عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«به‌ براكانتان بڵێن: ”گه‌لی من،“ و به‌ خوشكه‌كانتان: ”به‌ر به‌زه‌یی كه‌وتوو.“
سزادان و چاككردنه‌وه‌ی ئیسرائیل 
2
«سه‌رزه‌نشتی دایكتان بكه‌ن، سه‌رزه‌نشتی بكه‌ن،
چونكه‌ ئه‌و ژنی من نییه‌ و
منیش مێردی ئه‌و نیم.
به‌دڕه‌وشتی له‌ ڕوخساری و
ناپاكی له‌نێوان مه‌مكه‌كانی داماڵێت.
3
ئه‌گینا ڕووتوقووتی ده‌كه‌مه‌وه‌،
وه‌ك ئه‌و ڕۆژه‌ ڕایده‌گرم كه‌ تێیدا له‌دایك بووه‌؛
وه‌ك چۆڵه‌وانی لێ ده‌كه‌م،
وه‌ك خاكی وشكی لێ ده‌كه‌م،
به‌ تینووێتی ده‌یمرێنم.
4
به‌زه‌ییم به‌ منداڵه‌كانیدا نایه‌ته‌وه‌،
چونكه‌ زۆڵن.
5
بێگومان دایكیان داوێنپیسی كردووه‌ و
به‌ بێ ئابڕوویی سكی پێیان پڕ بووه‌.
ئه‌و گوتی: ”دوای دۆسته‌كانم ده‌كه‌وم،
ئه‌وانه‌ی نان و ئاو،
خوری و كه‌تان، زه‌یت و خواردنه‌وه‌م پێده‌ده‌ن.“
6
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕێگاكه‌ی به‌ دڕك په‌رژین ده‌كه‌م،
دیوارێك به‌ ده‌وریدا دروستده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ڕێڕه‌وه‌كانی نه‌دۆزێته‌وه‌.
7
دوای دۆسته‌كانی ده‌كه‌وێت و پێیان ناگات،
به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕێت و نایاندۆزێته‌وه‌.
ئینجا ده‌ڵێت:
”ده‌چم و وه‌ك جاران ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ لای مێرده‌كه‌م،
چونكه‌ ئه‌و كاتم له‌ ئێستام باشتر بوو.“
8
ئه‌و دانی پێدا نه‌ناوه‌ ئه‌وه‌ من بووم كه‌
دانه‌وێڵه‌ و شه‌رابی نوێ و زه‌یتم پێیداوه‌،
زێڕ و زیوم بۆی زیاد كردووه‌،
به‌ڵام ئه‌وان بۆ به‌عل به‌كاریانهێنا.
9
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ و دانه‌وێڵه‌كه‌م له‌ كاتی خۆیدا ده‌به‌مه‌وه‌،
شه‌رابه‌ تازه‌كه‌شم له‌ كاتی خۆیدا.
خوری و كه‌تانه‌كه‌م كه‌ ڕووتییه‌كه‌ی داده‌پۆشن
له‌به‌ری داده‌كه‌نم.
10
ئێستا شوێنی شه‌رمی
له‌به‌رچاوی خۆشه‌ویسته‌كانیدا ده‌رده‌خه‌م،
كه‌سیش له‌ ده‌ستم فریای ناكه‌وێت.
11
هه‌موو خۆشییه‌كانی ڕاده‌گرم:
جه‌ژن و سه‌ره‌مانگه‌كانی،
شه‌ممه‌ و جه‌ژنه‌ دیاریكراوه‌كانی.
12
ڕه‌زه‌مێو و هه‌نجیره‌كانی تێكده‌ده‌م،
كه‌ گوتی: ”ئه‌وانه‌ كرێیه‌كه‌ی منن، خۆشه‌ویستانم پێیان داوم.“
ده‌یانكه‌م به‌ دارستان و
ئاژه‌ڵی كێوی ده‌یانخوات.
13
له‌سه‌ر ئه‌و ڕۆژانه‌ی سزای ده‌ده‌م
كه‌ بخووری بۆ به‌عله‌كان ده‌سووتاند،
به‌ خه‌زێم و خشڵه‌كانی خۆی ده‌ڕازانده‌وه‌،
دوای خۆشه‌ویستانی كه‌وت،
به‌ڵام منی له‌یاد كرد.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
14
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ زمانی شیرین
ده‌یبه‌مه‌ چۆڵه‌وانی و
به‌ نه‌رمی قسه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌م.
15
له‌وێ ڕه‌زه‌مێوه‌كانی ده‌ده‌مه‌وه‌،
دۆڵی عاخۆر[a] ده‌كه‌م به‌ ده‌رگای هیوا.
له‌وێ وه‌ك ڕۆژانی هه‌رزه‌كاری گۆرانی ده‌ڵێت،
وه‌ك ڕۆژی سه‌ركه‌وتنی له‌ خاكی میسره‌وه‌.»
16
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «له‌و ڕۆژه‌دا ده‌بێت،
پێم ده‌ڵێیت: ”مێرده‌كه‌م“ و
چیتر پێم ناڵێیت: ”گه‌وره‌م.“
17
ناوی به‌عله‌كان له‌ ده‌می داده‌ماڵم و
ئیتر ناویان ناهێنێت.
18
له‌و ڕۆژه‌دا په‌یمانێكیان بۆ ده‌به‌ستم
له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵی كێوی و باڵنده‌كانی ئاسمان و
خشۆكه‌كانی زه‌وی.
كه‌وان و شمشێر و جه‌نگ
له‌ خاكه‌كه‌دا بنبڕ ده‌كه‌م و
وایان لێ ده‌كه‌م به‌ ئاسووده‌یی پاڵ بكه‌ون.
19
بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ بۆ خۆم نیشانت ده‌كه‌م و
به‌ ڕاستودروستی و دادوه‌ری،
به‌ خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕ و به‌زه‌یی بۆ خۆمت نیشان ده‌كه‌م.
20
به‌ دڵسۆزییه‌وه‌ بۆ خۆم نیشانت ده‌كه‌م و
دان به‌ یه‌زداندا ده‌نێیت.
21
«یه‌زدان ده‌فه‌رموێت:
له‌و ڕۆژه‌دا من كاردانه‌وه‌م ده‌بێت،
من كاردانه‌وه‌م به‌رامبه‌ر به‌ ئاسمان ده‌بێت و
ئه‌وانیش كاردانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر به‌ زه‌وی ده‌بێت،
22
زه‌ویش كاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ دانه‌وێڵه‌ و
شه‌رابی نوێ و زه‌یت ده‌بێت،
ئه‌وانیش كاردانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر به‌ یه‌زره‌عیل[b] ده‌بێت.
23
له‌ خاكه‌كه‌دا بۆ خۆم ده‌یچێنم،
به‌زه‌ییم دێته‌وه‌ به‌وانه‌ی كه‌ فه‌رمووم ”به‌زه‌ییم پێیاندا نایه‌ته‌وه‌.“
ئه‌وانه‌ی كه‌ پێیان ده‌گوترا ”گه‌لی من نین“ پێیان ده‌ڵێم: ”ئێوه‌ گه‌لی منن.“
ئه‌وانیش ده‌ڵێن: ”تۆ خودای ئێمه‌یت.“»
  1. a. 2‏:15 (عاخۆر) وشه‌یه‌كی عیبرییه‌ به‌ واتای تێكدان. بڕوانه‌ یه‌شوع به‌شی 7.
  2. b. 2‏:22 یه‌زره‌عیل: ناوێكی عیبری واته‌ (خودا ده‌یچێنێت).