عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - کێوی یەزدان
 - 1
 - ئەو شتەی ئیشایای کوڕی ئامۆچ بینی سەبارەت بە یەهودا و ئۆرشەلیم:
 - 2
 - لە ڕۆژانی کۆتاییدا،
کێوی پەرستگای یەزدان
لەسەر لووتکەی چیاکان جێگیر دەبێت،
بەسەر گردەکانەوە بەرز دەبێتەوە و
هەموو نەتەوەکان بە لێشاو بەرەو لای ئەو دەچن. - 3
 - زۆرێک لە گەلان بەڕێ دەکەون و دەڵێن:
«وەرن با بەرەو کێوی یەزدان سەربکەوین،
بۆ ماڵەکەی خودای یاقوب.
فێری ڕێگاکانی خۆیمان دەکات،
بۆ ئەوەی بە ڕێچکەی ئەودا بڕۆین.»
فێرکردن لە سییۆنەوە دەردەچێت،
پەیامی یەزدانیش لە ئۆرشەلیمەوە. - 4
 - لەنێو نەتەوەکان دادوەری دەکات،
ناوبژی بۆ چەندین گەل دەکات.
شمشێرەکانیان دەکوتنەوە و دەیکەنە گاسن،
ڕمەکانیشیان دەکەنە داس.
هیچ نەتەوەیەک شمشێر لە نەتەوەیەکی دیکە هەڵناکێشێت،
چیتر فێری جەنگ نابن. - 5
 - ئەی بنەماڵەی یاقوب، وەرن،
با بە ڕووناکیی یەزداندا بڕۆین. - ڕۆژی یەزدان
 - 6
 - وازت لە گەلەکەی خۆت هێنا،
لە بنەماڵەی یاقوب،
پڕ بوون لە بیروبۆچوونەکانی ڕۆژهەڵات و
وەک فەلەستییەکان بەخت دەخوێننەوە،
پابەند بوون بە نەریتی بتپەرستەکان. - 7
 - خاکیان پڕبوو لە زێڕ و زیو،
گەنجینەکانی سنووریان نییە.
خاکیان پڕبوو لە ئەسپ و
گالیسکەکانی سنووریان نییە. - 8
 - خاکیان پڕبوو لە بت،
کڕنۆشیان بۆ دەستکردی خۆیان برد،
کە بە پەنجەکانی خۆیان دروستیان کرد. - 9
 - جا مرۆڤ دەچەمێتەوە و
ئادەمیزاد نزم دەبێتەوە،
لێیان خۆش مەبە. - 10
 - لە ڕووی سامی یەزدان و
شکۆی مەزنییەکەی،
بڕۆ ناو کەلەبەرد و
لەناو خۆڵ خۆت بشارەوە! - 11
 - چاوە بەفیزەکانی مرۆڤ نزم دەبێتەوە و
لووتبەرزیی ئادەمیزاد دەچەمێتەوە،
لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان بە گەورە دەزانرێت. - 12
 - یەزدانی سوپاسالار ڕۆژێکی هەیە
لە دژی هەموو خۆبەزلزان و لووتبەرزێک،
لە دژی هەموو خۆهەڵکێشێک کە
نزم دەبنەوە، - 13
 - لە دژی هەموو دار ئورزە بەرز و بڵندەکانی لوبنان،
لە دژی هەموو دار بەڕووەکانی باشان، - 14
 - لە دژی هەموو چیا بەرزەکان و
لە دژی هەموو کێوە بڵندەکان، - 15
 - لە دژی هەموو قوللەیەکی بەرز،
لە دژی هەموو شوورایەکی سەخت، - 16
 - لە دژی هەموو کەشتییەکانی تەرشیش،
لە دژی هەموو دەستکردێکی دڵگیر. - 17
 - جا فیزی مرۆڤ دەچەمێتەوە و
لووتبەرزی ئادەمیزاد نزم دەبێت،
لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان بە گەورە دەزانرێت و - 18
 - هەموو بتەکان لەناودەچن.
 - 19
 - کاتێک یەزدان بۆ هەژاندنی زەوی هەڵدەستێت،
مرۆڤ لە ڕووی سامی شکۆی مەزنییەکەی
دەچێتە ناو کەلێنی تاشەبەردەکان و
ناو چاڵەکانی خۆڵ. - 20
 - لەو ڕۆژەدا مرۆڤ
ئەو بتە زیو و زێڕانەی
کە بۆ پەرستن دروستی کردوون،
بۆ مشکەکوێرە و شەمشەمەکوێرەیان فڕێدەدات. - 21
 - کاتێک یەزدان بۆ هەژاندنی زەوی هەڵدەستێت،
مرۆڤ لە ڕووی سامی شکۆی مەزنییەکەی
دەچێتە ناو کەلێنی تاشەبەردەکانەوە و
بۆ کەلەبەرەکانی ناو تاوێرەکان. - 22
 - پشت بە مرۆڤ مەبەستە،
ئەوەی تەنها هەناسەیەکی لە لووتدایە.
بۆچی حیسابی بۆ دەکرێت؟ 

