عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
تۆبەنەکردنی ئیسرائیل 
1
«وەرن، با بگەڕێینەوە لای یەزدان،
چونکە ئەو پارچەپارچەی کردووین و
هەر ئەویش چارەسەرمان دەکات.
ئەو برینداری کردووین و
هەر ئەویش برینەکانمان ساڕێژ دەکات.
2
دوای دوو ڕۆژ دەمانژیێنێتەوە،
لە ڕۆژی سێیەمدا هەڵماندەستێنێتەوە
بۆ ئەوەی ئێمە لەبەردەمیدا بژین.
3
با دان بە یەزداندا بنێین،
با تێبکۆشین بۆ ئەوەی دانی پێدا بنێین.
بێگومان وەک چۆن ڕۆژ هەڵدێت
ئاواش یەزدان دەردەکەوێت،
وەک بارانی زستان دێتە لامان،
وەک بەهارە باران کە زەوی ئاو دەدات.»
4
«ئەی ئەفرایم، چیت لێ بکەم؟
ئەی یەهودا، چیت لێ بکەم؟
خۆشویستنی ئێوە وەک هەوری بەیانییان وایە،
وەک ئەو شەونمەی بە زوویی دەڕوات.
5
لەبەر ئەوە بە پێغەمبەران پارچەپارچەم کردن،
بە وشەکانی دەمم ئێوەم کوشت،
حوکمەکەشم وەک ڕووناکی دەرکەوت،
6
چونکە میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی،
لەلای من خواناسی لە قوربانی سووتاندن گرنگترە.
7
بەڵام ئەوان وەک ئادەم سەرپێچی پەیمانیان کرد،
لەوێدا ناپاکییان لە من کرد.
8
گلعاد شاری خراپەکارانە و
بە خوێن پێپەستە.
9
وەک چۆن جەردە بۆسە بۆ کەسێک دەنێنەوە،
ئاواش دەستەی کاهینەکان،
لە ڕێگادا ڕووەو شەخەم خەڵک دەکوژن،
بەدڕەوشتی ئەنجام دەدەن.
10
لە بنەماڵەی ئیسرائیلدا کارێکی تۆقێنەر دەبینم،
لەوێدا ئەفرایم لەشفرۆشی دەکات،
ئیسرائیل گڵاوە.
11
«تۆش ئەی یەهودا،
ڕۆژی لێپێچینەوەت بۆ دیاریکراوە.
«هەر کاتێک بمەوێت ڕاپێچکراوانی گەلەکەم دەگەڕێنمەوە[a] ،
  1. a. 6‏:11 گەڕاندنەوە لە ڕاپێچکراوی هێمایەک بووە بۆ نوێکردنەوەی بەختەوەری.‏