عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- یارمەتیدەری ئیسرائیل
- 1
- «ئەی خەڵکی دوورگەکان لەبەردەمم بێدەنگ بن!
با نەتەوەکان هێزیان نوێ بکەنەوە!
با نزیک بنەوە ئینجا قسە بکەن،
با پێکەوە بچینە دادگاییکردن. - 2
- «کێ لە ڕۆژهەڵاتەوە کەسە سەرکەوتووەکەی هەستاندووە،
ئەوەی بە ڕاستودروستی بانگی کرد بۆ خزمەتەکەی؟
نەتەوەکانی دەداتە پێشی،
پاشایان ژێردەستەی دەکات.
بە شمشێرەکەی وەک خۆڵیان لێ دەکات،
بە کەوانەکەی وەک سەرکۆزەری بەباکراو. - 3
- ڕاویان دەنێت، بە سەلامەتی تێدەپەڕێت،
بە ڕێگایەکدا کە پێیەکانی پێیدا نەڕۆیشتوون. - 4
- کێ کردوویەتی و کێ ئەنجامی داوە،
لە سەرەتاوە بانگی نەوەکانی کردووە؟
من یەزدانم،
لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، من هەر ئەوم.» - 5
- دوورگەکان تەماشایان کردووە و دەترسن،
هەر چوار لای زەوی دەلەرزن،
نزیک بوونەوە و دێن، - 6
- هەریەکە و هاوکاری برادەرەکەی دەکات،
بە براکەی دەڵێت: «ورەت بەرز بێت!» - 7
- دارتاش زێڕنگەر هاندەدات،
ئەوەی بە چەکوش لووس دەکات
ئاسنگەر هاندەدات لە دەستگاکەی بکوتێت،
بە جۆشکردن دەڵێت: «باشە.»
بە بزمارەکان توندی دەکات هەتا نەلەقێت. - 8
- «بەڵام تۆ ئەی ئیسرائیلی بەندەم،
ئەی یاقوب کە هەڵمبژاردووە،
توخمی ئیبراهیمی خۆشەویستم، - 9
- ئەوەی لەوپەڕی زەوییەوە تۆم گرت،
لە دوورترین گۆشەیەوە بانگم کردیت و
بە تۆم گوت: ”تۆ بەندەی منیت،“
تۆم هەڵبژاردووە و ڕەتم نەکردوویتەوە. - 10
- مەترسە، چونکە لەگەڵتدام،
مەپەشۆکێ، چونکە من خودای تۆم.
بەهێزت دەکەم و یارمەتیت دەدەم،
بە دەستی ڕاستی دادپەروەریم پشتیوانیت دەکەم. - 11
- «ئەوەتا شەرمەزار و ڕیسوا دەبن
هەموو ئەوانەی لە تۆ تووڕەن،
وەک هیچیان لێدێت و لەناودەچن
ئەوانەی دژایەتیت دەکەن. - 12
- بەدوایدا دەگەڕێیت و نایانبینیتەوە
ئەوانەی ناکۆکن لەگەڵت.
ئەوانەی لە دژت دەجەنگن
وەک هیچ و وەک نەبوو دەبن، - 13
- چونکە من یەزدانم، خودای تۆ،
ئەوەی دەستی ڕاستی گرتوویت،
ئەوەی پێت دەڵێت،
مەترسە، من یارمەتیت دەدەم. - 14
- مەترسە ئەی یاقوبی کرم،
ئەی ئیسرائیلی بچووک،
من یارمەتیت دەدەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە،
ئەوەی دەتکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل. - 15
- «ئەوەتا دەتکەمە جەنجەڕێکی
تیژی نوێی دداندار.
چیاکان دەکوتییەوە و وردوخاشیان دەکەیت،
گردەکان وەک کا لێ دەکەیت. - 16
- شەنیان دەکەیت و با هەڵیاندەگرێت،
ڕەشەبا پەرتوبڵاویان دەکات،
بەڵام تۆ بە یەزدان دڵخۆش دەبیت،
شانازی بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل دەکەیت. - 17
- «کڵۆڵ و هەژاران بەدوای ئاودا دەگەڕێن و نییە،
لە تینووێتییان زمانیان وشک بوو.
بەڵام من یەزدانم بە دەنگیانەوە دەچم،
خودای ئیسرائیلم بەجێیان ناهێڵم. - 18
- ڕووباری ڕۆیشتوو لە گردۆڵکەکان دەردەهێنم،
کانیاو لەناوەندی دۆڵەکانیش هەڵدەقوڵێنم.
چۆڵەوانی دەکەم بە گۆلاو،
زەوی وشک دەکەمە سەرچاوەی ئاو. - 19
- داری ئورز و ئەکاسیا[a] و مۆرد[b] و زەیتوون
لە چۆڵەوانی دەڕوێنم،
داری سنەوبەر و کاژ و سەروو پێکەوە
لە بیابان دادەنێم، - 20
- بۆ ئەوەی پێکەوە ببینن و بزانن و
سەرنج بدەن و تێبگەن
کە دەستی یەزدان ئەمەی کردووە و
خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل بەدییهێناوە.» - 21
- یەزدان دەفەرموێت: «بەرگری لە خۆتان بکەن.»
پاشای یاقوب دەفەرموێت: «بەڵگەکانتان بخەنە بەردەستم. - 22
- بتەکانتان بهێنن و با پێمان ڕابگەیەنن
ئەوەی ڕوودەدات.
ئەوانەی ڕابردوو چین، پێمان ڕابگەیەنن،
با مێشکمان بخەینە سەری و
بزانین کۆتاییەکەیان چییە.
یان داهاتوومان پێ بڵێن، - 23
- ئەوانەی لە داهاتوودا دێن، ڕایبگەیەنن
بۆ ئەوەی بزانین ئێوە خوداوەندەکانن،
هەرچی بێت بیکەن، چاکە یان خراپە،
هەتا پێکەوە سەرسام بین و ببینین. - 24
- بەڵام ئێوە هیچن و
کارەکانتان لە هیچ کەمترن،
قێزەونە ئەوەی ئێوە هەڵدەبژێرێت. - 25
- «لە باکوورەوە هەڵمستاند و هات.
لە ڕۆژهەڵاتەوە بە ناوی منەوە نزا دەکات،
بەسەر پارێزگارەکاندا دێت وەک بەسەر قوڕدا،
وەک گۆزەکەر قوڕ بشێلێت. - 26
- کێ لە سەرەتاوە ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی بزانین،
پێشوەخت، هەتا بڵێین: ”ڕاستودروستە؟“
بێگومان ڕاگەیەنەر نییە،
بێگومان بەگوێدادەر نییە،
بێگومان گوێگری وشەکانتان نییە. - 27
- سەرەتا بە سییۆن: ”ئەوەتا ئەوان!“
بە ئۆرشەلیمیش مزگێنیدەرم دا. - 28
- بینیم کەس نییە،
ئەمانە ڕاوێژکاریان تێدا نییە
هەتا پرسیاریان لێ بکەم و بە وشەیەک وەڵام بدەنەوە. - 29
- تەماشا بکە، هەموو هەڵخەڵەتێنەرن!
کارەکانیان هیچ نین،
بتە داتاشراوەکانیان بە وێنەی بایە و پووچن.
- a. 41:19 داری شەتیم.
- b. 41:19 مۆرد: دارێکە گەڵاکانی بەبریقە و سەوزێکی تۆخە، گوڵی سپی دەگرێت و بۆنی خۆشە، لە بێتلەحم و حەبرۆن هەیە. ئەو ناوەی ئێستا لە ڕۆژهەڵات بەکاریدەهێنن بۆی (ئاس)ـە.