عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
قوڕبه‌سه‌ر شاره‌كه‌ی داود 
1
قوڕبه‌سه‌ر ئه‌ریێل، ئه‌ریێل[a]
ئه‌و شاره‌ی داود تێیدا مایه‌وه‌!
ساڵ له‌دوای ساڵ زیاد بكه‌ن،
با جه‌ژنه‌كان بسوڕێنه‌وه‌.
2
منیش ته‌نگ به‌ ئه‌ریێل هه‌ڵده‌چنم،
جا ده‌بێت به‌ گریان و شیوه‌ن و
بۆ من وه‌ك ئاگردانی قوربانگای[b] لێدێت،
3
وه‌ك بازنه‌ ده‌ورت ده‌ده‌م،
به‌ قه‌ڵا ته‌نگت پێهه‌ڵده‌چنم و
سه‌نگه‌ر به‌ چوارده‌ورتدا لێ ده‌ده‌م.
4
جا نزم ده‌بیته‌وه‌ و له‌ زه‌وییه‌وه‌ ده‌دوێیت،
قسه‌كه‌ت له‌ناو خۆڵ ده‌چه‌مێته‌وه‌،
ده‌نگت وه‌ك تارمایی ده‌بێت له‌ زه‌وییه‌وه‌،
قسه‌كه‌ت له‌ناو خۆڵ چرپه‌ی دێت.
5
ئاپۆره‌ی دوژمنانت وه‌ك تۆزی كوتراو ده‌بن و
ئاپۆره‌ی زۆرداران وه‌ك پووشی با بردوو ده‌بێت.
له‌ ساتێكدا له‌پڕ ئه‌وه‌ ده‌بێت،
6
له‌لایه‌ن یه‌زدانی سوپاسالاره‌وه‌ سزا ده‌درێت
به‌ هه‌وره‌تریشقه‌ و بوومه‌له‌رزه‌ و ده‌نگێكی گه‌وره‌وه‌،
به‌ زریان و ڕه‌شه‌با و گڕی ئاگری سووتێنه‌ره‌وه‌.
7
وه‌ك خه‌ون و زینده‌خه‌وی شه‌وانی لێدێت،
ئاپۆره‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ له‌شكركێشه‌كانی سه‌ر ئه‌ریێل،
هه‌موو له‌شكركێشه‌كانی سه‌ری و سه‌ر قه‌ڵاكانی
له‌گه‌ڵ ته‌نگ پێ هه‌ڵچنانی.
8
وه‌ك ئه‌وه‌ی برسی خه‌ون ببینێت و ئه‌وه‌تا ده‌خوات
به‌ڵام كه‌ هه‌ڵده‌ستێت ورگی به‌تاڵه‌،
وه‌ك ئه‌وه‌ی تینوو خه‌ون ببینێت و ئه‌وه‌تا ده‌خواته‌وه‌
به‌ڵام كه‌ هه‌ڵده‌ستێت شه‌كه‌ته‌ و گیانی ئاره‌زوو ده‌كات،
ئاوایان لێدێت ئاپۆره‌ی هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی
له‌شكركێشییان كردووه‌ بۆ سه‌ر كێوی سییۆن.
9
بحه‌په‌سێن و سه‌رسام بن!
خۆتان كوێر بكه‌ن و كوێربن!
به‌بێ شه‌راب ئێوه‌ مه‌ستن،
به‌بێ مه‌ی ئێوه‌ به‌ لاره‌لار ده‌ڕۆن.
10
چونكه‌ یه‌زدان ڕۆحی خه‌وی قووڵی به‌سه‌ر ئێوه‌دا ڕشتووه‌،
به‌م شێوه‌یه‌ یه‌زدان چاوه‌كانی ئێوه‌ی نوقاندووه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانن،
هه‌روه‌ها یه‌زدان سه‌ری ئێوه‌ی پێشبینیكه‌ری داپۆشیوه‌.
11
جا ته‌واوی ئه‌م په‌یامه‌ی كه‌ به‌ بینینێك ئاشكرا كراوه‌ ته‌نها بۆ ئێوه‌ وه‌ك وشه‌كانی تۆمارێكی مۆركراوی لێهاتووه‌، ئه‌وه‌ی ده‌یده‌نه‌ كه‌سێكی خوێنده‌وار و ده‌ڵێن: «تكایه‌ ئه‌مه‌ بخوێنه‌وه‌.» ئه‌ویش ده‌ڵێت: «ناتوانم، چونكه‌ مۆر كراوه‌.»
12
یان ئه‌گه‌ر تۆماره‌كه‌ ده‌ده‌نه‌ كه‌سێكی نه‌خوێنده‌وار و ده‌ڵێن: «تكایه‌ ئه‌مه‌ بخوێنه‌وه‌.» ئه‌ویش ده‌ڵێت: «خوێنده‌واریم نییه‌.»
13
جا په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێت:
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م گه‌له‌ به‌ ده‌م نزیك بووه‌وه‌ و
به‌ لێوه‌كانی ڕێزی لێ گرتم،
به‌ڵام دڵی لێم دووره‌،
په‌رستنیان بۆ من
ته‌نها فێركردن و ڕاسپارده‌ی خه‌ڵكه‌.
14
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌وه‌تا من جارێكی دیكه‌
كاری سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ به‌م گه‌له‌ ده‌كه‌م،
دانایی داناكانی له‌ناوده‌به‌م و
تێگه‌یشتنی تێگه‌یشتووانی ون ده‌بێت.»
15
قوڕبه‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی ده‌چنه‌ قووڵاییه‌وه‌
بۆ ئه‌وه‌ی پیلانه‌كانیان له‌ یه‌زدان بشارنه‌وه‌،
كاره‌كانیان له‌ تاریكی ده‌بێت و
ده‌ڵێن: «كێ ده‌مانبینێ؟ كێ ده‌مانناسێت؟»
16
ئای له‌ هاڵاوگێڕیتان،
ئایا گۆزه‌كه‌ر و قوڕ ده‌كرێن به‌ یه‌ك
تاكو دروستكراو به‌ دروستكه‌ره‌كه‌ی بڵێت:
«ئه‌و دروستی نه‌كردم»؟
یان گۆزه‌كه‌ به‌ گۆزه‌كه‌ر بڵێت:
«تێناگات»؟
17
ئایا له‌ ساتێكی كه‌مدا لوبنان ناگۆڕێت بۆ باخ و
باخیش به‌ دارستان دانانرێت؟
18
جا له‌و ڕۆژه‌دا كه‌ڕه‌كان گوێیان له‌ وشه‌كانی تۆماره‌كه‌ ده‌بێت و
له‌ ئه‌نگوسته‌چاو و له‌ تاریكیدا
چاوی نابیناكان ده‌بینن.
19
زه‌لیله‌كان دڵخۆشییان به‌ یه‌زدان زیاتر ده‌بێت،
نه‌دارانی خه‌ڵكیش به‌ خودا پیرۆزه‌كه‌ی ئیسرائیل دڵشاد ده‌بن.
20
چونكه‌ زۆردار له‌ناوچوو و
گاڵته‌جاڕ نه‌ما و
هه‌موو ئێشكگرانی خراپه‌كاری بڕانه‌وه‌.
21
ئه‌وانه‌ی به‌ وشه‌یه‌ك مرۆڤ گوناهبار ده‌كه‌ن و
له‌ دادگا داو بۆ دادوه‌ر ده‌نێنه‌وه‌ و
به‌ شتی پووچ دادپه‌روه‌ری خوار ده‌كه‌ن.
22
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدان ئه‌وه‌ی ئیبراهیمی كڕییه‌وه‌، ئه‌مه‌ به‌ بنه‌ماڵه‌ی یاقوب ده‌فه‌رموێت:
«ئێستا یاقوب شه‌رمه‌زار نابێت و
ئێستا ڕوو زه‌رد نابێت.
23
كاتێك منداڵه‌كانی ده‌ستكرده‌كانی ده‌ستم
له‌نێویاندا ده‌بینن،
وه‌ك ناوێكی پیرۆز ڕێز له‌ ناوه‌كه‌م ده‌گرن،
دان به‌ پیرۆزی پیرۆزه‌كه‌ی یاقوبدا[c] ده‌نێن،
له‌ خودای ئیسرائیل ده‌ترسن.
24
ئه‌وانه‌ی له‌ ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ گومڕا بوون تێگه‌یشتن به‌ده‌ستده‌هێنن و
بۆڵه‌بۆڵكه‌ران فێربوون وه‌رده‌گرن.»
  1. a. 29‏:1 ئه‌ریێل ئه‌و ناوه‌ شیعرییه‌یه‌ كه‌ بۆ ئۆرشه‌لیم به‌كارده‌هێنرا، واتای ناوه‌كه‌: شێری خودا.
  2. b. 29‏:2 ‏له‌ زمانی عیبری هه‌مان وشه‌ی ئه‌ریێل به‌كارهاتووه‌ به‌ واتایه‌كی دیكه‌. بڕوانه‌ ئایه‌تی 1.
  3. c. 29‏:23 پیرۆزه‌كه‌ی یاقوب: مه‌به‌ست له‌ خودای پیرۆزی یاقوبه‌.