عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - حەسانەوە بۆ گەلی خودا
 - 1
 - دڵنەوایی گەلەکەم بکەن، دڵنەواییان بکەن،
خوداتان دەفەرموێت، - 2
 - بە دڵنەرمی لەگەڵ ئۆرشەلیم بدوێن،
پێی ڕابگەیەنن
کە ڕەنجکێشانەکەی تەواو بووە،
کە تاوانەکەی بەخشراوە،
چونکە بە دەستی یەزدان
لەسەر گوناهەکانی دووقاتی وەرگرتەوە. - 3
 - کەسێک هاوار دەکات و دەڵێت:
«لە چۆڵەوانی ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
لە بیابان شاڕێگا بۆ خودامان ڕێکبخەن. - 4
 - هەموو دۆڵێک هەڵدەچێت و
هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت.
خوار ڕاست دەبێتەوە،
هەورازیش دەبێت بە دەشت، - 5
 - شکۆمەندی یەزدان دەردەکەوێت و
هەموو مرۆڤایەتی پێکەوە دەیبینن،
چونکە دەمی یەزدان فەرمووی.» - 6
 - دەنگێک دەڵێت: «بانگەواز بکە!»
منیش گوتم: «بانگەوازی چی بکەم؟»
«هەموو مرۆڤێک وەک گژوگیا وایە و
هەموو دڵسۆزییەکەی وەک گوڵی کێوی وایە. - 7
 - گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،
چونکە هەناسەی یەزدان هەڵیکردە سەری،
بێگومان گەل وەکو گژوگیان. - 8
 - گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،
بەڵام پەیامی خودامان بۆ هەتاهەتایە چەسپاو دەبێت.» - 9
 - ئەی مزگێنیدەر بۆ سییۆن،
بڕۆ سەر کێوێکی بەرز،
بە هێزەوە دەنگت بەرز بکەرەوە،
بەرزی بکەرەوە، مەترسە.
ئەی مزگێنیدەر بۆ ئۆرشەلیم،
بە شارۆچکەکانی یەهودا بڵێ:
«ئەوەتا خوداتان!» - 10
 - ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بە هێزەوە دێت،
بە بازووی فەرمانڕەوایەتی بۆ دەکات.
ئەوەتا پاداشتەکەی لەگەڵیدایە و
خەڵاتەکەی لەبەردەمی. - 11
 - وەک شوان مێگەلەکەی دەلەوەڕێنێت:
بە بازووی خۆی بەرخەکان کۆدەکاتەوە و
بە باوەش هەڵیاندەگرێت،
بە نەرمی شیردەرەکان بە پێش خۆی دەدات. - 12
 - کێ بە چنگ ئاوی پێواوە و
بە بست ئاسمان؟
کێ خۆڵی زەوی بە قزناغ پێواوە؟
کێ چیاکانی بە قەپان کێشاوە و
گردەکانیش بە تەرازوو؟ - 13
 - کێ لەبیری یەزدان تێگەیشتووە
یاخود وەک ڕاوێژکار فێری کردووە؟ - 14
 - یەزدان ڕاوێژی بە کێ کرد و تێیگەیاند،
ڕێگای دادپەروەری فێرکرد؟
کێ زانینی فێرکرد و
ڕێگای تێگەیشتنی پێ ناساند؟ - 15
 - ئەوەتا نەتەوەکان وەک دڵۆپێک ئاوی ناو سەتڵ و
بە تۆزی تەرازوو دادەنرێن.
ئەوەتا دوورگەکان وەک پووش هەڵدەگرێت. - 16
 - داری لوبنان بەس نییە بۆ سووتەمەنی قوربانگا و
ئاژەڵەکانی بەس نین بۆ قوربانی سووتاندن. - 17
 - هەموو نەتەوەکان وەک هیچن لەبەردەمی،
لەلای ئەو بە نەبوو و پووچ دادەنرێن. - 18
 - جا خودا بە چی هاوشێوە دەکەن،
چ وێنەیەک بەو یەکسان دەکەن؟ - 19
 - پەیکەرێک کە وەستا دایدەڕێژێت،
زێڕنگەریش بە زێڕ ڕووکەشی دەکات،
زنجیری زیویش زیوگەر. - 20
 - دەستکورتیش بۆ پێشکەشکردنی پیتاک
دارێکی ساغ هەڵدەبژێرێت کە نەڕزیبێت.
داوای وەستایەکی شارەزا دەکات
بۆ ئەوەی پەیکەرێکی نەلەقیوی بۆ دابنێت. - 21
 - ئایا نازانن؟
ئایا نابیستن؟
ئەی لە سەرەتاوە پێتان ڕانەگەیەنراوە؟
ئایا لەو کاتەوەی زەوی بەدیهێنراوە تێنەگەیشتوون کە - 22
 - ئەو لەسەر ئاسۆی زەوی دادەنیشێت و
دانیشتووانەکەی وەک پێکوڕە وان؟
ئەو ئاسمان وەک پڵاس بڵاو دەکاتەوە،
وەک ڕەشماڵ هەڵیدەدات بۆ نیشتەجێبوون. - 23
 - ئەو مەزنەکان وەک نەبوو لێدەکات و
حوکمڕانانی جیهان دەکات بە هیچ. - 24
 - هەر ئەوەندەی نێژران، چێنران و
قەدیان لە زەوی ڕەگی داکوتا،
فووی لێکردن و وشک هەڵگەڕان،
ڕەشەبا وەک پووش هەڵیاندەگرێت. - 25
 - خودای پیرۆز دەفەرموێت: «لەگەڵ کێ هاوشێوەم دەکەن؟
من هاوتای کێم؟ - 26
 - چاوتان بۆ بەرزی هەڵبڕن و
ببینن کێ ئەمەی بەدی هێناوە،
کێ ئەستێرەکانی بە ژمارە دەردەهێنێت و
ناو لە هەموویان دەنێت؟
لەبەر زۆری هێز و توندی توانای
هیچ کامیان ون نابێت. - 27
 - «ئەی یاقوب، بۆ دەڵێیت،
ئەی ئیسرائیل، بۆ سکاڵا دەکەیت:
”ڕێگای من لە یەزدان شاردرایەوە،
دادی من لە خودام تێپەڕی“؟ - 28
 - ئایا نەتزانی،
یان نەتبیست؟
یەزدان خودای هەتاهەتاییە،
بەدیهێنەری ئەمسەر و ئەوسەری زەوی.
نە ماندوو و نە شەکەت دەبێت،
کەس پەی بە تێگەیشتنی ئەو نابات. - 29
 - توانا بە ماندوو دەدات و
بۆ داهێزراویش هێز زۆر دەکات. - 30
 - گەنجەکان ماندوو و شەکەت دەبن،
لاوەکان پێیان هەڵدەکەوێت و دەکەون، - 31
 - بەڵام ئەوانەی چاوەڕوانی یەزدانن،
هێزیان نوێ دەبێتەوە،
وەک هەڵۆ لە شەقەی باڵ دەدەن،
ڕادەکەن و شەکەت نابن،
دەڕۆن و ماندوو نابن. 

