عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
چونكه‌ یه‌زدان به‌زه‌یی به‌ یاقوبدا دێته‌وه‌ و
دیسان ئیسرائیل هه‌ڵده‌بژێرێته‌وه‌،
له‌ خاكه‌كه‌ی خۆیان ده‌یانحه‌سێنێته‌وه‌،
نامۆكان خۆیانی پێوه‌ ده‌لكێنن و
دێنه‌ پاڵ بنه‌ماڵه‌ی یاقوب.
2
گه‌لان ده‌یانگرن و
ده‌یانبه‌ن بۆ شوێنی خۆیان،
به‌ڵام بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گرن و
ده‌یانكه‌ن به‌ كۆیله‌ و كه‌نیزه‌ له‌ خاكی یه‌زدان،
ده‌بنه‌ ڕاپێچكه‌ری ڕاپێچكه‌رانیان و
ده‌سه‌ڵاتدار ده‌بن به‌سه‌ر سته‌مكارانیاندا.
3
ئه‌و ڕۆژه‌ی یه‌زدان له‌ ناخۆشی و هه‌راسانی و ئه‌و كۆیلایه‌تییه‌ سه‌خته‌ی چێژتت ده‌تحه‌سێنێته‌وه‌،
4
ئه‌م په‌نده‌ به‌سه‌ر پاشای بابلدا هه‌ڵده‌ده‌یت و ده‌ڵێیت:
زۆردار چۆن كۆتایی پێ هات!
خۆبه‌زلزانه‌كه‌ چۆن كۆتایی هات!
5
یه‌زدان گۆچانی به‌دكارانی شكاند،
دارده‌ستی فه‌رمانڕه‌واكان،
6
ئه‌وانه‌ی به‌ قینه‌وه‌ له‌ گه‌له‌كانیان ده‌دا،
لێدانێكی بێ بڕانه‌وه‌،
به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتیان له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كان په‌یڕه‌و ده‌كرد،
بێ به‌زه‌یی ده‌یانچه‌وساندنه‌وه‌.
7
هه‌موو زه‌وی حه‌سایه‌وه‌ و دڵنیابوو
به‌ هوتاف لێدان ده‌نگیان هه‌ڵبڕی.
8
هه‌روه‌ها دار سنه‌وبه‌ر و ئورزی لوبنانیش
شادن به‌وه‌ی به‌سه‌رت هاتووه‌ و ده‌ڵێن:
«له‌و كاته‌وه‌ی تۆ ڕاكشایت
داربڕ نه‌هاتووه‌ته‌ سه‌رمان.»
9
جیهانی مردووان له‌ ژێره‌وه‌ ده‌وروژێنێت
بۆ پێشوازی له‌ هاتنت،
ڕۆحی مردووه‌كان بۆ تۆ هه‌ڵده‌ستێنێت،
هه‌موو سه‌ركرده‌كانی جیهان،
له‌سه‌ر ته‌خته‌كانیان هه‌ڵیانده‌ستێنێت،
هه‌موو پاشایانی نه‌ته‌وه‌كان.
10
هه‌موو وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌ و پێت ده‌ڵێن:
«هه‌روه‌ها تۆش وه‌ك ئێمه‌ لاواز بوویت،
وه‌ك ئێمه‌ت لێ هات.»
11
مه‌زنیت شۆڕكرایه‌وه‌ ناو جیهانی مردووان
به‌ده‌م ئاوازی سازه‌كانت،
له‌ ژێرت مۆرانه‌ ڕاده‌خرێت و
كرمیش ده‌بێته‌ لێفه‌ت.
12
چۆن له‌ ئاسمانه‌وه‌ به‌ربوویته‌وه‌،
ئه‌ی ئه‌ستێره‌ی پڕشنگدار،[a] كوڕی به‌ره‌به‌یان!
به‌ره‌و زه‌وی بڕایته‌وه‌،
ئه‌ی به‌زێنه‌ری نه‌ته‌وه‌كان!
13
تۆ كه‌ له‌ دڵی خۆتدا گوتت:
«سه‌رده‌كه‌وم بۆ ئاسمان،
له‌ سه‌رووی ئه‌ستێره‌كانی خوداوه‌
ته‌ختی خۆم به‌رز ده‌كه‌مه‌وه‌،
له‌سه‌ر كێوی ژووان داده‌نیشم،
له‌سه‌ر لووتكه‌ی چافۆن.
14
سه‌رده‌كه‌ومه‌ سه‌ر به‌رزاییه‌كانی هه‌ور،
خۆم وه‌ك خودای هه‌ره‌به‌رز لێده‌كه‌م.»
15
به‌ڵام به‌ره‌و جیهانی مردووان شۆڕ بوویته‌وه‌،
به‌ره‌و قووڵایی بیری بێ بن.
16
ئه‌وانه‌ی ده‌تبینن ته‌ماشات ده‌كه‌ن،
لێت ورد ده‌بنه‌وه‌:
«ئایا ئه‌مه‌ ئه‌و پیاوه‌یه‌ كه‌ زه‌وی له‌رزاند،
شانشینه‌كانی هه‌ژاند،
17
ئه‌وه‌ی جیهانی كرده‌ چۆڵه‌وانی،
شاره‌كانی جیهانی ته‌فروتونا كرد،
ئه‌وه‌ی دیله‌كانی به‌ره‌و ماڵی خۆیان به‌ڕه‌ڵا نه‌كرد؟»
18
هه‌موو پاشایانی نه‌ته‌وه‌كان به‌ ڕێزه‌وه‌ ڕاكشان،
هه‌ریه‌كه‌ و له‌ ئارامگای خۆی.
19
به‌ڵام تۆ له‌ گۆڕه‌كه‌ته‌وه‌ تووڕ هه‌ڵده‌درێیت
وه‌ك چڵه‌دارێكی ڕه‌تكراوه‌.
داده‌پۆشرێیت به‌ ته‌رمی كوژراوان
كه‌ به‌ شمشێر لێیان دراوه‌،
شۆڕبووه‌وه‌كان به‌ره‌و به‌رده‌كانی بیری بێ بن.
وه‌ك لاشه‌ی پێشێلكراو،
20
له‌ ناشتن له‌گه‌ڵیاندا یه‌ك ناگریت،
چونكه‌ خاكه‌كه‌ی خۆتت كاول كرد،
گه‌له‌كه‌ی خۆتت كوشت.
توخمی خراپه‌كاران
هه‌تاهه‌تایه‌ ناویان نایه‌ت.
21
سه‌ربڕین بۆ كوڕه‌كانیان ئاماده‌ بكه‌ن
له‌سه‌ر تاوانی باوكانیان،
با هه‌ڵنه‌ستن بۆ ئه‌وه‌ی زه‌وی داگیر بكه‌ن و
ڕووی جیهان به‌ شار پڕ بكه‌نه‌وه‌.
22
«هه‌ڵده‌ستمه‌ سه‌ریان،»
یه‌زدانی سوپاسالار ده‌فه‌رموێت.
«له‌ بابل ناو و پاشماوه‌ و
نه‌وه‌ و وه‌چه‌ ڕیشه‌كێش ده‌كه‌م.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
23
«ده‌یكه‌م به‌ میراتی كونده‌په‌پوو و
گۆمی ئاو،
به‌ گسكی نه‌مان گسكی ده‌ده‌م،»
یه‌زدانی سوپاسالار ده‌فه‌رموێت.
پلان له‌ دژی ئاشور 
24
یه‌زدانی سوپاسالار سوێندی خوارد و فه‌رمووی:
«بێگومان هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی دامڕشتووه‌ ئاوا ده‌بێت،
وه‌ك ئه‌وه‌ی پلانم بۆ داناوه‌ دێته‌ دی.
25
ئاشور له‌ خاكه‌كه‌ی خۆم ده‌شكێنم،
له‌سه‌ر چیاكانم پێشێلی ده‌كه‌م،
جا نیره‌كه‌ی له‌سه‌ریان لاده‌چێت و
بارگرانییه‌كه‌ی له‌ كۆڵیان ده‌بێته‌وه‌.»
26
ئه‌مه‌ ئه‌و پلانه‌یه‌ كه‌ بۆ هه‌موو جیهان داڕێژراوه‌ و
ئه‌مه‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ كه‌ بۆ سه‌ر هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان درێژكراوه‌.
27
چونكه‌ یه‌زدانی سوپاسالار پلانی داناوه‌، كێ پووچی ده‌كاته‌وه‌؟
ده‌ستی ئه‌وه‌ درێژكراوه‌، كێ ده‌یگێڕێته‌وه‌؟
سروشێك سه‌باره‌ت به‌ فه‌له‌ستییه‌كان 
28
له‌ ساڵی مردنی ئاحازی پاشادا ئه‌م سروشه‌ هات:
29
ئه‌ی هه‌موو فه‌له‌ستییه‌كان شاد مه‌بن،
كه‌ گۆچانی لێده‌ره‌كه‌ت شكا،
چونكه‌ تووله‌ مار له‌ ڕه‌گی ماره‌وه‌ ده‌رده‌چێت و
به‌ره‌كه‌ی مارێكی سووتێنه‌ری باڵداره‌.
30
هه‌ژارترینی هه‌ژاران به‌خێو ده‌كرێن و
نه‌داران به‌ ئاسووده‌یی پاڵ ده‌ده‌نه‌وه‌،
ڕه‌گی تۆش به‌ قاتوقڕی ده‌كوژم و
پاشماوه‌كه‌شت ده‌كوژرێت.
31
ئه‌ی ده‌روازه‌ واوه‌یلا بكه‌! ئه‌ی شار هاوار بكه‌!
ئه‌ی فه‌له‌ستی سه‌راپات توایه‌وه‌!
چونكه‌ دووكه‌ڵ له‌ باكووره‌وه‌ دێت و
ناڕێكی له‌ ڕیزه‌كانی نابینرێت.
32
چی وه‌ڵامی نێردراوی نه‌ته‌وه‌كان ده‌درێته‌وه‌؟
«كه‌ یه‌زدان سییۆنی دامه‌زراند،
له‌ ئه‌ودا گه‌له‌ چه‌وسێنراوه‌كه‌ی په‌ناگیر ده‌بن.»
  1. a. 14‏:12 ده‌ربڕینێكه‌ نووسه‌ر به‌ گاڵته‌جاڕییه‌وه‌ به‌ پاشای بابلی ده‌ڵێت.