عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
خودا له‌ ماوه‌ی پاشایه‌تی عوزیا و یۆتام و ئاحاز و حه‌زقیای پاشایانی یه‌هودا، ده‌رباره‌ی یه‌هودا و ئۆرشه‌لیم ئه‌م بینینانه‌ی بۆ ئیشایای كوڕی ئامۆچ ئاشكرا كرد.
نه‌ته‌وه‌یه‌كی یاخی 
2
ئه‌ی ئاسمان گوێ بگره‌ و ئه‌ی زه‌وی گوێ شل بكه‌،
چونكه‌ یه‌زدان ده‌فه‌رموێت:
«چه‌ند كوڕێكم گه‌وره‌ كرد و پێم گه‌یاندن،
به‌ڵام ئه‌وان لێم یاخی بوون.
3
گا خاوه‌نه‌كه‌ی خۆی ده‌ناسێت و
گوێدرێژیش ئاخوڕی خاوه‌نی خۆی،
به‌ڵام ئیسرائیل من ناناسێت،
گه‌لی من تێناگات.»
4
قوڕبه‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی گوناهبار،
به‌سه‌ر ئه‌و گه‌له‌ی تاوانی قورسه‌،
توخمی به‌دكاران،
كوڕانی گه‌نده‌ڵین!
وازیان له‌ یه‌زدان هێنا،
به‌ سووكییه‌وه‌ ته‌ماشای خودا پیرۆزه‌كه‌ی ئیسرائیلیان كرد،
پشتیان لێی كرد.
5
بۆچی دووباره‌ لێتان بدرێته‌وه‌؟
بۆچی به‌رده‌وامن له‌ یاخیبوونتان؟
ته‌واوی سه‌ر نه‌خۆشه‌ و
هه‌موو دڵ بیماره‌.
6
له‌ بنی پێ هه‌تا ته‌وقی سه‌ر
كوا ته‌ندروستی تێیدا؟
به‌ڵكو برین و شین و مۆر بوونه‌وه‌یه‌،
لێدانی ته‌ڕ و تازه‌
كه‌ نه‌گوشراوه‌ و نه‌به‌ستراوه‌ و
به‌ ڕۆن نه‌رم نه‌كراوه‌.
7
خاكه‌كه‌تان وێرانه‌،
شاره‌كانتان سووتاوه‌،
له‌به‌رچاوتان زه‌وییه‌كه‌تان
بێگانه‌كان ده‌یخۆن،
وێرانه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی بێگانه‌ هه‌ڵاوگێڕی كردبێت.
8
سییۆنی كچ[a] ماوه‌ته‌وه‌،
وه‌ك كه‌پر له‌ناو ڕه‌زه‌مێودا،
وه‌ك خۆخ له‌ناو بێستانی خه‌یاردا،
وه‌ك شارێكی ئابڵوقه‌دراو.
9
ئه‌گه‌ر یه‌زدانی سوپاسالار
كه‌مێك ده‌ربازبووی بۆ نه‌هێشتباینایه‌وه‌،
وه‌ك سه‌دۆممان لێ ده‌هات،
له‌ عه‌مۆرا ده‌چووین.
10
گوێ له‌ فه‌رمایشتی یه‌زدان بگرن،
ئه‌ی فه‌رمانڕه‌وایانی سه‌دۆم!
گوێ شل بكه‌ن بۆ فێركردنه‌كانی خودامان،
ئه‌ی گه‌لی عه‌مۆرا!
11
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت:
«بۆچیمه‌، زۆری قوربانییه‌ سه‌ربڕدراوه‌كانتان؟
تێربووم له‌ قوربانی سووتاندنی به‌رانه‌كان و
له‌ چه‌وری دابه‌سته‌كان،
دڵخۆش نیم
به‌ خوێنی جوانه‌گا[b] و به‌رخ و ته‌گه‌كان[c] .
12
كه‌ دێن بۆ بینینی ڕووم،
كێ داوای ئه‌مه‌ی لێكردوون،
كه‌ پێ بنێنه‌ ناو حه‌وشه‌كانم؟
13
چیتر پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌ی بێ كه‌ڵك مه‌هێنن!
بخوور قێزه‌ونه‌ بۆ من.
سه‌ره‌مانگ و شه‌ممه‌ و بانگه‌وازی كۆبوونه‌وه‌،
تاوان و ئاهه‌نگگێڕان[d] پێكه‌وه‌، به‌رگه‌ی ئه‌مه‌ ناگرم.
14
سه‌ره‌مانگ و جه‌ژنه‌كانتان
گیانم ڕقی لێیانه‌.
بوون به‌ بارگرانی بۆم،
لێیان بێزار بووم.
15
كاتێك ده‌ستتان پان ده‌كه‌نه‌وه‌،
چاوم لاده‌ده‌م له‌سه‌رتان،
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نوێژیش زۆر بكه‌ن،
من گوێ ناگرم.
«ده‌ستتان به‌ خوێن سوور بووه‌!
16
«خۆتان بشۆن، پاك ببنه‌وه‌.
خراپه‌ی كرده‌وه‌كانتان
له‌به‌رچاوم لاببه‌ن!
وازبهێنن له‌ خراپه‌كاری،
17
فێری چاكه‌ بن!
به‌دوای دادپه‌روه‌ریدا بگه‌ڕێن،
سته‌ملێكراوان هانبده‌ن.
دادوه‌ری هه‌تیو بكه‌ن،
پارێزه‌ری بۆ بێوه‌ژن بكه‌ن.»
18
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت:
«ئێستا وه‌رن یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر گوناهه‌كانتان سووری ئاڵ بێت،
وه‌ك به‌فر سپی ده‌بێته‌وه‌؛
ئه‌گه‌ر وه‌ك قرمز سوور بێت،
وه‌ك خوری لێدێت.
19
ئه‌گه‌ر قایل بن و گوێ بگرن،
خێروبێری خاكه‌كه‌ ده‌خۆن.
20
به‌ڵام ئه‌گه‌ر قایل نه‌بن و یاخی بن،
به‌ شمشێر ده‌خورێن،»
چونكه‌ ده‌می یه‌زدان فه‌رمووی.
21
«چۆن شاره‌ دڵسۆزه‌كه‌
بوو به‌ له‌شفرۆش!
پڕ دادوه‌ری بوو،
ڕاستودروستی تێیدا ده‌مایه‌وه‌،
به‌ڵام ئێستا پیاوكوژان!
22
زیوت بوو به‌ خڵت و
شه‌رابت ئاوی تێكراوه‌.
23
میره‌كانت یاخین و
دۆستی دزانن،
هه‌موو حه‌زیان له‌ به‌رتیله‌ و
دوای پاداشت كه‌وتوون.
دادوه‌ری بۆ هه‌تیو ناكه‌ن،
سكاڵای بێوه‌ژن ناگاته‌ لایان.»
24
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدان، په‌روه‌ردگاری سوپاسالار،
تواناداره‌كه‌ی ئیسرائیل، ده‌فه‌رموێت:
«ئای، له‌ ناحه‌زانم ده‌حه‌سێمه‌وه‌ و
تۆڵه‌ له‌ دوژمنانم ده‌كه‌مه‌وه‌.
25
دژ به‌ تۆ ده‌ستم درێژ ده‌كه‌م،
به‌ ته‌واوه‌تی خڵته‌كه‌ت پاك ده‌كه‌مه‌وه‌،
هه‌موو خڵت و پیسییه‌كه‌ت لێ ده‌كه‌مه‌وه‌.
26
ڕابه‌رانت ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ وه‌ك یه‌كه‌م جار و
ڕاوێژكارانت وه‌ك له‌ سه‌ره‌تا.
پاش ئه‌مه‌ پێت ده‌گوترێت
”شاری ڕاستودروستی“،
”شاری دڵسۆز“.»
27
به‌ دادپه‌روه‌ری سییۆن ده‌كڕدرێته‌وه‌،
تۆبه‌كاره‌كانیشی به‌ ڕاستودروستی.
28
به‌ڵام تێكشكانی یاخیبووان و گوناهباران پێكه‌وه‌ ده‌بێت،
وازهێنه‌ران له‌ یه‌زدانیش ده‌فه‌وتێن.
29
«شه‌رمه‌زار ده‌بن به‌و دار به‌ڕووانه‌ی
ئاره‌زووتان كرد،
ته‌ریق ده‌بنه‌وه‌ به‌و باخچانه‌ی
هه‌ڵتانبژارد.
30
چونكه‌ وه‌ك دار به‌ڕووێكتان لێدێت كه‌ گه‌ڵاكانی وه‌ریبێت و
وه‌ك باخچه‌یه‌ك ئاوی نه‌بێت.
31
مرۆڤی به‌هێز ده‌بێت به‌ په‌ڕۆ و
ئیشوكاره‌كه‌شی به‌ پریشكی ئاگر،
جا هه‌ردووكیان پێكه‌وه‌ ده‌سووتێن و
كه‌س نابێت بیانكوژێنێته‌وه‌.»
  1. a. 1‏:8 مه‌به‌ست له‌ وڵاتی یه‌هودایه‌.
  2. b. 1‏:11 له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ گوێره‌كه‌ی نێر له‌ شیر ده‌بڕدرێته‌وه‌ پێی ده‌گوترێت نۆبه‌ن یان جوانه‌گا.
  3. c. 1‏:11 نێری، سابرێن.
  4. d. 1‏:13 بڕوانه‌ \+xt سه‌رژمێری 29‏:35‏\+xt*‏.