عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
كاتێك ئیسرائیلم چاره‌سه‌ر ده‌كرد،
تاوانی ئه‌فرایم ئاشكرا بوون،
هه‌روه‌ها خراپه‌ی سامیره‌.
فێڵیان كرد،
دز چووه‌ ژووره‌وه‌ و
جه‌رده‌كانیش له‌ ده‌ره‌وه‌ تاڵانیان كرد،
2
به‌ڵام له‌ دڵی خۆیاندا بیر له‌وه‌ ناكه‌نه‌وه‌
كه‌ من هه‌موو خراپه‌كه‌ی ئه‌وانم له‌بیره‌.
ئێستا كرده‌وه‌كانیان ده‌وریان ده‌دات،
له‌ به‌رچاومدان.
3
«به‌ خراپه‌كه‌یان پاشا دڵخۆش ده‌كه‌ن و
به‌ درۆكانیشیان میر.
4
هه‌موو داوێنپیسن
وه‌ك ته‌نوورێكی گه‌رمكراون
كه‌ نانه‌واكه‌ ئاگره‌كه‌ی گڕ نادات،
له‌ كاتی هه‌ویر شێلانه‌وه‌ تاوه‌كو كاتی هه‌ڵهاتنی.
5
له‌ ڕۆژی جه‌ژنی پاشاماندا،
میر نه‌خۆش ده‌كه‌ون، له‌به‌ر شه‌راب تایان لێ دێت،
پاشا له‌گه‌ڵ گاڵته‌جاڕان ده‌ست تێكه‌ڵ ده‌كات.
6
چونكه‌ دڵیان وه‌ك ناخی ته‌نووره‌،
به‌ فرتوفێڵ له‌ پاشا نزیك ده‌بنه‌وه‌.
قینیان به‌ درێژایی شه‌و كپ ده‌بێت و
بۆ به‌یانی وه‌ك ئاگرێكی گڕ گرتوو گه‌رمه‌.
7
هه‌موویان وه‌ك ته‌نوور گه‌رمن،
دادوه‌ره‌كانی خۆیان ده‌خۆن،
هه‌موو پاشاكانیان ده‌كه‌ون،
كه‌سیان تێدا نییه‌ نزا بۆ من بكات.
8
«ئه‌فرایم تێكه‌ڵ به‌ گه‌لان ده‌بێت.
ئه‌فرایم بووه‌ به‌ كولێره‌یه‌كی هه‌ڵنه‌گه‌ڕاوه‌.
9
بێگانه‌كان هێزه‌كه‌ی ده‌خۆن و
ئه‌ویش پێی نازانێت.
قژی ماشوبرنج بووه‌ و
ئه‌ویش پێی نازانێت.
10
لووتبه‌رزی ئیسرائیل به‌ره‌وڕوو شایه‌تی له‌سه‌ر ده‌دات،
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وه‌شدا
ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لای یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆیان و
به‌دوایدا ناگه‌ڕێن.
11
«ئه‌فرایم وه‌ك كۆترێكی لێهاتووه‌،
گێل و بێ مێشك،
بانگی میسر ده‌كه‌ن و
بۆ لای ئاشور ده‌چن.
12
كاتێك ده‌ڕۆن، تۆڕه‌كه‌م به‌سه‌ریاندا هه‌ڵده‌ده‌م،
وه‌ك باڵنده‌ی ئاسمان دایانده‌گرم.
كاتێك كۆده‌بنه‌وه‌ ته‌مبێیان ده‌كه‌م
به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی ده‌یبیستم.
13
قوڕبه‌سه‌ریان، چونكه‌ له‌ من هه‌ڵاتن!
ماڵوێرانی بۆیان، چونكه‌ لێم یاخی بوون!
من ده‌یانكڕمه‌وه‌،
به‌ڵام ئه‌وان درۆم بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن.
14
كاتێك له‌سه‌ر جێگاكانیان ده‌ناڵێنن
له‌ دڵه‌وه‌ هاوارم بۆ ناكه‌ن.
بۆ دانه‌وێڵه‌ و شه‌راب كۆده‌بنه‌وه‌،
له‌ من هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.
15
من فێرم كردن و بازووی ئه‌وانم به‌هێز كرد،
به‌ڵام ئه‌وان له‌ دژی من بیر له‌ خراپه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.
16
ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ڵام نه‌ك بۆ لای خودای هه‌ره‌به‌رز،
وه‌ك كه‌وانێكی ناڕێكیان لێدێت.
له‌به‌ر قینی زمانیان ڕابه‌رانیان به‌ شمشێر ده‌كوژرێن.
له‌به‌ر ئه‌مه‌ له‌ میسر ده‌بنه‌ گاڵته‌جاڕ.