عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سروشێك سه‌باره‌ت به‌ بابل 
1
سروشێك[a] سه‌باره‌ت به‌ بابل ئه‌وه‌ی ئیشایای كوڕی ئامۆچ بینی:
2
له‌سه‌ر كێوێكی ڕووت ئاڵایه‌ك هه‌ڵبكه‌ن،
ده‌نگیان لێ به‌رز بكه‌نه‌وه‌،
ده‌ست ڕابشه‌كێنن با بێنه‌ ژووره‌وه‌
بۆ ناو ده‌رگای میران.
3
من فه‌رمانم به‌ ته‌رخانكراوه‌كانم كرد،
هه‌روه‌ها بانگی پاڵه‌وانه‌كانی خۆمم كرد له‌به‌ر تووڕه‌ییم،
ئه‌و پاڵه‌وانانه‌ی دڵخۆشن به‌ سه‌ركه‌وتنم.
4
گوێ بگرن، ده‌نگی هه‌راوهۆریا له‌ چیاكان دێت،
وه‌ك ده‌نگی خه‌ڵكی ئێجگار زۆر!
گوێ بگرن، ده‌نگی هاتوهه‌رای شانشینه‌كان دێت،
وه‌ك ده‌نگی نه‌ته‌وه‌كان كۆبوونه‌ته‌وه‌!
یه‌زدانی سوپاسالار
سوپایان لێ پێكده‌هێنێت بۆ جه‌نگ!
5
له‌ خاكێكی دووره‌وه‌ دێن،
له‌وپه‌ڕی ئاسمانه‌وه‌ دێن،
یه‌زدان و چه‌كه‌كانی تووڕه‌یی،
بۆ تێكوپێكدانی سه‌راپای زه‌وی.
6
واوه‌یلا بكه‌ن، چونكه‌ ڕۆژی یه‌زدان[b] نزیك بووه‌ته‌وه‌،
وه‌ك وێرانبوون له‌لایه‌ن خودای هه‌ره‌ به‌ تواناوه‌ دێت.
7
له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موو ده‌سته‌كان شل ده‌بن،
هه‌موو دڵێكی مرۆڤ ده‌توێته‌وه‌.
8
ڕاده‌چڵه‌كێن،
ئازار و ژان ده‌یانگرێت،
وه‌ك منداڵبوو ده‌تلێنه‌وه‌.
پیاو واقی وڕده‌مێنێت له‌ هاوڕێكه‌ی،
ڕوویان وه‌ك ڕووی گڕی ئاگره‌.
9
ئه‌وه‌تا ڕۆژی یه‌زدان دێت،
سه‌خته‌، توندوتیژ و تووڕه‌یی به‌ جۆشه‌،
بۆ ئه‌وه‌ی زه‌وی وێران بكات و
گوناهبارانی لێ ببڕێته‌وه‌.
10
چونكه‌ ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان و كه‌لووه‌كانی
ڕووناكییان ده‌رناخه‌ن،
خۆر له‌ كاتی هه‌ڵاتنی تاریك دادێت،
مانگیش ڕووناكییه‌كه‌ی نادره‌وشێته‌وه‌.
11
سزای جیهان ده‌ده‌م له‌سه‌ر خراپه‌كه‌ی،
به‌دكارانیش له‌سه‌ر تاوانه‌كانیان،
كۆتایی ده‌هێنم به‌ فیزی لووتبه‌رزان و
سه‌ری بێ ویژدانه‌كان شۆڕ ده‌كه‌م.
12
مرۆڤ له‌ زێڕی بێگه‌رد ده‌گمه‌نتر ده‌كه‌م و
ئاده‌میزادیش له‌ زێڕی ئۆفیر.
13
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئاسمان ده‌هه‌ژێنم و
زه‌ویش له‌ شوێنی خۆی ده‌له‌رزێت،
له‌به‌ر تووڕه‌یی یه‌زدانی سوپاسالار و
له‌ ڕۆژی هه‌ڵچوونی تووڕه‌ییه‌كه‌ی.
14
وه‌ك مامزی ڕاونراو ده‌بێت و
وه‌ك ڕانه‌ مه‌ڕ كه‌س نه‌بێت كۆی بكاته‌وه‌،
هه‌ركه‌سه‌ ڕوو له‌ گه‌له‌كه‌ی خۆی ده‌كات و
هه‌ركه‌سه‌ به‌ره‌و خاكه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵدێت.
15
ئه‌وه‌ی بدۆزرێته‌وه‌ ده‌درێته‌ به‌ر خه‌نجه‌ر و
ئه‌وه‌ی بگیرێت به‌ شمشێر ده‌كوژرێت.
16
منداڵه‌كانیان له‌به‌رچاویان پارچه‌پارچه‌ ده‌كرێن و
ماڵیان تاڵان ده‌كرێت و ژنه‌كانیان زه‌وت ده‌كرێن.
17
ئه‌وه‌تا من ماده‌كان له‌ دژیان هه‌ڵده‌ستێنم،
ئه‌وانه‌ی گوێ به‌ زیو ناده‌ن و
كه‌یفیان به‌ زێڕ نایه‌ت.
18
كه‌وانه‌كانیان لاوان تێكده‌شكێنن،
به‌زه‌ییان به‌ كۆرپه‌كاندا نایه‌ته‌وه‌،
دڵیان به‌ منداڵان ناسووتێت.
19
بابلی شكۆمه‌ندی شانشینه‌كان و
جوانی شانازی كلدانییه‌كان
وه‌ك سه‌دۆم و عه‌مۆرا ده‌بێت،
كه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ سه‌ره‌وژێر كرابێت.
20
هه‌تاهه‌تایه‌ ئاوه‌دان ناكرێته‌وه‌ و
نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ كه‌س تێیدا نیشته‌جێ نابێت،
عه‌ره‌ب له‌وێ ده‌وار هه‌ڵنادات،
شوانه‌كان له‌وێ مێگه‌ل مۆڵ ناده‌ن.
21
به‌ڵام له‌وێ دڕنده‌ بیابانییه‌كان ڕاده‌كشێن،
چه‌قه‌ڵ خانووه‌كانی پڕ ده‌كه‌ن؛
كونده‌په‌پوو له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بێت،
ته‌گه‌ له‌وێ سه‌ما ده‌كه‌ن.
22
كه‌متیار له‌ناو قه‌ڵاكانی بابل ده‌لوورێنێت،
چه‌قه‌ڵیش له‌ناو كۆشكه‌كانی.
كاته‌كه‌ی نزیكه‌ بۆ هاتن،
ڕۆژگاری درێژه‌ ناكێشێت.
  1. a. 13‏:1 ‏فه‌رمووده‌یه‌كی خودایه‌ كه‌ له‌ ڕێگای ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌ بۆ مرۆڤ هاتبێت.
  2. b. 13‏:6 ڕۆژی سزادانی گوناهباران و ڕزگاركردنی گه‌لی خودا.