عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گۆرانییه‌ك بۆ ستایش 
1
له‌و ڕۆژه‌دا له‌ خاكی یه‌هودا ئه‌م گۆرانییه‌ ده‌ڵێن:
شاری به‌هێزمان هه‌یه‌،
خودا ڕزگاری ده‌كاته‌
شوورا و سه‌نگه‌ری.
2
ده‌روازه‌كان بكه‌نه‌وه‌
با نه‌ته‌وه‌ی ڕاستودروست
پارێزه‌ری باوه‌ڕ بێته‌ ژووره‌وه‌.
3
تۆ كه‌سی بیروڕا چه‌سپاو
به‌ ئاشتی ته‌واو ده‌پارێزیت،
چونكه‌ پشتی به‌ تۆ به‌ستووه‌.
4
هه‌تاهه‌تایه‌ پشت به‌ یه‌زدان ببه‌ستن،
چونكه‌ یه‌زدان، هه‌ر یه‌زدان، تاشه‌به‌رده‌كه‌ی هه‌تاهه‌تاییه‌.
5
ئه‌وانه‌ی له‌ به‌رزاییدا نیشته‌جێن نزم ده‌كاته‌وه‌،
شاری به‌رزیش نه‌وی ده‌كات،
ده‌یدات به‌ زه‌ویدا،
ته‌ختی ده‌كات له‌گه‌ڵ خۆڵ.
6
پێی هه‌ژار،
هه‌نگاوی نه‌دار،
پێشێلی ده‌كات.
7
ڕێڕه‌وی كه‌سی ڕاستودروست ڕێكه‌،
ئه‌ی ڕاست، ڕێگای ڕاستودروست خۆش ده‌كه‌یت.
8
ئه‌ی یه‌زدان، له‌ ڕێی حوكمه‌كانت
چاوه‌ڕێی تۆ ده‌كه‌ین،
بۆ ناوه‌كه‌ت و بۆ یادكردنه‌وه‌ته‌
ئاره‌زووی گیان.
9
گیانه‌كه‌م به‌ شه‌و ئاره‌زووت ده‌كه‌م،
هه‌روه‌ها له‌ به‌یانیدا ڕۆحم له‌ ناخمدا په‌رۆشه‌ بۆت،
چونكه‌ كاتێك حوكمه‌كانت له‌ زه‌وین،
دانیشتووانی جیهان فێری ڕاستودروستی ده‌بن.
10
به‌دكار به‌ر میهره‌بانی بكه‌وێت،
فێری ڕاستودروستی نابێت،
له‌ خاكی ڕاستییه‌كاندا ناڕه‌وایی ده‌كات،
شكۆی یه‌زدان نابینێت.
11
ئه‌ی یه‌زدان به‌رزی ده‌ستت نابینن،
با دڵگه‌رمیت بۆ گه‌له‌كه‌ت ببینن و
شه‌رمه‌زار بن،
با ئه‌و ئاگره‌ی كه‌ ئاماده‌ت كردووه‌ دوژمنه‌كانت بخوات.
12
ئه‌ی یه‌زدان ئاشتیمان ده‌ده‌یتێ،
چونكه‌ له‌ ڕاستیدا هه‌موو كاره‌كانمان تۆ كردووته‌.
13
ئه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان،
گه‌وره‌كانی دیكه‌، جیا له‌ تۆ بوون به‌ گه‌وره‌مان،
به‌ڵام ته‌نها تۆ، یادی ناوی تۆ ده‌كه‌ین.
14
مردوون، زیندوو نابنه‌وه‌!
تارمایین، هه‌ڵناستنه‌وه‌،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ سزات دان و تێكت شكاندن،
هه‌موو یادگاریێكی ئه‌وانت له‌ناوبرد.
15
بۆ نه‌ته‌وه‌ت زیاد كرد ئه‌ی یه‌زدان،
بۆ نه‌ته‌وه‌ت زیاد كرد و
شكۆمه‌ند بوویت،
هه‌موو سنووره‌كانی خاكه‌كه‌ت فراوان كرد.
16
ئه‌ی یه‌زدان، له‌ ته‌نگانه‌دا هانایان بۆ هێنایت،
كاتێك ته‌مبێت كردن،
به‌ چرپه‌وه‌ نوێژیان هه‌ڵڕشت.
17
وه‌ك ژنی سكپڕ كه‌ له‌ منداڵبوون نزیك ده‌بێته‌وه‌
له‌ ژاندا ده‌تلێته‌وه‌ و ده‌قیژێنێت،
ئاوامان لێ هات له‌به‌رده‌مت، ئه‌ی یه‌زدان.
18
سكپڕ بووین تلاینه‌وه‌
وه‌ك ئه‌وه‌ی بامان بووبێت.
له‌ زه‌ویدا ڕزگاریمان به‌رپا نه‌كرد و
كه‌سێكی جیهانمان لێ نه‌بوو.
19
مردووه‌كانت زیندوو ده‌بنه‌وه‌،
لاشه‌كان هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌.
هه‌ستن و گۆرانی بڵێن
ئه‌ی دانیشتووانی خۆڵ،
چونكه‌ شه‌ونمت شه‌ونمی به‌یانییه‌،
زه‌وی تارماییه‌كانی لێ له‌دایك ده‌بێت.
20
گه‌له‌كه‌م بڕۆ، بڕۆ ناو ژووره‌كانت و
ده‌رگاكه‌ت له‌دوای خۆت كلیل بده‌،
بۆ ساتێك خۆت بشاره‌وه‌
هه‌تا تووڕه‌یی تێده‌په‌ڕێت.
21
چونكه‌ ئه‌وه‌تا یه‌زدان له‌ شوێنی خۆیه‌وه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌
هه‌تا سزای تاوانی دانیشتووانی زه‌وی بدات له‌سه‌ری.
زه‌وی خوێنه‌كانی ناو خۆی ده‌رده‌خات،
له‌مه‌ودوا كوژراوه‌كانی ناشارێته‌وه‌.