عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
لقەکە لە بنەماڵەی یەسا 
1
چڵێک لە بنەداری یەسا دەردەچێت،
لقێکی نوێ لە ڕەگەکەیەوە دەڕوێت.
2
ڕۆحی یەزدان لەسەری دەنیشێتەوە،
ڕۆحی دانایی و تێگەیشتن،
ڕۆحی ڕاوێژ و ئازایەتی،
ڕۆحی زانین و لەخواترسی،
3
بە لەخواترسی شادمان دەبێت.
بەگوێرەی بینینی چاوی خۆی دادوەری ناکات،
بەگوێرەی بیستنی گوێی خۆی بڕیار نادات،
4
بەڵکو بە ڕاستودروستی دادوەری بۆ هەژاران دەکات و
بە ڕاستی بڕیار بۆ نەدارانی جیهان دەدات.
بە داردەستی دەمی لە زەوی دەدات،
بە بای لێوەکانی بەدکاران دەکوژێت.
5
ڕاستودروستی دەبێتە پشتێن و
دڵسۆزیش دەبێتە کەمەربەند بە ناوقەدیەوە.
6
گورگ لەگەڵ بەرخ نیشتەجێ دەبێت،
پڵنگ لەگەڵ کارەبزن پاڵ دەداتەوە،
گوێرەکە و بەچکە شێر و دابەستە پێکەوەن و
منداڵێکی بچووک بەڕێوەیان دەبات.
7
مانگا و ورچ پێکەوە دەلەوەڕێن،
بێچووەکانیان پێکەوە پاڵ دەدەنەوە،
شێر وەکو گا کا دەخوات.
8
کۆرپەی شیرەخۆرە لەسەر کونی ماری کۆبرا یاری دەکات،
لەشیربڕاوە دەست دەباتە ناو کونی مارەوە.
9
خراپە و گەندەڵی ناکەن لە هەموو کێوی پیرۆزم،
چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی یەزدان
هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.
10
لەو ڕۆژەدا ڕەگەکەی یەسا کە چەقاوە وەک ئاڵای گەلان، نەتەوەکان داوای ئەو دەکەن و شوێنی حەوانەوەی شکۆدار دەبێت.
11
لەو ڕۆژەدا پەروەردگار دووبارە دەستی درێژ دەکاتەوە بۆ کڕینەوەی پاشماوەی گەلەکەی خۆی، ئەوەی ماوەتەوە لە ئاشور، لە پاشایەتی باکووری میسر و پاشایەتی باشووری میسر، لە کوش[a] ، ئیلام، بابل، حەمات و لە دوورگەکانی دەریا.
12
ئاڵایەک بۆ نەتەوەکان بەرز دەکاتەوە و
دوورخراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە،
پەرتەوازەکانی یەهودا خڕدەکاتەوە
لە هەر چوار لای زەوییەوە.
13
بەغیلی ئەفرایم نامێنێت و
هەراسانی یەهوداش دەبڕدرێتەوە،
ئەفرایم بەغیلی بە یەهودا نابات و
یەهوداش ئەفرایم هەراسان ناکات.
14
پێکەوە ڕووەو دەریا بەلای زوورگەکان پەلاماری فەلەستییەکان دەدەن و
خەڵکی ڕۆژهەڵات تاڵان دەکەن.
ئەدۆم و مۆئاب ژێردەستەیان دەبن،
عەمۆنییەکانیش گوێڕایەڵیان دەبن.
15
یەزدان کەنداوی دەریای میسر
تێکوپێک دەدات،
بە بایە سووتێنەرەکەی
دەستی ڕادەوەشێنێت بەسەر فوراتدا،
لێی دەدات و دەیکاتە حەوت جۆگە
بە پێڵاوەوە بەناویدا دەڕۆن.
16
دەبێت بە ڕێگا بۆ پاشماوەی گەلەکەی
ئەوانەی لە ئاشور دەمێننەوە
وەک ئەوەی بۆ ئیسرائیل بوو
لەو ڕۆژەی لە خاکی میسرەوە هاتنە دەرەوە.
  1. a. 11‏:11 واتا ئەو ناوچەیە کە نزیکی سەرچاوەی ڕووباری نیل.‏