عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دادوەری لەگەڵ ئۆرشەلیم و یەهودا 
1
ئێستا سەیر بکەن، پەروەردگار،
یەزدانی سوپاسالار،
بەتەمایە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا دابماڵێت
پاڵپشتی و پشتگیری،
هەموو پاڵپشتییەکی نان و ئاو،
2
پاڵەوان و جەنگاوەر،
دادوەر و پێغەمبەر،
فاڵگرەوە و پیر،
3
سەرۆکی پەنجاکان و پیاوماقوڵان،
ڕاوێژکار و پیشەوەری دانا و نوشتەکەری تێگەیشتوو.
4
مێردمنداڵان دەکەم بە میریان،
منداڵان فەرمانڕواییان دەکەن.
5
گەل لەنێو خۆیان ستەم لە یەکتری دەکەن،
هەرکەسە و لە هاوڕێکەی.
مێردمنداڵ لە پیر ڕاست دەبێتەوە،
چروکیش لە سەنگین.
6
پیاو یەخەی برای خۆی دەگرێت
لە ماڵی باوکی و دەڵێت:
«تۆ کەوات هەیە، ببە بە سەرۆکمان و
ئەم کاولگەیەش لەژێر دەستتە!»
7
بەڵام لەو ڕۆژەدا براکەی دەنگی بەرز دەکاتەوە و وەڵامی دەداتەوە:
«نابم بە چارەساز،
نان و جلوبەرگ لە ماڵەکەم نییە.
مەمکەن بە سەرۆکی گەل.»
8
ئۆرشەلیم شکست دەخوات و
یەهوداش دەکەوێت،
چونکە زمان و کردەوەکانیان لە دژی یەزدانە،
بۆ یاخیبوون لەبەرچاوی شکۆمەندییەکەی.
9
دیمەنی ڕوخساریان شایەتییان لەسەر دەدات،
وەک سەدۆم گوناهەکەیان ڕادەگەیەنن،
نایشارنەوە.
قوڕبەسەریان،
چونکە خراپە دەهێننە سەر خۆیان!
10
بڵێن، ڕاستودروستان خۆشحاڵن
چونکە بەری کردەوەکانی خۆیان دەخۆن.
11
قوڕبەسەر بەدکار! خراپەی بۆ دەبێت،
چونکە پاداشتی کردەوەکانی دەستی خۆی وەردەگرێت.
12
منداڵان ستەم لە گەلی من دەکەن و
ژنان فەرمانڕەوایەتی دەکەن.
گەلی من، ڕاستەڕێکارانت چەواشەکارن و
لە ڕێگای ڕاست لاتان دەدەن.
13
یەزدان لە شوێنی دادوەر دانیشت،
هەستا بۆ حوکمدان بەسەر گەلان.
14
یەزدان دەست بە دادوەری دەکات،
لەگەڵ پیرانی گەلەکەی و میرەکانیان:
«ئێوە بوون ڕەزەمێوەکەتان لووشدا،
تاڵانیی هەژاران لە ماڵەکانتاندایە.
15
ئەوە چیتانە، گەلەکەم وردوخاش دەکەن و
ڕووی هەژاران دەهاڕن؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.
16
یەزدان دەفەرموێت:
«کچانی سییۆن لەخۆبایی بوون،
گەردنیان دەرخستووە و
بە چاوبازییەوە دەڕۆن،
بە لارولەنجەوە دەڕۆن
بە زرنگەی لەرزانەی گۆزینگیان.
17
لەبەر ئەوە پەروەردگار سەری کچانی سییۆن کەچەڵ دەکات،
یەزدان ڕووتییان دەردەخات.»
18
لەو ڕۆژەدا پەروەردگار جوانکاری دادەماڵێت: لەرزانە و لاسەرە و ملوانکە،
19
گوارە و بازن و پەچە،
20
سەرپێچ و قۆڵبەست و پشتێن و تەلیسم و چەناخە،
21
ئەنگوستیلە و خەزێم،
22
جلوبەرگی جەژن و پاڵتۆ و چارۆکە و جزدان و
23
ئاوێنە، کراسی کەتان و سەرپۆش و کۆڵوانەکان.
24
جا لە جێی بۆنوبەرام، بۆگەن و
لە جێی کەمەربەند، گوریس و
لە جێی پرچی بە ئەگریجە، سەری ڕووتاوە و
لە جێی بەرگی گرانبەها گوش[a] لەبەر دەکەن،
نیشانەی داغیش لە جێی جوانی دەبێت.
25
پیاوەکانتان بە شمشێر و
پاڵەوانەکانتان لە جەنگدا دەکەون.
26
جا دەروازەکانی سییۆن شین دەگێڕن و دەگریێن،
بێکەس لەسەر زەوی دادەنیشن.
  1. a. 3‏:24 ڕیشاڵێکی ڕووەکییە کە لەو سەردەمە بەرگی ماتەمی لێ دروستدەکرا.‏