عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
كێوی یه‌زدان 
1
ئه‌و شته‌ی ئیشایای كوڕی ئامۆچ بینی سه‌باره‌ت به‌ یه‌هودا و ئۆرشه‌لیم:
2
له‌ ڕۆژانی كۆتاییدا،
كێوی په‌رستگای یه‌زدان
له‌سه‌ر لووتكه‌ی چیاكان جێگیر ده‌بێت،
به‌سه‌ر گرده‌كانه‌وه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و
هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان به‌ لێشاو به‌ره‌و لای ئه‌و ده‌چن.
3
زۆرێك له‌ گه‌لان به‌ڕێ ده‌كه‌ون و ده‌ڵێن:
«وه‌رن با به‌ره‌و كێوی یه‌زدان سه‌ربكه‌وین،
بۆ ماڵه‌كه‌ی خودای یاقوب.
فێری ڕێگاكانی خۆیمان ده‌كات،
بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ڕێچكه‌ی ئه‌ودا بڕۆین.»
فێركردن له‌ سییۆنه‌وه‌ ده‌رده‌چێت،
په‌یامی یه‌زدانیش له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌.
4
له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان دادوه‌ری ده‌كات،
ناوبژی بۆ چه‌ندین گه‌ل ده‌كات.
شمشێره‌كانیان ده‌كوتنه‌وه‌ و ده‌یكه‌نه‌ گاسن،
ڕمه‌كانیشیان ده‌كه‌نه‌ داس.
هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك شمشێر له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ هه‌ڵناكێشێت،
چیتر فێری جه‌نگ نابن.
5
ئه‌ی بنه‌ماڵه‌ی یاقوب وه‌رن،
با له‌ژێر ڕووناكی یه‌زداندا بڕۆین.
ڕۆژی یه‌زدان 
6
چونكه‌ وازت له‌ گه‌له‌كه‌ی خۆت هێنا،
له‌ بنه‌ماڵه‌ی یاقوب،
پڕ بوون له‌ بیروبۆچوونه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و
وه‌ك فه‌له‌ستییه‌كان به‌خت ده‌خوێننه‌وه‌،
پابه‌ند بوون به‌ نه‌ریتی بتپه‌رسته‌كان.
7
خاكیان پڕبوو له‌ زێڕ و زیو،
گه‌نجینه‌كانی سنووریان نییه‌.
خاكیان پڕبوو له‌ ئه‌سپ و
گالیسكه‌كانی سنووریان نییه‌.
8
خاكیان پڕبوو له‌ بت،
كڕنۆشیان بۆ ده‌ستكردی خۆیان برد،
كه‌ به‌ په‌نجه‌كانی خۆیان دروستیان كرد.
9
جا مرۆڤ ده‌چه‌مێته‌وه‌ و
ئاده‌میزاد نزم ده‌بێته‌وه‌،
لێیان خۆش مه‌به‌.
10
له‌ ڕووی سامی یه‌زدان و
شكۆی مه‌زنییه‌كه‌ی،
بڕۆ ناو كه‌له‌به‌رد و
له‌ناو خۆڵ خۆت بشاره‌وه‌!
11
چاوه‌ به‌فیزه‌كانی مرۆڤ نزم ده‌كات و
لووتبه‌رزی ئاده‌میزاد ده‌چه‌مێنێته‌وه‌،
له‌و ڕۆژه‌دا ته‌نها یه‌زدان به‌ گه‌وره‌ ده‌زانرێت.
12
چونكه‌ یه‌زدانی سوپاسالار ڕۆژێكی هه‌یه‌
له‌ دژی هه‌موو خۆبه‌زلزان و لووتبه‌رزێك،
له‌ دژی هه‌موو خۆهه‌ڵكێشێك كه‌
نزم ده‌بنه‌وه‌،
13
له‌ دژی هه‌موو دار ئورزه‌ به‌رز و بڵنده‌كانی لوبنان،
له‌ دژی هه‌موو دار به‌ڕووه‌كانی باشان،
14
له‌ دژی هه‌موو چیا به‌رزه‌كان و
له‌ دژی هه‌موو كێوه‌ بڵنده‌كان،
15
له‌ دژی هه‌موو قولله‌یه‌كی به‌رز،
له‌ دژی هه‌موو شوورایه‌كی سه‌خت،
16
له‌ دژی هه‌موو كه‌شتییه‌كانی ته‌رشیش،
له‌ دژی هه‌موو ده‌ستكردێكی دڵگیر.
17
جا فیزی مرۆڤ ده‌چه‌مێته‌وه‌ و
لووتبه‌رزی ئاده‌میزاد نزم ده‌بێت،
له‌و ڕۆژه‌دا ته‌نها یه‌زدان به‌ گه‌وره‌ ده‌زانرێت و
18
هه‌موو بته‌كان له‌ناوده‌چن.
19
كاتێك یه‌زدان بۆ هه‌ژاندنی زه‌وی هه‌ڵده‌ستێت،
مرۆڤ له‌ ڕووی سامی شكۆی مه‌زنییه‌كه‌ی
ده‌چێته‌ ناو كه‌لێنی تاشه‌به‌رده‌كان و
ناو چاڵه‌كانی خۆڵ.
20
له‌و ڕۆژه‌دا مرۆڤ
ئه‌و بته‌ زیو و زێڕانه‌ی
كه‌ بۆ په‌رستن دروستی كردوون،
بۆ مشكه‌كوێره‌ و بۆ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ فڕێده‌دات.
21
كاتێك یه‌زدان بۆ هه‌ژاندنی زه‌وی هه‌ڵده‌ستێت،
مرۆڤ له‌ ڕووی سامی شكۆی مه‌زنییه‌كه‌ی
ده‌چێته‌ ناو كه‌لێنی تاشه‌به‌رده‌كانه‌وه‌ و
بۆ كه‌له‌به‌ره‌كانی ناو تاوێره‌كان.
22
ده‌ست له‌ مرۆڤ بكێشنه‌وه‌!
ئه‌وه‌ی ته‌نها هه‌ناسه‌یه‌كی له‌ لووتدایه‌،
چونكه‌ حیسابی چی بۆ ده‌كرێت؟