عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
قوڕبه‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كه‌لله‌ڕه‌ق 
1
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت:
«قوڕبه‌سه‌ر كوڕانی كه‌لله‌ڕه‌ق،
پلانێك جێبه‌جێ ده‌كه‌ن كه‌ هی من نییه‌،
داڕێژراوێك داده‌ڕێژن كه‌ له‌ ڕۆحی منه‌وه‌ نییه‌
بۆ ئه‌وه‌ی گوناه له‌سه‌ر گوناه زیاد بكه‌ن.
2
ده‌ڕۆن هه‌تا به‌ره‌و میسر شۆڕ بنه‌وه‌
بێ ئه‌وه‌ی پرس به‌ من بكه‌ن،
هه‌تا په‌نا بده‌نه‌ پاڵ قه‌ڵای فیرعه‌ون،
له‌ سایه‌ی میسر په‌ناگیر بن.
3
به‌ڵام قه‌ڵای فیرعه‌ون بۆتان ده‌بێت به‌ ڕیسوایی و
په‌ناگیریشتان له‌ سایه‌ی میسر به‌ شه‌رمه‌زاری.
4
هه‌رچه‌نده‌ میره‌كانی وا له‌ چۆعه‌نن،
نێردراوه‌كانی گه‌یشتنه‌ شاری حانێس،
5
به‌ڵام هه‌موو شه‌رمه‌زار ده‌بن
له‌ گه‌لێك كه‌ بێ سووده‌ بۆیان،
بۆ یارمه‌تیدان نییه‌ و بۆ سوود به‌خشین نییه‌،
چونكه‌ بۆ ڕیسوایی و بۆ شوره‌ییه‌.»
6
سروشێك سه‌باره‌ت به‌ ئاژه‌ڵه‌كانی نه‌قه‌ب:
له‌ خاكی ته‌نگانه‌ و ناخۆشیدا،
ئه‌وه‌ی شێره‌ مێ و شێری لێوه‌ دێت،
مار و ماری ژه‌هراوی باڵدار،
سامانه‌كانیان له‌سه‌ر شانی گوێدرێژ بار ده‌كه‌ن،
له‌سه‌ر پشتی وشتریش گه‌نجینه‌كانیان
بۆ لای گه‌لێك كه‌ سوود نابه‌خشن،
7
چونكه‌ پووچ و به‌فیڕۆدانه‌ یارمه‌تییه‌كه‌ی میسر.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناوم له‌مه‌ نا:
«ڕه‌هه‌ڤ ئه‌وه‌ی هیچ ناكات».
8
ئێستا وه‌ره‌ له‌لایان له‌سه‌ر ته‌خته‌یه‌ك بینووسه‌ و
له‌ تۆمارێك نه‌خشی بكه‌،
هه‌تا بۆ ڕۆژگاری داهاتوو ببێت به‌
شایه‌تێك بۆ هه‌تاهه‌تایه‌.
9
چونكه‌ گه‌لێكی یاخین، كوڕانی درۆزنن،
ئه‌و كوڕانه‌ی نه‌یانویست گوێ له‌ فێركردنی یه‌زدان بگرن.
10
به‌ پێشبینیكه‌ر ده‌ڵێن:
«پێشبینی مه‌كه‌!»
به‌وه‌ی په‌یامی خودا ڕاده‌گه‌یه‌نێت ده‌ڵێن:
«په‌یامی ڕاستمان پێ ڕامه‌گه‌یه‌نه‌!
قسه‌ی لووسمان بۆ بكه‌،
خه‌ونی ته‌فره‌ده‌ر ببینه‌!
11
له‌ ڕێگا لابده‌ن،
ڕێچكه‌ به‌ر بده‌ن،
خودا پیرۆزه‌كه‌ی ئیسرائیل
له‌ ئێمه‌ دووربخه‌نه‌وه‌!»
12
له‌به‌ر ئه‌وه‌ خودا پیرۆزه‌كه‌ی ئیسرائیل وا ده‌فه‌رموێت:
«ئه‌م په‌یامه‌تان ڕه‌تكرده‌وه‌ و
متمانه‌تان به‌ زۆرداری و خواروخێچی كرد و
پشتتان پێیان به‌ست،
13
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌م تاوانه‌تان وه‌ك
دیوارێكی ناڕێك و به‌رز درزی تێكه‌وتبێت،
ئه‌وه‌ی له‌ناكاو و ده‌ستبه‌جێ داده‌ڕووخێت.
14
وه‌ك شكانی گۆزه‌ی گۆزه‌كه‌ران ده‌شكێت
بێ به‌زه‌ییانه‌ وردوخاش ده‌كرێت،
له‌ناو پارچه‌ وردوخاشكراوه‌كانی
پارچه‌یه‌ك نابێت بۆ هه‌ڵگرتنی ئاگر له‌ ئاگردانه‌وه‌
یان بۆ ئاو ده‌رهێنان له‌ ئه‌مباراوه‌وه‌.»
15
یه‌زدانی باڵاده‌ست، پیرۆزه‌كه‌ی ئیسرائیل وا ده‌فه‌رموێت:
«به‌ تۆبه‌كردن و ئارامگرتن ڕزگارتان ده‌بێت،
پاڵه‌وانیتان له‌ هێمنی و له‌ دڵنیاییتان ده‌بێت،
به‌ڵام نه‌تانویست،
16
گوتتان: ”وا نا، به‌ڵكو به‌ ئه‌سپ هه‌ڵدێین،“
له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵدێن!
گوتتان: ”سواری ئه‌سپی خێرا ده‌بین،“
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕاونه‌رانتان خێرا ده‌كه‌ن!
17
له‌ ڕووی نه‌ڕه‌ی یه‌ك كه‌س
هه‌زار كه‌س هه‌ڵدێت،
له‌ ڕووی نه‌ڕه‌ی پێنج كه‌س
هه‌مووتان هه‌ڵدێن،
هه‌تا وه‌ك دار ئاڵا له‌سه‌ر لووتكه‌ی چیا و
وه‌ك به‌یداخ به‌سه‌ر گرده‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌.»
18
به‌ڵام یه‌زدان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌كات هه‌تا له‌گه‌ڵتان میهره‌بان بێت،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵده‌ستێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌زه‌یی پێتاندا بێته‌وه‌،
چونكه‌ یه‌زدان خودای دادپه‌روه‌رییه‌.
خۆزگه‌ به‌وانه‌ی چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن!
19
ئه‌ی گه‌ل كه‌ له‌ سییۆن له‌ ئۆرشه‌لیم نیشته‌جێن، ئێوه‌ ئیتر ناگریێن. به‌ ته‌واوی میهره‌بان ده‌بێت له‌گه‌ڵتان، له‌گه‌ڵ ده‌نگی هاوارتان كه‌ گوێی لێ ده‌بێت، به‌ ده‌نگتانه‌وه‌ دێت.
20
هه‌رچه‌نده‌ په‌روه‌ردگار نانی ته‌نگانه‌ و ئاوی ناخۆشیتان ده‌داتێ، به‌ڵام ئیتر مامۆستاكانتان ناخرێنه‌ په‌نای چاوه‌كانتان، مامۆستاكانتان ده‌بینن.
21
كاتێك به‌لای ڕاست یان چه‌پدا لاده‌ده‌ن، گوێیه‌كانتان ده‌نگێك ده‌بیستێت له‌ دواتانه‌وه‌ ده‌ڵێت: «ئه‌مه‌ ڕێگاكه‌یه‌ پێیدا بڕۆن.»
22
په‌یكه‌ره‌ داتاشراوه‌ به‌ زیو ڕووكه‌شكراوه‌كانتان و بته‌ له‌قاڵبدراوه‌ به‌ زێڕ ڕووكه‌شكراوه‌كانتان به‌ گڵاو داده‌نێن. وه‌ك په‌ڕۆی پیسی ئافره‌ت فڕێیده‌ده‌ن، پێی ده‌ڵێن: «بڕۆ ده‌ره‌وه‌!»
23
ئینجا بارانی تۆوه‌كه‌ت ده‌داتێ كه‌ زه‌وییه‌كه‌ی پێ تۆو ده‌كه‌یت، نانی به‌روبوومی زه‌وییه‌كه‌ چه‌ور و قه‌ڵه‌و ده‌بێت. له‌و ڕۆژه‌دا مه‌ڕوماڵاته‌كه‌ت له‌ له‌وه‌ڕگایه‌كی پانوبه‌ریندا ده‌له‌وه‌ڕێن.
24
گاجووت و نێره‌كه‌ره‌كانت كه‌ له‌ زه‌وییه‌كه‌ت كار ده‌كه‌ن ئالیكی پاككراو ده‌خۆن كه‌ به‌ شه‌ن و بێڵ شه‌ن كرابێت.
25
جا له‌سه‌ر هه‌موو كێوێكی بڵند و له‌سه‌ر هه‌موو ته‌پۆڵكه‌یه‌كی به‌رز ڕووبار و جۆگه‌ی ئاو ده‌بێت له‌ ڕۆژی كوشتاره‌ مه‌زنه‌كه‌، كاتێك قولله‌كان ده‌كه‌ون.
26
جا ڕووناكی مانگ وه‌ك ڕووناكی خۆر ده‌بێت، ڕووناكی خۆریش حه‌وت ئه‌وه‌نده‌ ده‌بێت وه‌ك ڕووناكی حه‌وت ڕۆژ له‌و ڕۆژه‌ی یه‌زدان شكاوی گه‌له‌كه‌ی ده‌گرێته‌وه‌ و جێی لێدانه‌كانی تیمار ده‌كات.
27
ئه‌وه‌تا ناوی یه‌زدان له‌ دووره‌وه‌ هات،
تووڕه‌ییه‌كه‌ی گڕی گرتووه‌ و باره‌كه‌ی قورسه‌.
لێوه‌كانی پڕن له‌ هه‌ڵچوون و
زمانی وه‌ك ئاگرێكی لووشده‌ره‌.
28
هه‌ناسه‌ی وه‌ك ڕووبارێكی هه‌ستاوه‌
ده‌گات به‌ گه‌ردن،
بۆ له‌بێژنگدانی نه‌ته‌وه‌كان
به‌ بێژنگی له‌ناوچوون و
لغاوی گومڕابوونیش له‌ده‌م گه‌لانه‌.
29
گۆرانییه‌كتان بۆ ده‌بێت
وه‌ك شه‌وی ته‌رخانكردنی جه‌ژن،
خۆشی دڵیش
وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ده‌م بلوێره‌وه‌ بڕوات
هه‌تا بێت بۆ كێوی یه‌زدان،
بۆ تاشه‌به‌رده‌كه‌ی ئیسرائیل.
30
یه‌زدان وا ده‌كات ده‌نگی مه‌زنی ببیسترێت و
دابه‌زینی بازووی ببینرێت
به‌ هه‌ڵچوونی تووڕه‌یی و گڕی ئاگری لووشده‌ر،
به‌ ڕه‌شه‌با و لێزمه‌ی باران و ته‌رزه‌وه‌.
31
چونكه‌ ئاشور له‌ ده‌نگی یه‌زدان له‌رز ده‌یگرێت،
به‌ دارده‌ست لێده‌دات.
32
جا هه‌موو لێدانێكی گۆچانی دادوه‌ری،
ئه‌وه‌ی یه‌زدان به‌سه‌ریدا ده‌هێنێت،
به‌ ده‌ف و قیساره‌وه‌ ده‌بێت و
به‌ ڕاوه‌شاندنی ده‌ستی كه‌ ده‌جه‌نگێت.
33
چونكه‌ چاڵی تۆفه‌ت[a] له‌مێژه‌ ڕێكخراوه‌،
بۆ پاشا ئاماده‌ كراوه‌،
قووڵه‌، به‌رینه‌،
كه‌ڵه‌كه‌ كراوه‌كه‌ی ئاگره‌ و داری زۆره‌.
هه‌ناسه‌ی یه‌زدان
وه‌ك ڕووباری گۆگرده‌
گڕی تێبه‌رده‌دات.
  1. a. 30‏:33 ‏شوێنێك بووه‌ بۆ سووتاندنی قوربانی بتپه‌رسته‌كان كه‌ زۆر جار مرۆڤی تێدا كراوه‌ته‌ قوربانی. بڕوانه‌ \+xt دووه‌م پاشایان 23‏:10‏\+xt*‏.