عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
لقه‌كه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی یه‌سا 
1
چڵێك له‌ بنه‌داری یه‌سا ده‌رده‌چێت،
لقێكی نوێ له‌ ڕه‌گه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ڕوێت.
2
ڕۆحی یه‌زدان له‌سه‌ری ده‌نیشێته‌وه‌،
ڕۆحی دانایی و تێگه‌یشتن،
ڕۆحی ڕاوێژ و ئازایه‌تی،
ڕۆحی زانین و له‌خواترسی،
3
به‌ له‌خواترسی شادمان ده‌بێت.
به‌گوێره‌ی بینینی چاوی خۆی دادوه‌ری ناكات،
به‌گوێره‌ی بیستنی گوێی خۆی بڕیار نادات،
4
به‌ڵكو به‌ ڕاستودروستی دادوه‌ری بۆ هه‌ژاران ده‌كات و
به‌ ڕاستی بڕیار بۆ نه‌دارانی جیهان ده‌دات.
به‌ دارده‌ستی ده‌می له‌ زه‌وی ده‌دات،
به‌ بای لێوه‌كانی به‌دكاران ده‌كوژێت.
5
ڕاستودروستی ده‌بێته‌ پشتێن و
دڵسۆزیش ده‌بێته‌ كه‌مه‌ربه‌ند به‌ ناوقه‌دیه‌وه‌.
6
گورگ له‌گه‌ڵ به‌رخ نیشته‌جێ ده‌بێت،
پڵنگ له‌گه‌ڵ كاره‌بزن پاڵ ده‌داته‌وه‌،
گوێره‌كه‌ و به‌چكه‌ شێر و دابه‌سته‌ پێكه‌وه‌ن و
منداڵێكی بچووك به‌ڕێوه‌یان ده‌بات.
7
مانگا و ورچ پێكه‌وه‌ ده‌له‌وه‌ڕێن،
بێچووه‌كانیان پێكه‌وه‌ پاڵ ده‌ده‌نه‌وه‌،
شێر وه‌كو گا كا ده‌خوات.
8
كۆرپه‌ی شیره‌خۆره‌ له‌سه‌ر كونی ماری كۆبرا یاری ده‌كات،
له‌شیربڕاوه‌ ده‌ست ده‌باته‌ ناو كونی ماره‌وه‌.
9
خراپه‌ و گه‌نده‌ڵی ناكه‌ن له‌ هه‌موو كێوی پیرۆزم،
چونكه‌ زه‌وی پڕ ده‌بێت له‌ ناسینی یه‌زدان
هه‌روه‌ك ئاو ده‌ریا داده‌پۆشێت.
10
له‌و ڕۆژه‌دا ڕه‌گه‌كه‌ی یه‌سا كه‌ چه‌قاوه‌ وه‌ك ئاڵای گه‌لان، نه‌ته‌وه‌كان داوای ئه‌و ده‌كه‌ن و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی شكۆدار ده‌بێت.
11
له‌و ڕۆژه‌دا په‌روه‌ردگار دووباره‌ ده‌ستی درێژ ده‌كاته‌وه‌ بۆ كڕینه‌وه‌ی پاشماوه‌ی گه‌له‌كه‌ی خۆی، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ له‌ ئاشور، له‌ پاشایه‌تی باكووری میسر و پاشایه‌تی باشووری میسر، له‌ كوش[a] ، ئیلام، بابل، حه‌مات و له‌ دوورگه‌كانی ده‌ریا.
12
ئاڵایه‌ك بۆ نه‌ته‌وه‌كان به‌رز ده‌كاته‌وه‌ و
دوورخراوه‌كانی ئیسرائیل كۆده‌كاته‌وه‌،
په‌رته‌وازه‌كانی یه‌هودا خڕده‌كاته‌وه‌
له‌ هه‌ر چوار لای زه‌وییه‌وه‌.
13
به‌غیلی ئه‌فرایم نامێنێت و
هه‌راسانی یه‌هوداش ده‌بڕدرێته‌وه‌،
ئه‌فرایم به‌غیلی به‌ یه‌هودا نابات و
یه‌هوداش ئه‌فرایم هه‌راسان ناكات.
14
پێكه‌وه‌ ڕووه‌و ده‌ریا به‌لای زوورگه‌كان په‌لاماری فه‌له‌ستییه‌كان ده‌ده‌ن و
خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵات تاڵان ده‌كه‌ن.
ئه‌دۆم و مۆئاب ژێرده‌سته‌یان ده‌بن،
عه‌مۆنییه‌كانیش گوێڕایه‌ڵیان ده‌بن.
15
یه‌زدان كه‌نداوی ده‌ریای میسر
تێكوپێك ده‌دات،
به‌ بایه‌ سووتێنه‌ره‌كه‌ی
ده‌ستی ڕاده‌وه‌شێنێت به‌سه‌ر فوراتدا،
لێی ده‌دات و ده‌یكاته‌ حه‌وت جۆگه‌
به‌ پێڵاوه‌وه‌ به‌ناویدا ده‌ڕۆن.
16
ده‌بێت به‌ ڕێگا بۆ پاشماوه‌ی گه‌له‌كه‌ی
ئه‌وانه‌ی له‌ ئاشور ده‌مێننه‌وه‌
وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ ئیسرائیل بوو
له‌و ڕۆژه‌ی له‌ خاكی میسره‌وه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌.
  1. a. 11‏:11 واته‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ كه‌ نزیكی سه‌رچاوه‌ی ڕووباری نیل.