عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«بە براکانتان بڵێن: ”گەلی من،“ و بە خوشکەکانتان: ”بەر بەزەیی کەوتوو.“
سزادان و چاککردنەوەی ئیسرائیل 
2
«سەرزەنشتی دایکتان بکەن، سەرزەنشتی بکەن،
چونکە ئەو ژنی من نییە و
منیش مێردی ئەو نیم.
بەدڕەوشتی لە ڕوخساری و
ناپاکی لەنێوان مەمکەکانی داماڵێت.
3
ئەگینا ڕووتوقووتی دەکەمەوە،
وەک ئەو ڕۆژە ڕایدەگرم کە تێیدا لەدایک بووە؛
وەک چۆڵەوانی لێ دەکەم،
وەک خاکی وشکی لێ دەکەم،
بە تینووێتی دەیمرێنم.
4
بەزەییم بە منداڵەکانیدا نایەتەوە،
چونکە زۆڵن.
5
بێگومان دایکیان داوێنپیسی کردووە و
بە بێ ئابڕوویی سکی پێیان پڕ بووە.
ئەو گوتی: ”دوای دۆستەکانم دەکەوم،
ئەوانەی نان و ئاو،
خوری و کەتان، زەیت و خواردنەوەم پێدەدەن.“
6
لەبەر ئەوە ڕێگاکەی بە دڕک پەرژین دەکەم،
دیوارێک بە دەوریدا دروستدەکەم بۆ ئەوەی ڕێڕەوەکانی نەدۆزێتەوە.
7
دوای دۆستەکانی دەکەوێت و پێیان ناگات،
بەدوایاندا دەگەڕێت و نایاندۆزێتەوە.
ئینجا دەڵێت:
”دەچم و وەک جاران دەگەڕێمەوە بۆ لای مێردەکەم،
چونکە ئەو کاتم لە ئێستام باشتر بوو.“
8
ئەو دانی پێدا نەناوە ئەوە من بووم کە
دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتم پێیداوە،
زێڕ و زیوم بۆی زیاد کردووە،
بەڵام ئەوان بۆ بەعل بەکاریانهێنا.
9
«لەبەر ئەوە دەگەڕێمەوە و دانەوێڵەکەم لە کاتی خۆیدا دەبەمەوە،
شەرابە تازەکەشم لە کاتی خۆیدا.
خوری و کەتانەکەم کە ڕووتییەکەی دادەپۆشن
لەبەری دادەکەنم.
10
ئێستا شوێنی شەرمی
لەبەرچاوی خۆشەویستەکانیدا دەردەخەم،
کەسیش لە دەستم فریای ناکەوێت.
11
هەموو خۆشییەکانی ڕادەگرم:
جەژن و سەرەمانگەکانی،
شەممە و جەژنە دیاریکراوەکانی.
12
ڕەزەمێو و هەنجیرەکانی تێکدەدەم،
کە گوتی: ”ئەوانە کرێیەکەی منن، خۆشەویستانم پێیان داوم.“
دەیانکەم بە دارستان و
ئاژەڵی کێوی دەیانخوات.
13
لەسەر ئەو ڕۆژانەی سزای دەدەم
کە بخووری بۆ بەعلەکان دەسووتاند،
بە خەزێم و خشڵەکانی خۆی دەڕازاندەوە،
دوای خۆشەویستانی کەوت،
بەڵام منی لەیاد کرد.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
14
«لەبەر ئەوە بە زمانی شیرین
دەیبەمە چۆڵەوانی و
بە نەرمی قسەی لەگەڵدا دەکەم.
15
لەوێ ڕەزەمێوەکانی دەدەمەوە،
دۆڵی عاخۆر[a] دەکەم بە دەرگای هیوا.
لەوێ وەک ڕۆژانی هەرزەکاری گۆرانی دەڵێت،
وەک ڕۆژی سەرکەوتنی لە خاکی میسرەوە.»
16
یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا دەبێت،
پێم دەڵێیت: ”مێردەکەم“ و
چیتر پێم ناڵێیت: ”گەورەم.“
17
ناوی بەعلەکان لە دەمی دادەماڵم و
ئیتر ناویان ناهێنێت.
18
لەو ڕۆژەدا پەیمانێکیان بۆ دەبەستم
لەگەڵ ئاژەڵی کێوی و باڵندەکانی ئاسمان و
خشۆکەکانی زەوی.
کەوان و شمشێر و جەنگ
لە خاکەکەدا بنبڕ دەکەم و
وایان لێ دەکەم بە ئاسوودەیی پاڵ بکەون.
19
بۆ هەتاهەتایە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و
بە ڕاستودروستی و دادوەری،
بە خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی بۆ خۆمت نیشان دەکەم.
20
بە دڵسۆزییەوە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و
دان بە یەزداندا دەنێیت.
21
«یەزدان دەفەرموێت:
لەو ڕۆژەدا من کاردانەوەم دەبێت،
من کاردانەوەم بەرامبەر بە ئاسمان دەبێت و
ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە زەوی دەبێت،
22
زەویش کاردانەوەی بەرامبەر بە دانەوێڵە و
شەرابی نوێ و زەیت دەبێت،
ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە یەزرەعیل[b] دەبێت.
23
لە خاکەکەدا بۆ خۆم دەیچێنم،
بەزەییم دێتەوە بەوانەی کە فەرمووم ”بەزەییم پێیاندا نایەتەوە.“
ئەوانەی کە پێیان دەگوترا ”گەلی من نین“ پێیان دەڵێم: ”ئێوە گەلی منن.“
ئەوانیش دەڵێن: ”تۆ خودای ئێمەیت.“»
  1. a. 2‏:15 (عاخۆر) وشەیەکی عیبرییە بە واتای تێکدان. بڕوانە یەشوع بەشی 7.‏
  2. b. 2‏:22 یەزرەعیل: ناوێکی عیبری واتا (خودا دەیچێنێت).‏