عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
حه‌سانه‌وه‌ بۆ گه‌لی خودا 
1
دڵنه‌وایی گه‌له‌كه‌م بكه‌ن، دڵنه‌واییان بكه‌ن،
خوداتان ده‌فه‌رموێت،
2
به‌ دڵنه‌رمی له‌گه‌ڵ ئۆرشه‌لیم بدوێن،
پێی ڕابگه‌یه‌نن
كه‌ ڕه‌نجكێشانه‌كه‌ی ته‌واو بووه‌،
كه‌ تاوانه‌كه‌ی به‌خشراوه‌،
چونكه‌ به‌ ده‌ستی یه‌زدان
له‌سه‌ر گوناهه‌كانی دووقاتی وه‌رگرته‌وه‌.
3
كه‌سێك هاوار ده‌كات و ده‌ڵێت:
«له‌ چۆڵه‌وانی ڕێگا بۆ هاتنی یه‌زدان ئاماده‌ بكه‌ن،
له‌ بیابان شاڕێگا بۆ خودامان ڕێكبخه‌ن.
4
هه‌موو دۆڵێك هه‌ڵده‌چێت و
هه‌موو چیا و گردێك ڕۆده‌چێت.
خوار ڕاست ده‌بێته‌وه‌،
هه‌ورازیش ده‌بێت به‌ ده‌شت،
5
شكۆمه‌ندی یه‌زدان ده‌رده‌كه‌وێت و
هه‌موو مرۆڤایه‌تی پێكه‌وه‌ ده‌یبینن،
چونكه‌ ده‌می یه‌زدان فه‌رمووی.»
6
ده‌نگێك ده‌ڵێت: «بانگه‌واز بكه‌!»
منیش گوتم: «بانگه‌وازی چی بكه‌م؟»
«هه‌موو مرۆڤێك وه‌ك گژوگیا وایه‌ و
هه‌موو دڵسۆزییه‌كه‌ی وه‌ك گوڵی كێوی وایه‌.
7
گژوگیا وشك ده‌بێت و گوڵ هه‌ڵده‌وه‌رێ،
چونكه‌ هه‌ناسه‌ی یه‌زدان هه‌ڵیكرده‌ سه‌ری،
بێگومان گه‌ل وه‌كو گژوگیان.
8
گژوگیا وشك ده‌بێت و گوڵ هه‌ڵده‌وه‌رێ،
به‌ڵام په‌یامی خودامان بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ چه‌سپاو ده‌بێت.»
9
ئه‌ی مزگێنیده‌ر بۆ سییۆن،
بڕۆ سه‌ر كێوێكی به‌رز،
به‌ هێزه‌وه‌ ده‌نگت به‌رز بكه‌ره‌وه‌،
به‌رزی بكه‌ره‌وه‌، مه‌ترسه‌.
ئه‌ی مزگێنیده‌ر بۆ ئۆرشه‌لیم،
به‌ شارۆچكه‌كانی یه‌هودا بڵێ:
«ئه‌وه‌تا خوداتان!»
10
ئه‌وه‌تا یه‌زدانی باڵاده‌ست به‌ هێزه‌وه‌ دێت،
به‌ بازووی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی بۆ ده‌كات.
ئه‌وه‌تا پاداشته‌كه‌ی له‌گه‌ڵیدایه‌ و
خه‌ڵاته‌كه‌ی له‌به‌رده‌می.
11
وه‌ك شوان مێگه‌له‌كه‌ی ده‌له‌وه‌ڕێنێت:
به‌ بازووی خۆی به‌رخه‌كان كۆده‌كاته‌وه‌ و
به‌ باوه‌ش هه‌ڵیانده‌گرێت،
به‌ نه‌رمی شیرده‌ره‌كان به‌ پێش خۆی ده‌دات.
12
كێ به‌ چنگ ئاوی پێواوه‌ و
به‌ بست ئاسمان؟
كێ خۆڵی زه‌وی به‌ قزناغ پێواوه‌؟
كێ چیاكانی به‌ قه‌پان كێشاوه‌ و
گرده‌كانیش به‌ ته‌رازوو؟
13
كێ له‌بیری یه‌زدان تێگه‌یشتووه‌
یاخود وه‌ك ڕاوێژكار فێری كردووه‌؟
14
یه‌زدان ڕاوێژی به‌ كێ كرد و تێیگه‌یاند،
ڕێگای دادپه‌روه‌ری فێركرد؟
كێ زانینی فێركرد و
ڕێگای تێگه‌یشتنی پێ ناساند؟
15
ئه‌وه‌تا نه‌ته‌وه‌كان وه‌ك دڵۆپێك ئاوی ناو سه‌تڵ و
به‌ تۆزی ته‌رازوو داده‌نرێن.
ئه‌وه‌تا دوورگه‌كان وه‌ك پووش هه‌ڵده‌گرێت.
16
داری لوبنان به‌س نییه‌ بۆ سووته‌مه‌نی قوربانگا و
ئاژه‌ڵه‌كانی به‌س نین بۆ قوربانی سووتاندن.
17
هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان وه‌ك هیچن له‌به‌رده‌می،
له‌لای ئه‌و به‌ نه‌بوو و پووچ داده‌نرێن.
18
جا خودا به‌ چی هاوشێوه‌ ده‌كه‌ن،
چ وێنه‌یه‌ك به‌و یه‌كسان ده‌كه‌ن؟
19
په‌یكه‌رێك كه‌ وه‌ستا دایده‌ڕێژێت،
زێڕنگه‌ریش به‌ زێڕ ڕووكه‌شی ده‌كات،
زنجیری زیویش زیوگه‌ر.
20
ده‌ستكورتیش بۆ پێشكه‌شكردنی پیتاك
دارێكی ساغ هه‌ڵده‌بژێرێت كه‌ نه‌ڕزیبێت.
داوای وه‌ستایه‌كی شاره‌زا ده‌كات
بۆ ئه‌وه‌ی په‌یكه‌رێكی نه‌له‌قیوی بۆ دابنێت.
21
ئایا نازانن؟
ئایا نابیستن؟
ئه‌ی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پێتان ڕانه‌گه‌یه‌نراوه‌؟
ئایا له‌و كاته‌وه‌ی زه‌وی به‌دیهێنراوه‌ تێنه‌گه‌یشتوون كه‌
22
ئه‌و له‌سه‌ر ئاسۆی زه‌وی داده‌نیشێت و
دانیشتووانه‌كه‌ی وه‌ك پێكوڕه‌ وان؟
ئه‌و ئاسمان وه‌ك پڵاس بڵاو ده‌كاته‌وه‌،
وه‌ك ڕه‌شماڵ هه‌ڵیده‌دات بۆ نیشته‌جێبوون.
23
ئه‌و مه‌زنه‌كان وه‌ك نه‌بوو لێده‌كات و
حوكمڕانانی جیهان ده‌كات به‌ هیچ.
24
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی نێژران، چێنران و
قه‌دیان له‌ زه‌وی ڕه‌گی داكوتا،
فووی لێكردن و وشك هه‌ڵگه‌ڕان،
ڕه‌شه‌با وه‌ك پووش هه‌ڵیانده‌گرێت.
25
خودای پیرۆز ده‌فه‌رموێت: «له‌گه‌ڵ كێ هاوشێوه‌م ده‌كه‌ن؟
من هاوتای كێم؟
26
چاوتان بۆ به‌رزی هه‌ڵبڕن و
ببینن كێ ئه‌مه‌ی به‌دی هێناوه‌،
كێ ئه‌ستێره‌كانی به‌ ژماره‌ ده‌رده‌هێنێت و
ناو له‌ هه‌موویان ده‌نێت؟
له‌به‌ر زۆری هێز و توندی توانای
هیچ كامیان ون نابێت.
27
«ئه‌ی یاقوب، بۆ ده‌ڵێیت،
ئه‌ی ئیسرائیل، بۆ سكاڵا ده‌كه‌یت:
”ڕێگای من له‌ یه‌زدان شاردرایه‌وه‌،
دادی من له‌ خودام تێپه‌ڕی“؟
28
ئایا نه‌تزانی،
یان نه‌تبیست؟
یه‌زدان خودای هه‌تاهه‌تاییه‌،
به‌دیهێنه‌ری ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری زه‌وی.
نه‌ ماندوو و نه‌ شه‌كه‌ت ده‌بێت،
كه‌س په‌ی به‌ تێگه‌یشتنی ئه‌و نابات.
29
توانا به‌ ماندوو ده‌دات و
بۆ داهێزراویش هێز زۆر ده‌كات.
30
گه‌نجه‌كان ماندوو و شه‌كه‌ت ده‌بن،
لاوه‌كان پێیان هه‌ڵده‌كه‌وێت و ده‌كه‌ون،
31
به‌ڵام ئه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانی یه‌زدانن،
هێزیان نوێ ده‌بێته‌وه‌،
وه‌ك هه‌ڵۆ له‌ شه‌قه‌ی باڵ ده‌ده‌ن،
ڕاده‌كه‌ن و شه‌كه‌ت نابن،
ده‌ڕۆن و ماندوو نابن.