عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
تووڕه‌یی یه‌زدان له‌سه‌ر ئیسرائیل 
1
كاتێك ئه‌فرایم قسه‌ی كرد، له‌رزین په‌یدابوو،
ئه‌ویش له‌ ئیسرائیلدا پایه‌دار بوو،
به‌ڵام خۆی تاوانبار كرد به‌ په‌رستنی به‌عل و مرد.
2
ئێستا گوناهیان زیاتر و زیاتر ده‌كه‌ن،
له‌ زیوه‌كانیان بتی له‌قاڵبدراو بۆ خۆیان دروستده‌كه‌ن،
بتی دروستكراو به‌پێی تێگه‌یشتنی خۆیان،
هه‌مووی ده‌ستكردی وه‌ستایه‌.
ده‌رباره‌یان ده‌ڵێن:
«ئه‌وانه‌ مرۆڤ ده‌كه‌نه‌ قوربانی،
بته‌ گوێره‌كه‌كان ماچ ده‌كه‌ن!»
3
له‌به‌ر ئه‌وه‌ وه‌ك هه‌وری به‌یانییان ده‌بن و
وه‌ك ئه‌و شه‌ونمه‌ی به‌ زوویی ده‌ڕوات،
وه‌ك پووشی جۆخین كه‌ ده‌درێت به‌ده‌م باوه‌،
وه‌ك دووكه‌ڵ له‌ كڵاوڕۆژنه‌وه‌[a] .
4
«به‌ڵام من یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتم،
ئه‌وه‌ی له‌ خاكی میسر ده‌ریهێنایت.
جگه‌ له‌ من دان به‌ هیچ خودایه‌كی دیكه‌دا نانێیت،
جگه‌ له‌ منیش هیچ خودایه‌ك ڕزگاركه‌ر نییه‌.
5
من له‌ چۆڵه‌وانیدا چاودێری تۆم كرد،
له‌ زه‌وی تینووێتی.
6
كاتێك له‌ له‌وه‌ڕ تێربوون،
كه‌ تێربوون دڵیان به‌فیز بوو،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ منیان له‌یاد كرد.
7
جا وه‌ك شێر ده‌بم بۆیان،
وه‌ك پڵنگ له‌سه‌ر ڕێگا خۆم مات ده‌كه‌م.
8
وه‌ك ورچێكی جه‌رگسووتاو په‌لاماریان ده‌ده‌م و
په‌رده‌ی دڵیان ده‌دڕێنم.
وه‌ك شێره‌ مێ له‌وێ ده‌یانخۆم،
ئاژه‌ڵی كێوی پارچه‌پارچه‌یان ده‌كه‌ن.
9
«ئه‌ی ئیسرائیل، تۆ له‌ناوچوویت،
چونكه‌ تۆ له‌ دژی منیت، له‌ دژی یارمه‌تیده‌ری خۆتیت.
10
ئێستا كوا پاشاكه‌ت؟
تاكو له‌ هه‌موو شارۆچكه‌كانت ڕزگارت بكات،
كوا ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایانه‌ی كه‌ سه‌باره‌ت به‌وان گوتت:
”پاشا و میرم بده‌رێ“؟
11
له‌ تووڕه‌ییمدا پاشایه‌كم پێت دا و
له‌ هه‌ڵچوونمدا بردمه‌وه‌.
12
تاوانه‌كانی ئه‌فرایم ئه‌مبار كراون،
گوناهه‌كانیشی تۆماركراون.
13
ژانی منداڵبوون به‌سه‌ریدا دێت،
به‌ڵام منداڵێكی نه‌فامه‌،
چونكه‌ له‌ كاتی خۆیدا نایه‌ت و
له‌ منداڵدان ناترازێته‌ خواره‌وه‌.
14
«له‌ ده‌ست جیهانی مردووان خۆمیان بۆ به‌خت ده‌كه‌م،
له‌ مردن ده‌یانكڕمه‌وه‌.
ئه‌ی مردن، كوا ده‌رده‌كانت؟
ئه‌ی جیهانی مردووان، كوا وێرانكاریت؟
«میهره‌بانی له‌ چاوه‌كانم شاردراونه‌ته‌وه‌،
15
هه‌رچه‌نده‌ له‌ناو براكانیدا به‌ به‌روبووم بوو.
بایه‌كی ڕۆژهه‌ڵات دێت،
بای یه‌زدان له‌ چۆڵه‌وانی هه‌ڵده‌كات،
ئینجا كانییه‌كه‌ی كوێرده‌بێته‌وه‌ و
سه‌رچاوه‌كه‌ی بێ ئاو ده‌بێت.
گه‌نجینه‌ی هه‌موو كه‌لوپه‌له‌ به‌نرخه‌كانی
تاڵان ده‌كرێت.
16
خه‌ڵكی سامیره‌ تاوانبار ده‌كرێن،
چونكه‌ له‌ خودای خۆی یاخی بوون،
به‌ شمشێر ده‌كوژرێن و
منداڵه‌كانیان تێكده‌شكێنرێن،
سكی سكپڕان هه‌ڵده‌دڕێت.»
  1. a. 13‏:3 وه‌ك په‌نجه‌ره‌یه‌، ده‌لاقه‌یه‌كه‌ بۆ هاتوچۆی هه‌وا و گێڕانه‌وه‌ی تیشكی خۆر.