عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یارمەتیدەری ئیسرائیل 
1
«ئەی خەڵکی دوورگەکان لەبەردەمم بێدەنگ بن!
با نەتەوەکان هێزیان نوێ بکەنەوە!
با نزیک بنەوە ئینجا قسە بکەن،
با پێکەوە بچینە دادگاییکردن.
2
«کێ لە ڕۆژهەڵاتەوە کەسە سەرکەوتووەکەی هەستاندووە،
ئەوەی بە ڕاستودروستی بانگی کرد بۆ خزمەتەکەی؟
نەتەوەکانی دەداتە پێشی،
پاشایان ژێردەستەی دەکات.
بە شمشێرەکەی وەک خۆڵیان لێ دەکات،
بە کەوانەکەی وەک سەرکۆزەری بەباکراو.
3
ڕاویان دەنێت، بە سەلامەتی تێدەپەڕێت،
بە ڕێگایەکدا کە پێیەکانی پێیدا نەڕۆیشتوون.
4
کێ کردوویەتی و کێ ئەنجامی داوە،
لە سەرەتاوە بانگی نەوەکانی کردووە؟
من یەزدانم،
لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، من هەر ئەوم.»
5
دوورگەکان تەماشایان کردووە و دەترسن،
هەر چوار لای زەوی دەلەرزن،
نزیک بوونەوە و دێن،
6
هەریەکە و هاوکاری برادەرەکەی دەکات،
بە براکەی دەڵێت: «ورەت بەرز بێت!»
7
دارتاش زێڕنگەر هاندەدات،
ئەوەی بە چەکوش لووس دەکات
ئاسنگەر هاندەدات لە دەستگاکەی بکوتێت،
بە جۆشکردن دەڵێت: «باشە.»
بە بزمارەکان توندی دەکات هەتا نەلەقێت.
8
«بەڵام تۆ ئەی ئیسرائیلی بەندەم،
ئەی یاقوب کە هەڵمبژاردووە،
توخمی ئیبراهیمی خۆشەویستم،
9
ئەوەی لەوپەڕی زەوییەوە تۆم گرت،
لە دوورترین گۆشەیەوە بانگم کردیت و
بە تۆم گوت: ”تۆ بەندەی منیت،“
تۆم هەڵبژاردووە و ڕەتم نەکردوویتەوە.
10
مەترسە، چونکە لەگەڵتدام،
مەپەشۆکێ، چونکە من خودای تۆم.
بەهێزت دەکەم و یارمەتیت دەدەم،
بە دەستی ڕاستی دادپەروەریم پشتیوانیت دەکەم.
11
«ئەوەتا شەرمەزار و ڕیسوا دەبن
هەموو ئەوانەی لە تۆ تووڕەن،
وەک هیچیان لێدێت و لەناودەچن
ئەوانەی دژایەتیت دەکەن.
12
بەدوایدا دەگەڕێیت و نایانبینیتەوە
ئەوانەی ناکۆکن لەگەڵت.
ئەوانەی لە دژت دەجەنگن
وەک هیچ و وەک نەبوو دەبن،
13
چونکە من یەزدانم، خودای تۆ،
ئەوەی دەستی ڕاستی گرتوویت،
ئەوەی پێت دەڵێت،
مەترسە، من یارمەتیت دەدەم.
14
مەترسە ئەی یاقوبی کرم،
ئەی ئیسرائیلی بچووک،
من یارمەتیت دەدەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە،
ئەوەی دەتکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل.
15
«ئەوەتا دەتکەمە جەنجەڕێکی
تیژی نوێی دداندار.
چیاکان دەکوتییەوە و وردوخاشیان دەکەیت،
گردەکان وەک کا لێ دەکەیت.
16
شەنیان دەکەیت و با هەڵیاندەگرێت،
ڕەشەبا پەرتوبڵاویان دەکات،
بەڵام تۆ بە یەزدان دڵخۆش دەبیت،
شانازی بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل دەکەیت.
17
«کڵۆڵ و هەژاران بەدوای ئاودا دەگەڕێن و نییە،
لە تینووێتییان زمانیان وشک بوو.
بەڵام من یەزدانم بە دەنگیانەوە دەچم،
خودای ئیسرائیلم بەجێیان ناهێڵم.
18
ڕووباری ڕۆیشتوو لە گردۆڵکەکان دەردەهێنم،
کانیاو لەناوەندی دۆڵەکانیش هەڵدەقوڵێنم.
چۆڵەوانی دەکەم بە گۆلاو،
زەوی وشک دەکەمە سەرچاوەی ئاو.
19
داری ئورز و ئەکاسیا[a] و مۆرد[b] و زەیتوون
لە چۆڵەوانی دەڕوێنم،
داری سنەوبەر و کاژ و سەروو پێکەوە
لە بیابان دادەنێم،
20
بۆ ئەوەی پێکەوە ببینن و بزانن و
سەرنج بدەن و تێبگەن
کە دەستی یەزدان ئەمەی کردووە و
خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل بەدییهێناوە.»
21
یەزدان دەفەرموێت: «بەرگری لە خۆتان بکەن.»
پاشای یاقوب دەفەرموێت: «بەڵگەکانتان بخەنە بەردەستم.
22
بتەکانتان بهێنن و با پێمان ڕابگەیەنن
ئەوەی ڕوودەدات.
ئەوانەی ڕابردوو چین، پێمان ڕابگەیەنن،
با مێشکمان بخەینە سەری و
بزانین کۆتاییەکەیان چییە.
یان داهاتوومان پێ بڵێن،
23
ئەوانەی لە داهاتوودا دێن، ڕایبگەیەنن
بۆ ئەوەی بزانین ئێوە خوداوەندەکانن،
هەرچی بێت بیکەن، چاکە یان خراپە،
هەتا پێکەوە سەرسام بین و ببینین.
24
بەڵام ئێوە هیچن و
کارەکانتان لە هیچ کەمترن،
قێزەونە ئەوەی ئێوە هەڵدەبژێرێت.
25
«لە باکوورەوە هەڵمستاند و هات.
لە ڕۆژهەڵاتەوە بە ناوی منەوە نزا دەکات،
بەسەر پارێزگارەکاندا دێت وەک بەسەر قوڕدا،
وەک گۆزەکەر قوڕ بشێلێت.
26
کێ لە سەرەتاوە ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی بزانین،
پێشوەخت، هەتا بڵێین: ”ڕاستودروستە؟“
بێگومان ڕاگەیەنەر نییە،
بێگومان بەگوێدادەر نییە،
بێگومان گوێگری وشەکانتان نییە.
27
سەرەتا بە سییۆن: ”ئەوەتا ئەوان!“
بە ئۆرشەلیمیش مزگێنیدەرم دا.
28
بینیم کەس نییە،
ئەمانە ڕاوێژکاریان تێدا نییە
هەتا پرسیاریان لێ بکەم و بە وشەیەک وەڵام بدەنەوە.
29
تەماشا بکە، هەموو هەڵخەڵەتێنەرن!
کارەکانیان هیچ نین،
بتە داتاشراوەکانیان بە وێنەی بایە و پووچن.
  1. a. 41‏:19 داری شەتیم.‏
  2. b. 41‏:19 مۆرد: دارێکە گەڵاکانی بەبریقە و سەوزێکی تۆخە، گوڵی سپی دەگرێت و بۆنی خۆشە، لە بێت‌لەحم و حەبرۆن هەیە. ئەو ناوەی ئێستا لە ڕۆژهەڵات بەکاریدەهێنن بۆی (ئاس)ـە.‏