عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
به‌رخ وه‌ك سه‌رانه‌ بنێرن
بۆ فه‌رمانڕه‌وای خاكه‌كه‌،
له‌ سه‌له‌عه‌وه‌ به‌ چۆڵه‌وانیدا
به‌ره‌و چیاكه‌ی شاری سییۆن.
2
وه‌ك باڵنده‌ی هه‌ڵاتوون
وه‌ك له‌ هێلانه‌ ده‌رپه‌ڕێنراویان لێدێت،
كچانی مۆئاب
له‌ ته‌نكاییه‌كانی ڕووباری ئه‌رنۆن.
3
«ڕاوێژ بكه‌،
دادوه‌ری ئه‌نجام بده‌،
له‌ قرچه‌ی نیوه‌ڕۆدا
سێبه‌رت وه‌ك شه‌وی لێ بكه‌.
ده‌ركراوه‌كان بشاره‌وه‌،
هه‌ڵاتووه‌كان ئاشكرا مه‌كه‌.
4
با ئاواره‌كانی مۆئاب له‌لات بمێننه‌وه‌،
له‌ ڕووی كاولكه‌ر بۆیان ببه‌ په‌ناگا.»
كاتێك چه‌وسێنه‌ر كۆتایی پێ دێت،
كاولبوون نامێنێت،
پێشێلكاران له‌ خاكه‌كه‌دا له‌ناوده‌چن.
5
به‌ خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕ ته‌خت جێگیر ده‌بێت،
یه‌كێك له‌ بنه‌ماڵه‌ی داود
دادپه‌روه‌ر و داواكاری دادپه‌روه‌ری،
ده‌ستپێشخه‌ر بۆ ڕاستودروستی
به‌ دڵسۆزییه‌وه‌ له‌سه‌ری داده‌نیشێت.
6
لووتبه‌رزی مۆئابمان بیست،
لووتبه‌رزییه‌كی زۆر،
خۆبه‌زلزانی و لووتبه‌رزی و به‌فیزی،
به‌ڵام قسه‌ پووچه‌كانی ناچه‌سپێن.
7
له‌به‌ر ئه‌وه‌ با خه‌ڵكی مۆئاب واوه‌یلا بكه‌ن،
سه‌راپا بۆ مۆئاب واوه‌یلا بكه‌ن.
ئه‌ی مۆئابییه‌ به‌زێنراوه‌كان،
بۆ نانی كشمیشی[a] قییر حه‌راسه‌ت شیوه‌ن بگێڕن.
8
چونكه‌ كێڵگه‌كانی حه‌شبۆن سیس بوون،
هه‌روه‌ها ڕه‌زه‌كه‌ی سیڤما.
گه‌وره‌كانی نه‌ته‌وه‌كان
شا مێوه‌كانییان شكاند،
كه‌ گه‌یشتبووه‌ یه‌عزێر و
په‌لی هاویشت هه‌تا چۆڵه‌وانی.
لقه‌كانی درێژ ببوونه‌وه‌ و
له‌ ده‌ریا په‌ڕیبوونه‌وه‌.
9
له‌به‌ر ئه‌وه‌ گریانی یه‌عزێر ده‌گریێم
بۆ ڕه‌زه‌كه‌ی سیڤما،
به‌ فرمێسكه‌كانم ئاوتان ده‌ده‌م
ئه‌ی حه‌شبۆن و ئه‌لعالێ!
چونكه‌ له‌ كاتی میوه‌ گه‌ییوه‌كانت و دروێنه‌كانت
هه‌راوزه‌نای جه‌نگ هات.
10
خۆشی و شادی له‌ باخ بڕایه‌وه‌،
له‌ناو ڕه‌زان گۆرانی ناگوترێت و هاوار ناكرێت،
شه‌راب له‌ناو گوشه‌ر ناگوشرێت،
هوتاف كپ بوو.
11
له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ناوم وه‌ك قیساره‌ بۆ مۆئاب ده‌ناڵێنێت،
ناخیشم بۆ قییر حه‌راسه‌ت.
12
جا كه‌ مۆئاب له‌ نزرگه‌ی سه‌ر به‌رزاییه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت،
ماندوو ده‌بێت.
كه‌ ده‌چێته‌ ناو نزرگه‌كه‌وه‌ نوێژ بكات،
قبوڵ نابێت.
13
ئه‌مه‌ ئه‌و فه‌رمایشته‌یه‌ كه‌ یه‌زدان پێشتر به‌ مۆئابی فه‌رموو.
14
ئێستاش یه‌زدان ده‌دوێت و ده‌فه‌رموێت: «له‌ ماوه‌ی سێ ساڵدا وه‌ك ساڵه‌كانی كرێگرته‌، سه‌نگینی مۆئاب سووك ده‌بێت، به‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ زۆره‌وه‌، پاشماوه‌كه‌ی زۆر كه‌م و لاواز ده‌بێت.»
  1. a. 16‏:7 نانی كشمیش بۆ به‌عل پێشكه‌ش ده‌كرا وه‌ك سوپاسگوزاری بۆ دروێنه‌ و خه‌رمان.