عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یه‌زدان زه‌وی وێران ده‌كات 
1
ئه‌وه‌تا یه‌زدان زه‌وی چۆڵ ده‌كات،
به‌تاڵی ده‌كات و ڕووی وه‌رده‌گێڕێت،
دانیشتووانه‌كه‌ی په‌رت ده‌كات.
2
كاهین وه‌ك خه‌ڵكی ساده‌ی لێدێت،
گه‌وره‌ وه‌ك كۆیله‌كه‌ی،
خانم وه‌ك كه‌نیزه‌كه‌ی،
كڕیار وه‌ك فرۆشیار،
به‌خشه‌ر وه‌ك وه‌رگر،
قه‌رزده‌ر وه‌ك قه‌رزار.
3
زه‌وی به‌ چۆڵكردن چۆڵ ده‌كرێت و
به‌ تاڵان تاڵان ده‌كرێت،
یه‌زدان ئه‌م بڕیاره‌ی فه‌رموو.
4
زه‌وی شیوه‌ن ده‌كات و سیس بوو،
جیهان داهێزرا و سیس بوو،
گه‌وره‌ترین خه‌ڵكانی زه‌وی له‌شیان داهێزرا.
5
زه‌وی له‌ژێر دانیشتووانه‌كه‌ی گڵاو بوو،
چونكه‌ سه‌رپێچی فێركردنه‌كانیان كرد،
فه‌رزه‌كانیان پێشێل كرد و
په‌یمانی هه‌تاهه‌تاییان شكاند.
6
له‌به‌ر ئه‌وه‌ زه‌وی نه‌فره‌تی خوارد و
دانیشتووانه‌كه‌ی سزادران.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ دانیشتووانی زه‌وی سووتان و
خه‌ڵكێكی كه‌م مایه‌وه‌.
7
شه‌رابی نوێ شیوه‌ن ده‌كات و ڕه‌زه‌مێو سیس بوو،
هه‌موو دڵخۆشه‌كان ئاخ هه‌ڵده‌كێشن.
8
ده‌فی ده‌نگ خۆش كپ بوو،
هاتوهه‌رای شادمانه‌كان بڕایه‌وه‌،
قیساره‌ی ده‌نگ خۆش كپ بوو.
9
به‌ ده‌م گۆرانییه‌وه‌ شه‌راب ناخۆنه‌وه‌،
مه‌ی بۆ نۆشه‌ره‌كه‌ی تاڵ ده‌بێت.
10
شاری وێران تێكشكاوه‌،
هه‌موو ماڵێك داده‌خرێت، چوونه‌ ژووره‌وه‌ نییه‌.
11
له‌ شه‌قامه‌كان هاواره‌ بۆ شه‌راب
خۆرئاوا بوو به‌سه‌ر هه‌موو خۆشییه‌ك،
دوورخرایه‌وه‌ شادی زه‌وی.
12
ئه‌وه‌ی له‌ شار ده‌مێنێته‌وه‌ وێرانه‌یه‌ و
لێدانی ده‌روازه‌ش كاولییه‌.
13
چونكه‌ ئاوا ده‌بێت له‌ناوه‌ندی زه‌وی
له‌نێو گه‌لان،
وه‌ك داته‌كاندنی دار زه‌یتوون،
وه‌ك كۆكردنه‌وه‌ی هێشوو كه‌ ڕنین ته‌واو ده‌بێت.
14
ئه‌وان ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕن، هوتافی خۆشی ده‌كێشن،
بۆ شكۆی یه‌زدان له‌ ڕۆژئاواوه‌ هاوار ده‌كه‌ن.
15
له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵات یه‌زدان شكۆدار بكه‌ن،
له‌ دوورگه‌كانی ده‌ریاشه‌وه‌
ناوی یه‌زدان، په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل.
16
له‌وپه‌ڕی زه‌وییه‌وه‌ گوێمان له‌ گۆرانییه‌ك بوو:
«شكۆمه‌ندی بۆ خودای ڕاستودروست!»
جا گوتم: «فه‌وتام! فه‌وتام!
قوڕبه‌سه‌رم!
ناپاكان ناپاكییان كرد!
ناپاكان ناپاكییان له‌ ناپاكی كرد!»
17
ترس و چاڵ و ته‌ڵه‌
به‌سه‌رته‌وه‌یه‌ ئه‌ی دانیشتووی زه‌وی.
18
ئه‌وه‌ی له‌ ده‌نگی ترسه‌كه‌ هه‌ڵدێت
ده‌كه‌وێته‌ چاڵه‌كه‌وه‌ و
ئه‌وه‌ی له‌ناو چاڵه‌كه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌
به‌ ته‌ڵه‌كه‌وه‌ ده‌بێت.
به‌ربه‌ستی جۆگه‌كان له‌ ئاسمانه‌وه‌ كرانه‌وه‌ و
بناغه‌كانی زه‌وی هه‌ژان.
19
زه‌وی به‌ شكان ده‌شكێت،
زه‌وی به‌ وردوخاشبوون وردوخاش ده‌بێت،
زه‌وی به‌ له‌قین ده‌له‌قێت.
20
زه‌وی وه‌ك سه‌رخۆش به‌ لادا دێت،
جۆلانه‌ ده‌كات وه‌ك كه‌پر.
یاخیبوونه‌كه‌ی له‌سه‌ری قورسه‌،
ده‌كه‌وێت و جارێكی دیكه‌ هه‌ڵناستێته‌وه‌.
21
له‌و ڕۆژه‌دا یه‌زدان
سزای هێزه‌كان ده‌دات له‌ ئاسمان و
له‌سه‌ر زه‌وی سزای پاشایانی ده‌دات.
22
به‌ كۆمه‌ڵ كۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌
وه‌ك دیل له‌ به‌ندیخانه‌ و
له‌ گرتووخانه‌ توند ده‌كرێن و
دوای ماوه‌یه‌كی درێژ سزا ده‌درێن.
23
مانگ ڕیسوا ده‌بێت و خۆر شه‌رمه‌زار ده‌بێت،
چونكه‌ یه‌زدانی سوپاسالار حوكمڕانی ده‌كات
له‌ كێوی سییۆن و له‌ ئۆرشه‌لیم،
شكۆمه‌ندیش له‌به‌رده‌م پیرانی ئه‌وه‌.