عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- سروشێک سەبارەت بە دیمەشق
- 1
- سروشێک سەبارەت بە دیمەشق:
«بڕوانە، دیمەشق لەنێو شاران دەسڕێتەوە و
دەبێتە تەپەیەکی ڕووخاو. - 2
- شارەکانی عەرۆعێر بەجێماون و
بۆ مێگەلەکان دەبن،
تێیدا ڕادەکشێن،
کەس نییە بیانترسێنێت. - 3
- قەڵا لە ئەفرایم نامێنێت و
پاشایەتیش لە دیمەشق.
پاشماوەی ئارام وەک
شکۆمەندی نەوەی ئیسرائیلی لێ دێت،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. - 4
- «لەو ڕۆژەدا شکۆمەندی یاقوب نزم دەبێتەوە،
قەڵەوی گۆشتەکەی لاواز دەبێت. - 5
- وەک کۆکردنەوەی دەغڵی بەپێوە ڕاوەستاو دەبێت لەلایەن دروێنەکەرانەوە،
بازووشی گوڵەگەنم دەدروێتەوە.
وەک هەڵگرتنەوەی گوڵەگەنم دەبێت
لە دۆڵی ڕفایم. - 6
- وەک تەکاندنی دار زەیتوون
کە پاشماوەی تێدا دەمێنێتەوە،
دوو یان سێ دەنک لەسەر چڵەکان،
چوار یان پێنج لە لقە بەردارەکان.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، خودای ئیسرائیل. - 7
- لەو ڕۆژەدا مرۆڤ ئاوڕ لە دروستکەرەکەی دەداتەوە و
چاوەکانیش بەرەو خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلە. - 8
- ئاوڕ لە قوربانگاکان ناداتەوە
کە دروستکراوی دەستی خۆین،
ئەوەی پەنجەکانی دروستی کردوون سەیریان ناکات،
ستوونە ئەشێراکان[a] و قوربانگاکانی بخوور. - 9
- لەو ڕۆژەدا شارە قەڵابەندەکانی وەک کەلاوەی چۆڵکراوی ناو دارستانەکان و چڵەدارەکانی لێدێت کە لە ڕووی نەوەی ئیسرائیل چۆڵیان کردن، جا وێران دەبێت.
- 10
- خودای ڕزگارکەری خۆتت لەبیر چوو،
تاشەبەردەکەت، قەڵاکەت بەبیر نەهاتەوە.
لەبەر ئەوە ڕووەکی چاک دەچێنن
بەڵام نەمامی نامۆ سەرهەڵدەدات. - 11
- ئەو ڕۆژەی دەیچێنیت، وای لێ دەکەیت نەمام بکات
بۆ بەیانی وای لێ دەکەیت گوڵ بکات،
بەڵام دروێنە لە ڕۆژی نەخۆشی و ئازاری
بێ چارەسەردا لەدەست دەچێت. - 12
- ئای لە هاژەهاژی خەڵکانێکی زۆر،
وەک هاژەی دەریا کە دەهەژێت!
خوڕەی نەتەوەکان
وەک خوڕەی ئاوی زۆر کە خوڕەی دێت! - 13
- نەتەوەکان کە خوڕەیان دێت وەک خوڕەی ئاوی زۆر،
بەڵام تێیان ڕادەخوڕێت و بۆ دوور هەڵدێن،
وەک پووشی چیاکان لەبەردەم با ڕاو دەنرێت و
وەک تەپوتۆز لەبەردەم ڕەشەبا. - 14
- دەمەو ئێوارە تۆقینێکی لەناکاوە!
بەرەبەیانێکی زوو نامێنن!
ئەمە بەشی تاڵانکارانمانە،
بەختی ڕاوڕووتکارانمانە.
- a. 17:8 ستوونە ئەشێرا: هێمای خواژنە. بڕوانە یەکەم پاشایان 11:5.