عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
قوڕبه‌سه‌ری بۆ ئه‌فرایم 
1
قوڕبه‌سه‌ر ئه‌و تاجه‌ی سه‌رخۆشانی ئه‌فرایم شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ن!
قوڕبه‌سه‌ر ئه‌و شاره‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌ به‌سه‌ر دۆڵی به‌پیت،
كه‌ جوانی و شكۆمه‌ندییه‌كه‌ی وه‌ك گوڵێكی سیسه‌.
قوڕبه‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی شه‌راب ئه‌وانی كه‌واندووه‌!
2
ئه‌وه‌تا به‌هێز و توند هی په‌روه‌ردگاره‌.
وه‌ك لێزمه‌ی ته‌رزه‌ و ڕه‌شه‌بای وێرانكه‌ر،
وه‌ك لێزمه‌ی ئاوی زۆری ڕاماڵ،
به‌ ده‌ست فڕێیده‌داته‌ سه‌ر زه‌وی.
3
پێشێل ده‌كرێت
تاجی شانازی سه‌رخۆشانی ئه‌فرایم.
4
ده‌بێت به‌ گوڵی سیس بوو
جوانی شكۆمه‌ندییه‌كه‌ی،
ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر دۆڵی به‌پیته‌،
وه‌ك پێگه‌یشتنی هه‌نجیر به‌ر له‌ هاوین،
ئه‌وه‌ی ده‌یبینێت
هێشتا له‌ مستیه‌تی قووتی ده‌دات.
5
له‌و ڕۆژه‌دا یه‌زدانی سوپاسالار
ده‌بێته‌ تاجه‌گوڵینه‌ی جوانی و
تاجی شكۆمه‌ندی
بۆ پاشماوه‌ی گه‌له‌كه‌ی.
6
ده‌بێته‌ ڕۆحی دادپه‌روه‌ری
بۆ دانیشتوو له‌سه‌ر ته‌ختی حوكمدان و
پاڵه‌وانیێتی
بۆ به‌ره‌نگاربووانی جه‌نگ له‌به‌ر ده‌روازه‌كان.
7
ئه‌مانیش به‌ شه‌راب گێژن و
به‌ مه‌ی گومڕا بن:
كاهین و پێغه‌مبه‌ر به‌ مه‌ی گێژن،
به‌ شه‌راب قووتده‌درێن،
به‌ مه‌ی گومڕان،
كه‌ بینینیان بۆ ئاشكرا ده‌كرێت گێژن،
كوێرانه‌ حوكم ده‌ده‌ن.
8
چونكه‌ هه‌موو مێزه‌كان پڕ بوون له‌ ڕشانه‌وه‌ و
هیچ جێگایه‌ك بێ پیسایی نه‌ماوه‌.
9
ده‌ڵێن: «زانیاری فێری كێ ده‌كات؟
په‌یام بۆ كێ ڕوون ده‌كاته‌وه‌؟
بۆ له‌شیربڕاوه‌كان،
یان بۆ له‌ مه‌مك بڕاوه‌كان؟
10
وه‌ك گغه‌ گغ بۆ گغه‌ گغ،
بڤه‌ بڤ بۆ بڤه‌ بڤ،[a]
كه‌مێك لێره‌ و كه‌مێك له‌وێ.»
11
كه‌واته‌ خوداش به‌ لێوی بێگانه‌ و زمانێكی نامۆ
قسه‌ بۆ ئه‌م گه‌له‌ ده‌كات.
12
بۆ ئه‌وانه‌ی پێی گوتن:
«ئه‌مه‌ حه‌سانه‌وه‌یه‌،
با ماندوو بحه‌سێته‌وه‌، ئه‌مه‌ ئارامگایه‌.»
به‌ڵام نه‌یانویست گوێ بگرن.
13
جا فه‌رمایشتی یه‌زدان بۆیان ده‌بێت به‌:
گغه‌ گغ بۆ گغه‌ گغ،
بڤه‌ بڤ بۆ بڤه‌ بڤ،
كه‌مێك لێره‌ و كه‌مێك له‌وێ.
بۆ ئه‌وه‌ی بڕۆن و به‌ره‌و دواوه‌ بكه‌ون و
بشكێنه‌وه‌ و ڕاو بكرێن و بگیرێن.
14
ئه‌ی پیاوانی گاڵته‌جاڕ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ گوێ له‌ فه‌رمایشتی یه‌زدان بگرن،
ئه‌ی فه‌رمانڕه‌وایانی ئه‌م گه‌له‌ كه‌ له‌ ئۆرشه‌لیمه‌!
15
چونكه‌ گوتتان: «په‌یمانمان له‌گه‌ڵ مردن به‌ستووه‌ و
په‌یماننامه‌مان له‌گه‌ڵ جیهانی مردووان مۆر كردووه‌،
كه‌ قامچی لافاو تێده‌په‌ڕێت
له‌ ئێمه‌ نزیك ناكه‌وێته‌وه‌،
چونكه‌ درۆمان كردووه‌ به‌ داڵده‌مان و
له‌ناو ساخته‌ په‌ناگیر ده‌بین.»
16
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«ئه‌وه‌تا به‌ردێك له‌ سییۆن داده‌نێم،
كه‌ ده‌بێته‌ سه‌نگی مه‌حه‌ك،
گرنگترین و گرانبه‌هاترین به‌ردی بناغه‌[b] بۆ بناغه‌یه‌كی پته‌و،
ئه‌وه‌ی پشتی پێ ببه‌ستێت ناشڵه‌ژێت.
17
دادوه‌ری ده‌كه‌مه‌ گوریسی پێوانه‌ و
به‌ شاووڵ ڕاستودروستی ده‌كه‌م،
جا ته‌رزه‌ داڵده‌ی درۆ ڕاده‌ماڵێت و
په‌ناگاش ئاو دایده‌پۆشێت.
18
په‌یمانه‌كه‌تان له‌گه‌ڵ مردن ده‌سڕێته‌وه‌ و
په‌یماننامه‌كه‌تان له‌گه‌ڵ جیهانی مردووان سه‌ر ناگرێت.
كاتێك قامچی لافاو تێده‌په‌ڕێت،
ئێوه‌ بۆی ده‌بن به‌ پێشێل.
19
هه‌ر كاتێك تێبپه‌ڕێت ده‌تانبات،
چونكه‌ هه‌موو به‌یانییه‌ك تێده‌په‌ڕێت
به‌ شه‌و و به‌ ڕۆژ.»
به‌ ته‌نها تێگه‌یشتنی په‌یامه‌كه‌
ده‌بێته‌ مایه‌ی تۆقاندن.
20
چونكه‌ دۆشه‌ك كورت بووه‌ بۆ ڕاكشان و
لێفه‌ش ته‌نك بووه‌ بۆ له‌خۆپێچانه‌وه‌.
21
چونكه‌ یه‌زدان هه‌ڵده‌ستێت، وه‌ك له‌ كێوی په‌راچیم هه‌ستا،
هه‌روه‌ك له‌ دۆڵی گبعۆن، تووڕه‌یی دێته‌ جۆش
بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌ی بكات، كاره‌كه‌ی نامۆیه‌!
بۆ ئه‌وه‌ی ئیشه‌كه‌ی بكات، ئیشه‌كه‌ی نامۆیه‌!
22
ئێستا گالته‌جاڕ مه‌بن،
نه‌وه‌ك كۆتتان توندتر بكرێت،
چونكه‌ له‌لایه‌ن یه‌زدان، په‌روه‌ردگاری سوپاسالار،
گوێم له‌ كۆتایی پێهێنان و بڕانه‌وه‌ بووه‌ به‌سه‌ر هه‌موو خاكه‌كه‌دا.
23
گوێ شل بكه‌ن و ده‌نگم ببیستن،
گوێ بگرن و قسه‌م ببیستن.
24
ئایا جوتیار هه‌موو ڕۆژێك زه‌وییه‌كه‌ی ده‌كێڵێت،
هه‌ڵیده‌كۆڵێت و خه‌رته‌ی ده‌كات بۆ چاندن؟
25
ئه‌ی كه‌ ڕووه‌كه‌ی ته‌خت كرد،
تۆوی ده‌كات به‌ كونجی و زیره‌ی تێدا ده‌وه‌شێنێت و
گه‌نم له‌ هێڵی جووته‌كانی داده‌نێت و
جۆ له‌ شوێنی نیشانكراو،
گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ش له‌ سنووره‌كانی؟
26
جا به‌ دادوه‌ری ڕێنمایی ده‌كات،
خودای خۆی فێری ده‌كات.
27
چونكه‌ كونجی به‌ جه‌نجه‌ڕ ناكوترێت،
چه‌رخه‌ی عه‌ره‌بانه‌ش به‌سه‌ر زیره‌دا نایه‌ت،
به‌ڵكو كونجی به‌ دار تێكده‌درێت و
زیره‌ش به‌ گۆچان.
28
دانه‌وێڵه‌ بۆ نان ده‌كوترێت،
هه‌تاهه‌تایه‌ جه‌نجه‌ڕی به‌سه‌ردا ناهێنێت،
چه‌رخه‌ی عه‌ره‌بانه‌كه‌ی و
ئه‌سپه‌كه‌ی وردوخاشی ناكه‌ن.
29
هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌لایه‌ن یه‌زدانی سوپاسالاره‌وه‌ هاتوون،
ڕاوێژی سه‌یره‌ و دانایی مه‌زنه‌.
  1. a. 28‏:10 عیبری: \+tl چاڤ لاچاڤ، قاڤ لاقاڤ\+tl*، كه‌ ته‌نها ده‌نگه‌ له‌ زمانی عیبری به‌بێ واته‌، وه‌ك گوێگرتن له‌ زمانێكی بیانی.
  2. b. 28‏:16 گرنگترین به‌ردی بناغه‌: به‌ردی قولینچك، به‌ردێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ گۆشه‌ی دیوار داده‌نرێت له‌و به‌ردانه‌ به‌هێزتره‌ كه‌ له‌ دیواره‌كه‌ به‌كاردێت و ده‌بێته‌ هۆی به‌هێزكردنی دیواره‌كه‌.