عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕزگاریی ئیسرائیل 
1
لەو ڕۆژەدا،
یەزدان بە شمشێرە
ڕەق و گەورە و بەهێزەکەی،
سزای لیڤیاتان دەدات کە مارە هەڵاتووەکەیە،
لیڤیاتان کە مارە پێچ خواردووەکەیە،
ئەژدیهاکەی ناو دەریاش دەکوژێت.
2
لەو ڕۆژەدا
«گۆرانی بۆ ڕەزەمێوی بەردار بڵێن:
3
من یەزدانم، چاودێری ئەوم،
هەموو ساتێک ئاوی دەدەم.
بە شەو و بە ڕۆژ چاودێری دەکەم
نەوەک ئازار بدرێت.
4
هەڵچوونم نییە.
وای ئەگەر لە جەنگدا دڕکوداڵیان دەخستە بەرپێم!
من پێشێلم دەکردن و دەمسووتاندن،
گڕم لە هەموویان بەردەدا.
5
بەڵام ئەگەر پەنا بداتە پاڵ من
لەگەڵ من ئاشتی دەبەستێت،
ئاشتی لەگەڵ من دەبەستێت.»
6
لە داهاتوودا، یاقوب ڕەگ دادەکوتێت،
ئیسرائیل گوڵ دەکات و لق دەردەکات،
ڕووی جیهان پڕ بەروبووم دەکات.
7
ئایا یەزدان لێیدان
بەو شێوەیەی لەوانەی دا کە لێیان دەدان؟
یان ئەوەندەی لێ کوشتن
وەک لە بکوژانی ئەوانی کوشت؟
8
بە دوورخستنەوە و بە ڕاپێچکردن دژایەتی ئەوت کرد،
ڕایماڵی بە بای بەهێزی خۆی
لە ڕۆژێکی بای ڕۆژهەڵاتیدا.
9
لەبەر ئەوە بەمە کەفارەت بۆ تاوانی یاقوب دەکرێت،
ئەمەش هەموو بەروبوومی داماڵینی گوناهەکەیەتی
بەوەی هەموو بەردەکانی قوربانگاکە
وەک بەردی گەچی وردوخاشکراو لێ بکات،
نە ستوونە ئەشێراکان و نە قوربانگاکانی خۆر
بە پێوە نەمێنێت.
10
شاری قەڵابەند تەنهایە،
ماڵ چۆڵ و بەجێماوە وەک چۆڵەوانی،
لەوێ گوێرەکە دەلەوەڕێت و
لەوێ پاڵ دەداتەوە و
لقەکانی تێکدەدات.
11
کە وشک دەبێت پۆپکەکانی دەشکێن و
ژنان دێن ئاگریان تێبەر دەدەن،
چونکە گەلێکی تێگەیشتوو نییە،
لەبەر ئەوە دروستکەرەکەی بەزەیی پێیاندا نایەتەوە و
شێوەکێشەکەی لەگەڵیدا میهرەبان نابێت.
12
لەو ڕۆژەدا یەزدان دەیکوتێت لە ئاوەڕۆی فوراتەوە هەتا دۆڵی میسر، ئێوەش یەک بە یەک هەڵدەگیرێنەوە، ئەی نەوەی ئیسرائیل.
13
لەو ڕۆژەدا فوو بە کەڕەنایەکی گەورەدا دەکرێت، جا ونبووەکان لە خاکی ئاشور و دوورخراوەکان بۆ خاکی میسر دێن و کڕنۆش بۆ یەزدان دەبەن لە کێوی پیرۆز لە ئۆرشەلیم.