عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕزگاریی ئیسرائیل 
1
له‌و ڕۆژه‌دا،
یه‌زدان به‌ شمشێره‌
ڕه‌ق و گه‌وره‌ و به‌هێزه‌كه‌ی،
سزای لیڤیاتان ده‌دات كه‌ ماره‌ هه‌ڵاتووه‌كه‌یه‌،
لیڤیاتان كه‌ ماره‌ پێچ خواردووه‌كه‌یه‌،
ئه‌ژدیهاكه‌ی ناو ده‌ریاش ده‌كوژێت.
2
له‌و ڕۆژه‌دا
«گۆرانی بۆ ڕه‌زه‌مێوی به‌ردار بڵێن:
3
من یه‌زدانم، چاودێری ئه‌وم،
هه‌موو ساتێك ئاوی ده‌ده‌م.
نه‌وه‌ك به‌سه‌ریدا بدرێت
به‌ شه‌و و به‌ ڕۆژ چاودێری ده‌كه‌م.
4
هه‌ڵچوونم نییه‌.
كێ ده‌توانێ له‌ جه‌نگدا دڕكوداڵ بخاته‌ به‌رپێم؟
من پێشێلی ده‌كه‌م و ده‌یسووتێنم،
پێكه‌وه‌ گڕیان تێ به‌رده‌ده‌م.
5
به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌نا بداته‌ پاڵ من
له‌گه‌ڵ من ئاشتی ده‌به‌ستێت،
ئاشتی له‌گه‌ڵ من ده‌به‌ستێت.»
6
له‌ داهاتوودا، یاقوب ڕه‌گ داده‌كوتێت،
ئیسرائیل گوڵ ده‌كات و لق ده‌رده‌كات،
ڕووی جیهان پڕ به‌روبووم ده‌كات.
7
ئایا یه‌زدان لێیدان
به‌و شێوه‌یه‌ی له‌وانه‌ی دا كه‌ لێیان ده‌دان؟
یان ئه‌وه‌نده‌ی لێ كوشتن
وه‌ك له‌ بكوژانی ئه‌وانی كوشت؟
8
به‌ دوورخستنه‌وه‌ و به‌ ڕاپێچكردن دژایه‌تی ئه‌وت كرد،
ڕایماڵی به‌ بای به‌هێزی خۆی
له‌ ڕۆژێكی بای ڕۆژهه‌ڵاتیدا.
9
له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌مه‌ كه‌فاره‌ت بۆ تاوانی یاقوب ده‌كرێت،
ئه‌مه‌ش هه‌موو به‌روبوومی داماڵینی گوناهه‌كه‌یه‌تی
به‌وه‌ی هه‌موو به‌رده‌كانی قوربانگاكه‌
وه‌ك به‌ردی گه‌چی وردوخاشكراو لێ بكات،
نه‌ ستوونه‌ ئه‌شێراكان و نه‌ قوربانگاكانی خۆر
به‌ پێوه‌ نه‌مێنێت.
10
چونكه‌ شاری قه‌ڵابه‌ند ته‌نهایه‌،
ماڵ چۆڵ و به‌جێماوه‌ وه‌ك چۆڵه‌وانی،
له‌وێ گوێره‌كه‌ ده‌له‌وه‌ڕێت و
له‌وێ پاڵ ده‌داته‌وه‌ و
لقه‌كانی تێكده‌دات.
11
كه‌ وشك ده‌بێت پۆپكه‌كانی ده‌شكێن و
ژنان دێن ئاگریان تێبه‌ر ده‌ده‌ن،
چونكه‌ گه‌لێكی تێگه‌یشتوو نییه‌،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ دروستكه‌ره‌كه‌ی به‌زه‌یی پێیاندا نایه‌ته‌وه‌ و
شێوه‌كێشه‌كه‌ی له‌گه‌ڵیدا میهره‌بان نابێت.
12
له‌و ڕۆژه‌دا یه‌زدان ده‌یكوتێت له‌ ئاوه‌ڕۆی فوراته‌وه‌ هه‌تا دۆڵی میسر، ئێوه‌ش یه‌ك به‌ یه‌ك هه‌ڵده‌گیرێنه‌وه‌ ئه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیل.
13
له‌و ڕۆژه‌دا فوو به‌ كه‌ڕه‌نایه‌كی گه‌وره‌دا ده‌كرێت، جا ونبووه‌كان له‌ خاكی ئاشور و دوورخراوه‌كان بۆ خاكی میسر دێن و كڕنۆش بۆ یه‌زدان ده‌به‌ن له‌ كێوی پیرۆز له‌ ئۆرشه‌لیم.