عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سروشێک سەبارەت بە شاری سور 
1
سروشێک سەبارەت بە سور:
واوەیلا بکەن ئەی کەشتییەکانی تەرشیش!
چونکە سور کاول کراوە،
نە خانوو نە بەندەری بە پێوە نەماوە،
لە خاکی قوبرسەوە پێیان ڕاگەیەنرا.
2
بحەپەسێن دانیشتووانی دوورگەکە و
بازرگانانی سەیدا،
ئەوانەی دەریا دەبڕن، پڕیان کردوویت.
3
دانەوێڵەی شیحۆر
لەسەر ئاوە زۆرەکان دەهات،
داهاتی ئەو دروێنەی ڕووباری نیلە،
جا سور بوو بە بازاڕی نەتەوەکان.
4
شەرمەزار بە ئەی سەیدا، ئەی قەڵای دەریا!
چونکە دەریا گوتی:
«نە ژانم گرت و نە منداڵم بوو،
نە گەنجم گەورە کرد و نە کچی عازەبم پێگەیاند.»
5
کاتێک هەواڵ بە میسر دەگات،
بە هەواڵی سور ژان دەیانگرێت.
6
بپەڕنەوە بۆ تەرشیش،
واوەیلا بکەن، ئەی دانیشتووانی دوورگەکە!
7
ئایا ئەمە شاری خۆشییە بۆتان،
ئەوەی دێرینی لە دێرزەمانەوەیە،
ئەوەی پێیەکانی بەرەو دووری دەبەن
بۆ ئاوارە بوون؟
8
کێ ئەم پلانەی لە دژی سوری تاج لەسەر داڕشت،
ئەوەی میران بازرگانەکانی ئەون،
فرۆشیارەکانی بەناوبانگەکانی زەوین؟
9
یەزدانی سوپاسالار پلانی داڕشتووە
بۆ گڵاوکردنی شانازی هەموو شکۆمەندییەک،
بۆ نزمکرنەوەی هەموو بەناوبانگەکانی زەوی.
10
ئەی دانیشتووانی تەرشیش،
زەوییەکەتان وەک کەناری نیل بکێڵن،
ئیتر بەندەر نەما.
11
یەزدان دەستی بەسەر دەریادا درێژکرد و
شانشینەکان تۆقین.
لە دژی فینیکیا فەرمانی دا
بۆ کاولبوونی قەڵاکانی.
12
فەرمووی: «جارێکی دی شانازی ناکەیت،
ئەی سەیدای کچە پاکیزە[a] ، ئێستا پێشێل کراویت!
«هەستە بەرەو قوبرس بپەڕەوە،
لەوێش حەوانەوەت نابێت.»
13
ئەوەتا خاکی بابلییەکان،
گەلێکی لێیە کە بە هیچ دانانرێت!
ئاشور کردییە شوێنی دڕندە بیابانییەکان[b] .
قوللەکانیان[c] دروستکرد،
قەڵاکانیان ڕووخاند،
کردیان بە کاولگە.
14
ئەی کەشتییەکانی تەرشیش واوەیلا بکەن،
چونکە قەڵاکانتان کاول بوون.
15
لەو ڕۆژەدا ئەوە دەبێت، سور حەفتا ساڵ لەبیر دەکرێت، بەقەد ڕۆژگاری پاشایەک. پاش حەفتا ساڵەکە وەک گۆرانی ژنە لەشفرۆشێک بۆ سور دەبێت:
16
«دەست بدە قیسارە و بەناو شاردا بسووڕێوە
ئەی ژنە لەشفرۆشی لەبیرکراو!
باش مۆسیقا بژەنە و زۆر گۆرانی بڵێ
بۆ ئەوەی لەیاد نەکرێیت.»
17
جا پاش حەفتا ساڵەکە، یەزدان سور بەسەردەکاتەوە و سور دەگەڕێتەوە سەر کرێ وەرگرتنی و لەگەڵ هەموو شانشینەکانی جیهان لەسەر ڕووی زەوی لەشفرۆشی دەکات.
18
بەڵام بازرگانییەکەی و کرێ وەرگرتنەکەی تەرخانکراو دەبێت بۆ یەزدان. هەڵناگیرێت و لە گەنجینە ناکرێت، بەڵکو بازرگانییەکەی بۆ ئەوانە دەبێت کە لەبەردەم یەزدانن، بۆ ئەوەی بخۆن و تێر بن و جلی گرانبەها بپۆشن.
  1. a. 23‏:12 پاکیزە: مەبەست لەپێش داگیرکردنیەتی، کە بەراوردی دەکات بە کچی پاکیزە.‏
  2. b. 23‏:13 بڕوانە ئیشایا 13‏:21 و یەرمیا 50‏:39‏‏.‏
  3. c. 23‏:13 قوللە لێرە مەبەست لە بورجێکە کە بە دار دروستکراوە لە کاتی شەڕدا بەکارهاتووە بۆ هێرشکردنە سەر شارێکی شوورابەند.‏