عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ستایش بۆ یه‌زدان 
1
ئه‌ی یه‌زدان، تۆ خودای منیت!
به‌ گه‌وره‌ت ده‌زانم، ستایشی ناوت ده‌كه‌م،
چونكه‌ تۆ كاری سه‌رسوڕهێنه‌رت كردووه‌،
پلانه‌كانت له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ن،
به‌ دڵسۆزی چه‌سپاون.
2
چونكه‌ شارت كاول كرد و
شارۆچكه‌ی قه‌ڵابه‌ندت وێران كرد،
قه‌ڵای بێگانه‌كان وه‌ك شار نامێنێته‌وه‌،
بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ بنیاد نانرێته‌وه‌.
3
له‌به‌ر ئه‌وه‌ گه‌لی به‌هێز ڕێزت لێ ده‌گرن،
شارۆچكه‌ی نه‌ته‌وه‌ بێ ویژدانه‌كان لێت ده‌ترسن.
4
چونكه‌ بوویت به‌ په‌ناگای هه‌ژار،
په‌ناگای نه‌دار له‌ كاتی ته‌نگانه‌،
چه‌تر له‌ لێزمه‌ی باران و
سێبه‌ر له‌ گه‌رما،
چونكه‌ هه‌ڵچوونی بێ ویژدانه‌كان
لێزمه‌ی بارانه‌ به‌سه‌ر دیواره‌وه‌،
5
وه‌ك گه‌رمایه‌ له‌ خاكی وشكدا.
هاتوهه‌رای بێگانه‌كان كپ ده‌كرێت
وه‌ك گه‌رما به‌ سێبه‌ری هه‌ور
گۆرانی بێ ویژدانه‌كان زه‌لیل ده‌كرێت.
6
یه‌زدانی سوپاسالار بۆ هه‌موو گه‌لان
له‌م كێوه‌ خوانی دابه‌سته‌كان ساز ده‌كات،
خوانی شه‌رابی ساده‌ و دابه‌سته‌ پڕ له‌ مۆخه‌كان
مه‌ی ساده‌ی پاڵاوته‌.
7
له‌م كێوه‌دا لووشی ده‌دات
په‌چه‌ی سه‌ر مردوو،
په‌چه‌ به‌سه‌ر هه‌موو گه‌لانه‌وه‌،
هه‌روه‌ها ئه‌و سه‌رپۆشه‌ی به‌سه‌ر هه‌موو نه‌ته‌وه‌كاندا پۆشراوه‌،
8
مردن لووشده‌دات بۆ هه‌تاهه‌تایه‌.
یه‌زدانی باڵاده‌ست سڕییه‌وه‌
فرمێسك له‌سه‌ر هه‌موو ڕووه‌كان،
ڕیسوایی گه‌له‌كه‌ی داده‌ماڵێت
له‌ هه‌موو زه‌ویدا،
چونكه‌ یه‌زدان فه‌رمووی.
9
له‌و ڕۆژه‌دا ده‌گوترێت:
«ئه‌وه‌تا ئه‌مه‌ خودامانه‌،
چاوه‌ڕێمان ده‌كرد، ڕزگاری كردین.
ئه‌مه‌ یه‌زدانه‌، چاوه‌ڕێمان كرد،
شاد ده‌بین و دڵشاد ده‌بین به‌ ڕزگارییه‌كه‌ی.»
10
چونكه‌ ده‌ستی یه‌زدان ئه‌م كێوه‌ ده‌پارێزێت،
به‌ڵام مۆئاب له‌ جێی خۆی پێپه‌ست ده‌كرێت
وه‌ك پێپه‌ستكردنی كا به‌ ئاوی ته‌پاڵه‌.
11
جا مۆئاب له‌ ناوه‌ڕاستیدا ده‌ستی بڵاو ده‌كاته‌وه‌
وه‌ك چۆن مه‌له‌وان بۆ مه‌له‌كردن بڵاوی ده‌كاته‌وه‌.
خودا لووتبه‌رزییه‌كه‌ی داده‌گرێت
له‌گه‌ڵ فرتوفێڵه‌كانی ده‌ستی.
12
قه‌ڵابه‌ندی به‌رزی شووراكانت ده‌چه‌مێنێته‌وه‌،
دایده‌گرێت ده‌ینووسێنێت به‌ زه‌وییه‌وه‌، هه‌تا خۆڵ.