عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دورینه‌وه‌ی گه‌رده‌لوول 
1
«كه‌ڕه‌نا ببه‌ بۆ ده‌مت!
هه‌ڵۆیه‌ك هاته‌ سه‌ر ماڵی یه‌زدان،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌یمانه‌كه‌ی منیان شكاند و
له‌ فێركردنه‌كانم یاخی بوون.
2
هاوار بۆ من ده‌كه‌ن:
”ئه‌ی خودای ئێمه‌، ئێمه‌ی ئیسرائیل دانت پێدا ده‌نێین!“
3
به‌ڵام ئیسرائیل بێزی له‌ چاكه‌ بووه‌وه‌،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ دوژمن ڕاوی ده‌نێت.
4
ئه‌وان پاشایان دانا، به‌ڵام له‌ منه‌وه‌ نه‌بوو،
میریان دانا، كه‌ من نایانناسم.
له‌ زێڕ و زیوه‌كانیان بتیان بۆ خۆیان دروستكرد،
بۆ له‌ناوچوونیان.
5
ئه‌ی سامیره‌، بته‌ گوێره‌كه‌كه‌ت به‌لاوه‌ بنێ!
تووڕه‌ییم به‌سه‌ریاندا ده‌جۆشێت.
هه‌تا كه‌ی ناتوانن خۆیان بێگه‌رد ڕابگرن؟
6
هه‌روه‌ها ئه‌وانیش هه‌ر له‌ ئیسرائیلن!
وه‌ستایه‌ك ئه‌م بته‌ی دروستكردووه‌، نابێته‌ خودا.
گوێره‌كه‌كه‌ی سامیره‌ پارچه‌پارچه‌ ده‌بێت.
7
«ئه‌وان با ده‌چێنن و
گه‌رده‌لوول ده‌دورنه‌وه‌.
چێنراوێك كه‌ به‌روبوومی نییه‌ و
ئاردی لێ دروستناكرێت و
ئه‌گه‌ر دروستیش كرا
بێگانه‌كان هه‌ڵیده‌لووشن.
8
ئیسرائیل هه‌ڵلووشرا!
ئێستا له‌نێو نه‌ته‌وه‌كاندا
وه‌ك قاپێكیان لێ هاتووه‌ كه‌ هیچ سوودی نییه‌.
9
چونكه‌ وه‌ك كه‌ره‌كێوییه‌كی تاك و ته‌نها
چوونه‌ ئاشور.
ئه‌فرایم خۆی به‌ چه‌ند دۆستێك فرۆشتووه‌.
10
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان خۆیان فرۆشتووه‌،
به‌ڵام ئێستا من كۆیان ده‌كه‌مه‌وه‌،
ئینجا ئه‌وان له‌ژێر باری پاشای توانادار[a] ده‌فه‌وتێن.
11
«هه‌رچه‌نده‌ ئه‌فرایم قوربانگاكانی قوربانی گوناهی زۆر كرد،
بۆی بوونه‌ قوربانگای گوناهكردن.
12
شتی زۆری بۆ ده‌نووسم كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ فێركردنه‌كانم،
به‌ڵام ئه‌و به‌ نامۆیان داده‌نێت.
13
قوربانیم پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و
خۆیان گۆشته‌كه‌ی ده‌خۆن،
به‌ڵام یه‌زدان پێیان ڕازی نییه‌.
ئێستا تاوانه‌كه‌یان ده‌هێنێته‌وه‌ یاد و
سزای گوناهه‌كانیان ده‌دات:
ئه‌وان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ میسر.
14
ئیسرائیل دروستكه‌ری خۆی له‌ یاد كرد و
چه‌ندین كۆشكی بنیاد نا،
یه‌هوداش شاره‌ قه‌ڵابه‌نده‌كان.
به‌ڵام من ئاگر ده‌نێرمه‌ سه‌ر شاره‌كانی
ئینجا قه‌ڵاكانی ده‌خوات.»
  1. a. 8‏:10 مه‌به‌ست له‌ پاشای ئاشوره‌.