عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
حوكمی سه‌ر ئیسرائیل 
1
«ئه‌ی كاهینه‌كان، گوێتان له‌مه‌ بێت!
ئه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل، سه‌رنج بده‌ن!
ئه‌ی ماڵی پاشا گوێ بگرن!
حوكمه‌كه‌ له‌ دژی ئێوه‌یه‌،
چونكه‌ ئێوه‌ له‌ میچپا بوونه‌ ته‌ڵه‌،
هه‌روه‌ها تۆڕێكی ڕاخراویش بوون به‌سه‌ر تاڤۆر.
2
یاخیبووان له‌ كوشتن قووڵبوونه‌وه‌،
منیش هه‌موویان ته‌مبێ ده‌كه‌م.
3
من ئه‌فرایم ده‌ناسم و
ئیسرائیلیش له‌ من شاردراوه‌ نییه‌.
ئه‌ی ئه‌فرایم، ئێستا ڕێگای له‌شفرۆشیت گرتووه‌ته‌به‌ر،
ئیسرائیل گڵاو بووه‌.
4
«كاره‌كانیان ڕێیان نادات
بۆ لای خودای خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه‌،
چونكه‌ ڕۆحی له‌شفرۆشی له‌ ناخیاندایه‌ و
ئه‌وان دان به‌ یه‌زداندا نانێن.
5
لووتبه‌رزی ئیسرائیل به‌ره‌وڕوو شایه‌تی له‌سه‌ر ده‌دات و
ئیسرائیل و ئه‌فرایم به‌ تاوانه‌كانیان تێكده‌شكێن،
یه‌هوداش له‌گه‌ڵیاندا تێكده‌شكێت.
6
به‌ مه‌ڕ و مانگاكانیانه‌وه‌ ده‌ڕۆن
بۆ ئه‌وه‌ی ڕوو له‌ یه‌زدان بكه‌ن،
به‌ڵام بۆیان ده‌رناكه‌وێت،
چونكه‌ لێیان دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌.
7
ناپاكییان له‌ یه‌زدان كرد
چونكه‌ منداڵی زۆڵیان[a] بوو.
ئێستا جه‌ژنی سه‌ره‌مانگه‌كانیان
خۆیان و كێڵگه‌كانیشیان ده‌خوات.
8
«له‌ گیڤعادا كه‌ڕه‌نا لێ بده‌ن و
له‌ ڕامه‌ش زوڕنا.
له‌ بێت‌ئاڤن[b] نه‌عره‌ته‌ی جه‌نگ بكێشن؛
”ئه‌ی بنیامین، ئێمه‌ له‌دوای تۆین.“
9
ئه‌فرایم وێران ده‌بێت
له‌ ڕۆژی ته‌مبێكردندا.
له‌نێو هۆزه‌كانی ئیسرائیلدا
ڕاستی ڕاده‌گه‌یه‌نم.
10
میرانی یه‌هودا وه‌ك ئه‌وانه‌ن
كه‌ سنوور ده‌گوازنه‌وه‌،
منیش تووڕه‌یی خۆم وه‌ك باران
به‌سه‌ریاندا هه‌ڵده‌ڕێژم.
11
ئه‌فرایم زۆرلێكراوه‌،
به‌ حوكم تێكشكێنراوه‌،
چونكه‌ بڕیاری دا دوای بت بكه‌وێت.
12
من بۆ ئه‌فرایم وه‌ك مۆرانه‌م و
وه‌ك كلۆربوونیش بۆ بنه‌ماڵه‌ی یه‌هودا.
13
«كاتێك ئه‌فرایم نه‌خۆشییه‌كه‌ی خۆی بینی و
یه‌هوداش ناسۆره‌كه‌ی خۆی،
ئینجا ئه‌فرایم چووه‌ لای ئاشور و
به‌دوای پاشا گه‌وره‌كه‌دا[c] ناردی.
به‌ڵام ناتوانێت چاره‌سه‌رتان بكات و
برینه‌كه‌تان له‌سه‌ر لاببات.
14
چونكه‌ من بۆ ئه‌فرایم وه‌ك شێرم و
بۆ بنه‌ماڵه‌ی یه‌هوداش وه‌ك به‌چكه‌ شێر،
چونكه‌ من پارچه‌پارچه‌یان ده‌كه‌م و ده‌ڕۆم،
ده‌به‌م و فریادڕه‌سیش نییه‌،
15
ده‌ڕۆم و ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ شوێنه‌كه‌ی خۆم
هه‌تا دان به‌ تاوانه‌كه‌یان ده‌نێن و
ڕوویان له‌ من ده‌كه‌ن،
له‌ ته‌نگانه‌یاندا به‌ په‌رۆشه‌وه‌ ڕوویان له‌ من ده‌كه‌ن.»
  1. a. 5‏:7 زۆڵ: بیژی
  2. b. 5‏:8 بێت‌ئاڤن: واته‌ ماڵی به‌دكاری.
  3. c. 5‏:13 مه‌به‌ستی له‌ پاشای ئاشوره‌.