عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سروشێک سەبارەت بە مۆئاب 
1
سروشێک سەبارەت بە مۆئاب:
عار لە مۆئاب وێران بوو،
لە یەک شەودا کاول بوو!
قییر لە مۆئاب وێران بوو،
لە یەک شەودا کاول بوو!
2
دیڤۆنیش بۆ پەرستگاکەی[a] سەرکەوت،
بۆ نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان بۆ گریان،
مۆئاب بەسەر نیبۆ و مادەبادا شیوەن دەکات.
هەموو سەرێک ڕووتاوەتەوە و
هەموو ڕیشێک تاشراون.
3
لە شەقامەکانی جلوبەرگی گوش[b] دەپۆشن،
لە سەربانەکانی و لە گۆڕەپانەکانی
هەموو شیوەن دەکەن
بەخوڕ دەگریێن.
4
حەشبۆن و ئەلعالێ هاواریانە،
دەنگیان لە یەهەچ دەبیسترێت.
لەبەر ئەوە چەکدارەکانی مۆئاب هاوار دەکەن
گیانیان دەلەرزێت.
5
دڵم بۆ مۆئاب دەناڵێنێت،
هەڵاتووەکانی بەرەو زۆعەر ڕادەکەن،
هەتا عەگلەت شەلیشیا.
بە گریانەوە
لە هەورازەکەی لوحیت سەردەکەون،
لە ڕێگای حۆرۆنایم
هاواری شکست بەرز دەکەنەوە.
6
ئاوەکانی نیمریم وشک بوون،
گیایەکەش سیس بوو،
لەوەڕگا نەما و
سەوزایی نەما.
7
لەبەر ئەوە ئەو سامانەی بەدەستیان هێنا و شتە ئەمبارکراوەکانیان
هەتا شیوی ئەسپیندار هەڵدەگرن.
8
هاوار سنووری مۆئابی گرتەوە،
واوەیلای دەگاتە ئەگلەیم،
واوەیلای لە بیری ئێلیمە.
9
ئاوەکانی دیمۆن پڕن لە خوێن،
بەڵام زیاتر بەسەر دیمۆندا دەهێنم،
شێر بۆ سەر دەربازبووەکانی مۆئاب و
بۆ پاشماوەی خاکەکە دەهێنم.
  1. a. 15‏:2 مەبەست لە پەرستگای بتپەرستانە، نەک پەرستگاکەی یەزدان.‏
  2. b. 15‏:3 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.‏