عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئه‌مه‌ ئه‌و په‌یامه‌ی یه‌زدانه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌مه‌كانی پاشایه‌تی عوزیا و یۆتام و ئاحاز و حه‌زقیای پاشایانی یه‌هودا بۆ هۆشه‌عی كوڕی بئێری هات، كه‌ هاوسه‌رده‌می یارۆڤعامی كوڕی یه‌هۆئاشی پاشای ئیسرائیل بوو.
ژن و منداڵی هۆشه‌ع 
2
سه‌ره‌تا یه‌زدان له‌ ڕێگه‌ی هۆشه‌عه‌وه‌ په‌یامی خۆی ڕاگه‌یاند، ئینجا به‌ هۆشه‌عی فه‌رموو: «بڕۆ ژنێكی سۆزانی بهێنه‌ و با منداڵی زۆڵت[a] ببێت، چونكه‌ خه‌ڵكی خاكه‌كه‌ وه‌ك ژنێكی داوێنپیس ناپاكی به‌رامبه‌ر به‌ یه‌زدان كردووه‌.»
3
ئه‌ویش گۆمه‌ری كچی دیڤلایمی هێنا، سكی پڕ بوو، كوڕێكی لێ بوو.
4
یه‌زدان به‌ هۆشه‌عی فه‌رموو: «ناوی بنێ یه‌زره‌عیل، چونكه‌ پاش كه‌مێكی دیكه‌ بنه‌ماڵه‌ی یێهو سزا ده‌ده‌م، له‌سه‌ر ئه‌و خوێنه‌ی كه‌ له‌ یه‌زره‌عیل ڕشتیان، پاشایه‌تی ئیسرائیلیش له‌ناوده‌به‌م.
5
له‌و ڕۆژه‌دا كه‌وانی ئیسرائیل له‌ دۆڵی یه‌زره‌عیلدا ده‌شكێنم.»
6
دیسان گۆمه‌ر سكی پڕ بوو، كچێكی بوو. یه‌زدان به‌ هۆشه‌عی فه‌رموو: «ناوی لێ بنێ لۆڕوحامه‌[b] ، چونكه‌ چیتر به‌زه‌ییم به‌ بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیلدا نایه‌ته‌وه‌، لێیان خۆشنابم.
7
به‌ڵام به‌زه‌ییم به‌ بنه‌ماڵه‌ی یه‌هودا دێته‌وه‌، به‌ كه‌وان، شمشێر یان جه‌نگ، ئه‌سپ و سوار ڕزگاریان ناكه‌م، به‌ڵكو به‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاریان ڕزگاریان ده‌كه‌م.»
8
له‌دوای ئه‌وه‌ی گۆمه‌ر لۆڕوحامه‌ی له‌ شیر بڕییه‌وه‌، دیسان سكی پڕ بوو و كوڕێكی بوو.
9
یه‌زدان فه‌رمووی: «ناوی لێ بنێ لۆعامی[c] ، چونكه‌ ئێوه‌ گه‌لی من نین و منیش بۆ ئێوه‌ نابم.
10
«به‌ڵام له‌ داهاتوودا ژماره‌ی نه‌وه‌كانی ئیسرائیل وه‌ك لمی ده‌ریا ده‌بێت كه‌ ناپێورێن و ناژمێردرێن، له‌و شوێنه‌ی پێیان گوترا، ”ئێوه‌ گه‌لی من نین،“ به‌ ”ڕۆڵه‌كانی خودای زیندوو“ ناوده‌بردرێن.
11
له‌و كاته‌دا نه‌وه‌ی یه‌هودا و نه‌وه‌ی ئیسرائیل یه‌كده‌گرنه‌وه‌ و یه‌ك سه‌رۆك بۆ خۆیان داده‌نێن، له‌ خاكه‌كه‌ سه‌رده‌كه‌ون و دێنه‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ ڕۆژی یه‌زره‌عیل گه‌وره‌ ده‌بێت.»
  1. a. 1‏:2 زۆڵ: بیژی.
  2. b. 1‏:6 واتای ناوه‌كه‌ی (به‌زه‌یی پێیدا نایه‌ته‌وه‌).
  3. c. 1‏:9 واتای ناوه‌كه‌ی (گه‌لی من نییه‌).