عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سروشێك سه‌باره‌ت به‌ بابل 
1
سروشێك سه‌باره‌ت به‌ چۆڵه‌وانی نزیكی ده‌ریا[a] :
وه‌ك گه‌رده‌لوول له‌ باشوور هه‌ڵده‌كات،
له‌ چۆڵه‌وانییه‌وه‌ دێت،
له‌ خاكێكی ترسناك.
2
ئه‌م بینینه‌ ترسناكه‌م بۆ ئاشكرا كراوه‌:
ناپاك ناپاكی ده‌كات و تاڵانكه‌ر تاڵان ده‌كات.
سه‌ربكه‌وه‌ ئه‌ی ئیلام! گه‌مارۆ بده‌ ئه‌ی میدیا!
كۆتاییم هێنا به‌ هه‌موو ئاخ هه‌ڵكێشانه‌كه‌ی.
3
له‌به‌ر ئه‌وه‌ كه‌له‌كه‌م پڕ بووه‌ له‌ ئازار،
ژانێك منی گرت، وه‌ك ژانی منداڵبوون،
سه‌رسام بووم له‌ گوێگرتن،
واقم وڕما له‌ بینین.
4
سه‌رم لێ شێوا،
ترس منی له‌رزاند،
زه‌رده‌په‌ڕی خۆشی منی
كرده‌ تۆقین.
5
خوان ئاماده‌ ده‌كه‌ن،
ڕایه‌خ ڕاده‌خه‌ن،
ده‌خۆن و ده‌خۆنه‌وه‌!
هه‌ستن ئه‌ی میران!
قه‌ڵغان چه‌ور بكه‌ن!
6
پاشان په‌روه‌ردگار ئه‌مه‌م پێ ده‌فه‌رموێت:
«بڕۆ ئێشكگر به‌ پێوه‌ ڕابگره‌،
ئه‌وه‌ی ده‌یبینێت با ڕایبگه‌یه‌نێت.
7
كاتێك چه‌ند گالیسكه‌یه‌ك ده‌بینێت،
له‌گه‌ڵ ئه‌سپ سوار جووت جووت،
سواری گوێدرێژ یان سواری وشتر،
با به‌ ته‌واوی گوێی شل بكات،
زۆر شلی بكات.»
8
ئینجا ئێشكگره‌كه‌ هاواری كرد:
«گه‌وره‌م، من به‌رده‌وام به‌ ڕۆژ به‌ پێوه‌ له‌سه‌ر قولله‌ی چاودێرییه‌كه‌ ڕاوه‌ستاوم،
هه‌موو شه‌وان له‌ بنكه‌ی پاساوانیێتیم، من دامه‌زراوم.
9
ئه‌وه‌تا پیاوێك به‌ سواری گالیسكه‌ هاتووه‌،
له‌گه‌ڵ ئه‌سپ سوار جووت جووت.
وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت:
”كه‌وتووه‌، بابل كه‌وتووه‌!
هه‌موو وێنه‌ی خوداوه‌نده‌كانی
به‌ره‌و زه‌وی شكان!“»
10
ئه‌ی خه‌ڵكینه‌، كه‌ له‌سه‌ر جۆخین جه‌نجه‌ركراون،
ئه‌وه‌ی له‌ یه‌زدانی سوپاسالاره‌وه‌ بیستوومه‌
له‌ خودای ئیسرائیله‌وه‌ پێتان ڕاده‌گه‌یه‌نم.
سروشێك سه‌باره‌ت به‌ ئه‌دۆم 
11
سروشێك سه‌باره‌ت به‌ دوما:
له‌ سێعیره‌وه‌ هاوارم بۆ ده‌كرێت،
«ئێشكگر، شه‌و چه‌ندی ماوه‌؟
ئێشكگر، شه‌و چه‌ندی ماوه‌؟»
12
ئێشكگره‌كه‌ش[b] وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌:
«به‌یانی دێت، هه‌روه‌ها شه‌ویش.
ئه‌گه‌ر داواكارن، داوا بكه‌ن،
بگه‌ڕێنه‌وه‌، وه‌رن.»
سروشێك سه‌باره‌ت به‌ عه‌ره‌بستان 
13
سروشێك سه‌باره‌ت به‌ عه‌ره‌بستان:
ئه‌ی كاروانی دیدانییه‌كان،
ئه‌وانه‌ی له‌نێو ده‌وه‌نه‌كانی عه‌ره‌بستان شه‌و به‌سه‌رده‌به‌ن،
14
به‌ره‌وپیری تینوو، ئاو بهێنن.
ئه‌ی دانیشتووانی خاكی تێما،
به‌ نانه‌وه‌ به‌ره‌و ڕووی هه‌ڵاتوو بچن،
15
چونكه‌ له‌ ڕووی شمشێر هه‌ڵاتوون،
له‌ ڕووی شمشێری هه‌ڵكێشراو،
له‌ ڕووی كه‌وانی توندكراو،
له‌ ڕووی سه‌ختی جه‌نگ.
16
په‌روه‌ردگار ئه‌مه‌م پێ ده‌فه‌رموێت: «دوای یه‌ك ساڵی ڕه‌به‌ق، هه‌موو شكۆمه‌ندی قێدار به‌سه‌رده‌چێت و
17
پاشماوه‌ی پاڵه‌وانه‌ كه‌وان به‌ده‌سته‌كانی نه‌وه‌ی قێدار ژماره‌یان كه‌م ده‌بن، چونكه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل فه‌رمووی.»
  1. a. 21‏:1 ده‌كرێت مه‌به‌ست له‌ ناوچه‌ی خوارووی خاكی بابل بێت كه‌ نزیكی كه‌نداوی فارس.
  2. b. 21‏:12 مه‌به‌ست له‌ پێغه‌مبه‌ر ئیشایایه‌.