عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئەفرایم لەسەر با دەلەوەڕێت،
دوای بای ڕۆژهەڵات کەوتووە،
هەموو ڕۆژێک درۆ و توندوتیژی زیاد دەکات.
لەگەڵ ئاشوردا پەیمان دەبەستن و
زەیتی زەیتوون بۆ میسر دەنێرێت.
2
یەزدان لە دژی یەهودا سکاڵای هەیە،
سزای یاقوب بەپێی ڕەفتارەکەی دەدات،
کردەوەکانی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.
3
لەناو سکدا پاژنەی براکەی گرت و
بە هێزی خۆی لەگەڵ خودا کەوتە زۆرانێ.
4
لەگەڵ فریشتەکە زۆرانێی کرد و سەرکەوت،
گریا و پاڕایەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵی میهرەبان بێت.
لە بێت‌ئێل تووشی بوو،
لەوێ قسەی لەگەڵی کرد[a] .
5
یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار،
ناوبانگی یەزدانە!
6
تۆش بۆ لای خودات بگەڕێوە،
خۆشەویستی نەگۆڕ و دادپەروەری پەیڕەو بکە و
هەمیشە چاوەڕوانی خودای خۆت بە.
7
بازرگان تەرازووی ساختەی لە دەستدایە،
حەز دەکات ستەم بکات.
8
ئەفرایم گوتی:
«من دەوڵەمەند بووم و سامانم بۆ خۆم پێکەوەنا،
لە هەموو سامانەکەم خراپەیەکم تێدا نابیننەوە
کە گوناه بێت.»
9
«من یەزدانی پەروەردگاری ئێوەم،
ئەوەی لە خاکی میسرەوە تۆی دەرهێنا،
دووبارە لەناو چادرەکان نیشتەجێت دەکەم،
وەک ڕۆژانی جەژن.
10
قسەم لەگەڵ پێغەمبەرەکاندا کرد و
بینینی زۆرم بۆ ئاشکرا کردن،
هەروەها لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە نموونەم هێنایەوە.»
11
ئایا خراپەکاری لە گلعاد هەیە؟
بێگومان دانیشتووانەکەی پووچن!
لە گلگال گا دەکەن بە قوربانی،
بەڵێ، بەڵام قوربانگاکانیان وەک کۆمەڵە بەرد دەبن
لەسەر هێڵەکانی جووتی کێڵگەدا.
12
یاقوب بۆ دەشتودەری ئارام[b] هەڵات و
ئیسرائیل لە پێناوی ژنێکدا خزمەتی کرد،
لە پێناوی ژنێکدا شوانایەتی کرد.
13
یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرێکەوە ئیسرائیلی لە میسر دەرهێنا و
لە ڕێگەی پێغەمبەرێکیشەوە چاودێری کرد.
14
بەڵام ئەفرایم زۆر بە خراپی یەزدانی پەست کرد،
پەروەردگارەکەشی تاوانی ئەو خوێنەی لەسەریەتی دەیهێڵێتەوە و
سووکایەتییەکەی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.
  1. a. 12‏:4 قسەی لەگەڵیدا کرد: بڕوانە، بۆ نموونە، پەیدابوون 32‏:30‏‏.‏
  2. b. 12‏:12 میسۆپۆتامیا، وڵاتی نێوان دجلە و فورات. بڕوانە پەیدابوون 28‏:2‏‏.‏