عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
یەزدان بەزەیی بە یاقوبدا دێتەوە و
دیسان ئیسرائیل هەڵدەبژێرێتەوە،
لە خاکەکەی خۆیان دەیانحەسێنێتەوە،
نامۆکان خۆیانی پێوە دەلکێنن و
دێنە پاڵ بنەماڵەی یاقوب.
2
گەلان دەیانگرن و
دەیانبەن بۆ شوێنی خۆیان،
بەڵام بنەماڵەی ئیسرائیل دەستیان بەسەردا دەگرن و
دەیانکەن بە کۆیلە و کەنیزە لە خاکی یەزدان،
دەبنە ڕاپێچکەری ڕاپێچکەرانیان و
دەسەڵاتدار دەبن بەسەر ستەمکارانیاندا.
3
ئەو ڕۆژەی یەزدان لە ناخۆشی و هەراسانی و ئەو کۆیلایەتییە سەختەی چێژتت دەتحەسێنێتەوە،
4
ئەم پەندە بەسەر پاشای بابلدا هەڵدەدەیت و دەڵێیت:
زۆردار چۆن کۆتایی پێ هات!
خۆبەزلزانەکە چۆن کۆتایی هات!
5
یەزدان گۆچانی بەدکارانی شکاند،
داردەستی فەرمانڕەواکان،
6
ئەوانەی بە قینەوە لە گەلەکانیان دەدا،
لێدانێکی بێ بڕانەوە،
بە تووڕەییەوە دەسەڵاتیان لەسەر نەتەوەکان پەیڕەو دەکرد،
بێ بەزەیی دەیانچەوساندنەوە.
7
هەموو زەوی حەسایەوە و دڵنیابوو
بە هوتاف لێدان دەنگیان هەڵبڕی.
8
هەروەها دار سنەوبەر و ئورزی لوبنانیش
شادن بەوەی بەسەرت هاتووە و دەڵێن:
«لەو کاتەوەی تۆ ڕاکشایت
داربڕ نەهاتووەتە سەرمان.»
9
جیهانی مردووان لە ژێرەوە دەوروژێنێت
بۆ پێشوازی لە هاتنت،
ڕۆحی مردووەکان بۆ تۆ هەڵدەستێنێت،
هەموو سەرکردەکانی جیهان،
لەسەر تەختەکانیان هەڵیاندەستێنێت،
هەموو پاشایانی نەتەوەکان.
10
هەموو وەڵام دەدەنەوە و پێت دەڵێن:
«هەروەها تۆش وەک ئێمە لاواز بوویت،
وەک ئێمەت لێ هات.»
11
مەزنیت شۆڕکرایەوە ناو جیهانی مردووان
بەدەم ئاوازی سازەکانت،
لە ژێرت مۆرانە ڕادەخرێت و
کرمیش دەبێتە لێفەت.
12
چۆن لە ئاسمانەوە بەربوویتەوە،
ئەی ئەستێرەی پڕشنگدار،[a] کوڕی بەرەبەیان!
بەرەو زەوی بڕایتەوە،
ئەی بەزێنەری نەتەوەکان!
13
تۆ کە لە دڵی خۆتدا گوتت:
«سەردەکەوم بۆ ئاسمان،
لە سەرووی ئەستێرەکانی خوداوە
تەختی خۆم بەرز دەکەمەوە،
لەسەر کێوی ژووان دادەنیشم،
لەسەر لووتکەی چافۆن.
14
سەردەکەومە سەر بەرزاییەکانی هەور،
خۆم وەک خودای هەرەبەرز لێدەکەم.»
15
بەڵام بەرەو جیهانی مردووان شۆڕ بوویتەوە،
بەرەو قووڵایی بیری بێ بن.
16
ئەوانەی دەتبینن تەماشات دەکەن،
لێت ورد دەبنەوە:
«ئایا ئەمە ئەو پیاوەیە کە زەوی لەرزاند،
شانشینەکانی هەژاند،
17
ئەوەی جیهانی کردە چۆڵەوانی،
شارەکانی جیهانی تەفروتونا کرد،
ئەوەی دیلەکانی بەرەو ماڵی خۆیان بەڕەڵا نەکرد؟»
18
هەموو پاشایانی نەتەوەکان بە ڕێزەوە ڕاکشان،
هەریەکە و لە ئارامگای خۆی.
19
بەڵام تۆ لە گۆڕەکەتەوە تووڕ هەڵدەدرێیت
وەک چڵەدارێکی ڕەتکراوە.
دادەپۆشرێیت بە تەرمی کوژراوان
کە بە شمشێر لێیان دراوە،
شۆڕبووەوەکان بەرەو بەردەکانی بیری بێ بن.
وەک لاشەی پێشێلکراو،
20
لە ناشتن لەگەڵیاندا یەک ناگریت،
چونکە خاکەکەی خۆتت کاول کرد،
گەلەکەی خۆتت کوشت.
با توخمی خراپەکاران
هەتاهەتایە ناویان نەیەت.
21
سەربڕین بۆ کوڕەکانیان ئامادە بکەن
لەسەر تاوانی باوکانیان،
با هەڵنەستن بۆ ئەوەی زەوی داگیر بکەن و
ڕووی جیهان بە شار پڕ بکەنەوە.
22
«هەڵدەستمە سەریان،»
یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت.
«لە بابل ناو و پاشماوە و
نەوە و وەچە ڕیشەکێش دەکەم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
23
«دەیکەم بە میراتی کوندەپەپوو و
گۆمی ئاو،
بە گسکی نەمان گسکی دەدەم،»
یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت.
پلان لە دژی ئاشور 
24
یەزدانی سوپاسالار سوێندی خوارد و فەرمووی:
«بێگومان هەروەک ئەوەی دامڕشتووە ئاوا دەبێت،
وەک ئەوەی پلانم بۆ داناوە دێتە دی.
25
ئاشور لە خاکەکەی خۆم دەشکێنم،
لەسەر چیاکانم پێشێلی دەکەم،
جا نیرەکەی لەسەریان لادەچێت و
بارگرانییەکەی لە کۆڵیان دەبێتەوە.»
26
ئەمە ئەو پلانەیە کە بۆ هەموو جیهان داڕێژراوە و
ئەمە ئەو دەستەیە کە بۆ سەر هەموو نەتەوەکان درێژکراوە.
27
یەزدانی سوپاسالار پلانی داناوە، کێ پووچی دەکاتەوە؟
دەستی ئەوە درێژکراوە، کێ دەیگێڕێتەوە؟
سروشێک سەبارەت بە فەلەستییەکان 
28
لە ساڵی مردنی ئاحازی پاشادا ئەم سروشە هات:
29
ئەی هەموو فەلەستییەکان شاد مەبن،
کە گۆچانی لێدەرەکەت شکا،
چونکە توولە مار لە ڕەگی مارەوە دەردەچێت و
بەرەکەی مارێکی سووتێنەری باڵدارە.
30
هەژارترینی هەژاران بەخێو دەکرێن و
نەداران بە ئاسوودەیی پاڵ دەدەنەوە،
ڕەگی تۆش بە قاتوقڕی دەکوژم و
پاشماوەکەشت دەکوژرێت.
31
ئەی دەروازە واوەیلا بکە! ئەی شار هاوار بکە!
ئەی فەلەستی سەراپات توایەوە!
چونکە دووکەڵ لە باکوورەوە دێت و
ناڕێکی لە ڕیزەکانی نابینرێت.
32
چی وەڵامی نێردراوی نەتەوەکان دەدرێتەوە؟
«یەزدان سییۆنی دامەزراند و
لە ئەودا گەلە چەوسێنراوەکەی پەناگیر دەبن.»
  1. a. 14‏:12 دەربڕینێکە نووسەر بە گاڵتەجاڕییەوە بە پاشای بابلی دەڵێت.‏