستە ڕێ.
 ئەم شتانە دەکەم و
 بەجێیان ناهێڵم.
- 17
- بەڵام ئەوانەی پشت بە بتی داڕێژراو دەبەستن،
 ئەوانەی بە پەیکەری داتاشراو دەڵێن، ”ئێوە خوداوەندی ئێمەن،“
 بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە و بە تەواوی شەرمەزار دەبن.
- ئیسرائیلی کوێر و کەڕ
- 18
- «ئەی کەڕەکان گوێ بگرن!
 ئەی کوێرەکان سەیر بکەن بۆ ئەوەی ببینن!
- 19
- کێ کوێرە تەنها بەندەکەم[a]  نەبێت،
 یان کەڕە وەک نێردراوەکەم کە دەینێرم؟
 کێ کوێرە وەک ئەوەی تەواوە و
 کوێرە وەک بەندەی یەزدان؟
- 20
- زۆرت بینیوە و سەرنجت نەداوە،
 گوێیەکانت کراونەتەوە و نەتبیستووە.»
- 21
- یەزدان دڵخۆشە لە پێناوی ڕاستودروستی خۆی،
 فێرکردنەکانی خۆی بە گەورە دادەنێت و ڕێزی لێ دەگرێت.
- 22
- بەڵام ئەو گەلێکی تاڵانکراو و ڕووتکراوەیە
 هەموو کەوتوونەتە چاڵەوە،
 لە بەندیخانەکان خۆیان شاردووەتەوە،
 بوون بە تاڵانی و کەس فریایان نەکەوت،
 ڕووتکرانەوە و کەس نەبوو بڵێت، «دەست بگێڕەوە!»
- 23
- کێ لە ئێوە گوێ لەمە دەگرێت،
 گوێ شل دەکات و هەتا کۆتایی دەبیستێت؟
- 24
- کێ یاقوبی دایە دەست ڕووتکردنەوە و
 ئیسرائیلیش بۆ تاڵانکاران؟
 ئایا یەزدان نییە
 کە گوناهمان دەرهەقی کرد و
 نەیانویست ڕێگاکانی بگرنەبەر و
 گوێیان لە فێرکردنەکانی نەگرت؟
- 25
- ئیتر گڕی تووڕەیی خۆی بەسەردا ڕشتن،
 بە جەنگێکی سەخت،
 لە هەموو لایەکەوە گڕی تێبەردان، بەڵام پێیان نەزانی،
 سووتاندنی، بەڵام نەچووە مێشکیانەوە.
- a. 42:19 مەبەست لە گەلی ئیسرائیل و پێغەمبەرەکانە.

