عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سروشێك سه‌باره‌ت به‌ ئۆرشه‌لیم 
1
سروشێك سه‌باره‌ت به‌ دۆڵی بینین[a] :
چیتانه‌ وا سه‌ركه‌وتوون،
هه‌موو بۆ سه‌ربان،
2
ئه‌ی شاره‌ به‌ هاتوهاواره‌كه‌،
پڕ له‌ ده‌نگه‌ده‌نگ، شارۆچكه‌ به‌ شانازییه‌كه‌؟
كوژراوه‌كانت كوژراوی شمشێر نین و
مردووی جه‌نگ نین.
3
فه‌رمانڕه‌واكانت پێكه‌وه‌ هه‌ڵاتن،
بێ به‌رگری به‌ دیل گیران.
هه‌موو ئه‌وانه‌ی تێتدا بینرانه‌وه‌، پێكه‌وه‌ گیران،
ئه‌وانه‌ش كه‌ دوور بوون و هه‌ڵاتبوون.
4
له‌به‌ر ئه‌وه‌ گوتم: «وازم لێ بهێنن،
به‌ تاڵییه‌وه‌ ده‌گریێم،
زۆرم لێ مه‌كه‌ن بۆ دڵدانه‌وه‌م
له‌سه‌ر وێرانبوونی گه‌له‌كه‌م.»
5
چونكه‌ یه‌زدان، په‌روه‌ردگاری سوپاسالار
ڕۆژێكی هه‌یه‌ له‌ دۆڵی بینین
بۆ هاتوهه‌را و سه‌ركوتكردن و سه‌رلێشێوان
بۆ دیوار بڕین و
هاواركردن بۆ چیا.
6
ئیلام تیردانی هه‌ڵگرتووه‌
به‌ گالیسكه‌ و پیاده‌ و سواره‌وه‌،
قییریش قه‌ڵغانی ده‌رخست.
7
جا هه‌ڵبژارده‌ی دۆڵه‌كانت پڕ ده‌بێت له‌ گالیسكه‌ و له‌ سواره‌كان،
ڕیزیان به‌ستووه‌ ڕووه‌و ده‌روازه‌كه‌.
8
داپۆشینی یه‌هودا نامێنێت.
جا له‌و ڕۆژه‌دا ده‌ڕوانیته‌
چه‌كه‌كانی كۆشكی دارستان،
9
كه‌لێنه‌كانی شاری داود ده‌بینن كه‌ زۆر بوون و
ئاوی گۆمی خوارێ كۆده‌كه‌نه‌وه‌.
10
ماڵه‌كانی ئۆرشه‌لیم ده‌ژمێرن و
ماڵه‌كان ده‌ڕووخێنن بۆ پته‌وكردنی شووراكه‌.
11
ئه‌ستێلێك دروستده‌كه‌ن له‌نێوان دوو شووراكه‌،
بۆ ئاوی گۆمه‌ كۆنه‌كه‌.
به‌ڵام نه‌تانڕوانییه‌ یه‌زدانی دروستكه‌ری،
ئه‌وه‌ی له‌مێژه‌وه‌ شێوه‌ی كێشابوو نه‌تانبینی.
12
یه‌زدان، په‌روه‌ردگاری سوپاسالار،
له‌و ڕۆژه‌دا بانگه‌وازی كرد
بۆ گریان و شیوه‌ن و
سه‌رتاشین و پۆشینی جلوبه‌رگی گوش.
13
به‌ڵام ئه‌وه‌تا خۆشی و شادی،
مانگا كوشتنه‌وه‌ و مه‌ڕ سه‌ربڕین،
گۆشت خواردن و شه‌راب خواردنه‌وه‌!
«با بخۆین و بخۆینه‌وه‌،
چونكه‌ سبه‌ی ده‌مرین.»
14
گوێم لێگرت یه‌زدانی سوپاسالار بۆی ئاشكرا كردم: «كه‌فاره‌ت بۆ ئه‌م تاوانه‌تان ناكرێت تاكو ده‌مرن،» یه‌زدان، په‌روه‌ردگاری سوپاسالار ده‌فه‌رموێت.
15
یه‌زدان، په‌روه‌ردگاری سوپاسالار ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«بڕۆ بۆ لای ئه‌و كارگێڕه‌،
شه‌ڤنا ئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری كۆشكه‌كه‌یه‌:
16
چیت هه‌یه‌ لێره‌ و كێ ڕوخسه‌تی پێداویت،
هه‌تا گۆڕێك بۆ خۆت هه‌ڵبكه‌نیت،
ئه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ به‌رزایی گۆڕی خۆتت هه‌ڵكه‌ندووه‌ و
بۆ خۆت له‌ناو تاشه‌به‌رد ماڵت تاشیوه‌؟
17
«ئه‌ی پاڵه‌وان، ئه‌وه‌تا یه‌زدان خه‌ریكه‌ به‌ توندی تووڕت ده‌دات و
به‌ هێزه‌وه‌ لوولت ده‌كات،
18
وه‌ك تۆپ پێچانه‌وه‌ی پێچ ده‌تپێچێته‌وه‌ و
به‌ره‌و خاكێكی به‌رفراوان تووڕت ده‌دات.
له‌وێ ده‌مریت و
گالیسكه‌كانی شكۆمه‌ندیت له‌وێ ده‌بێت،
ئه‌ی مایه‌ی سووكایه‌تی ماڵی گه‌وره‌كه‌ت!
19
له‌ پله‌كه‌ت ده‌رتده‌كه‌م و
له‌ پایه‌كه‌ت فڕێده‌درێیته‌ خواره‌وه‌.
20
«له‌و ڕۆژه‌دا بانگی به‌نده‌كه‌ی خۆم، بانگی ئه‌لیاقیمی كوڕی حیلقیا ده‌كه‌م و
21
جله‌كه‌ی تۆی له‌به‌ر ده‌كه‌م و به‌ كه‌مه‌ربه‌نده‌كه‌ی تۆ كه‌مه‌ری توند ده‌كه‌م و ده‌سه‌ڵاتی تۆ ده‌ده‌مه‌ ده‌ست ئه‌و و ده‌بێت به‌ باوك بۆ ئۆرشه‌لیم و بۆ بنه‌ماڵه‌ی یه‌هودا.
22
كلیلی ماڵی داود ده‌خه‌مه‌ سه‌ر شانی و ئه‌وه‌ی ده‌یكاته‌وه‌ كه‌س دایناخات و ئه‌وه‌ی دایده‌خات كه‌س نایكاته‌وه‌.
23
وه‌ك سنگ ده‌یچه‌قێنم له‌ شوێنێكی چه‌سپاو و ده‌بێت به‌ ته‌ختی شكۆمه‌ندی بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌ی.
24
هه‌موو شكۆمه‌ندی بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌وه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسن، چڵه‌كان و لقه‌كان، هه‌موو ده‌فره‌ بچووكه‌كان، له‌ ده‌فره‌ په‌له‌كانه‌وه‌ هه‌تا ده‌فره‌ قووڵه‌كان.»
25
یه‌زدانی سوپاسالار ده‌فه‌رموێت: «به‌ڵام سه‌رده‌مێك دێت سنگه‌ چه‌قاوه‌كه‌ له‌ شوێنه‌ چه‌سپاوه‌كه‌ نامێنێت و ده‌شكێت و ده‌كه‌وێت، ئه‌و بارگرانییه‌ی له‌سه‌ری بوو ده‌بڕدرێته‌وه‌.» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
  1. a. 22‏:1 دۆڵی بینین: ناوێكی مه‌جازییه‌ بۆ ئۆرشه‌لیم.