عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
خۆشه‌ویستی خودا بۆ ئیسرائیل 
1
«كه‌ ئیسرائیل منداڵ بوو، خۆشم ویست و
له‌ میسره‌وه‌ بانگی كوڕه‌كه‌ی خۆمم كرد.
2
به‌ڵام هه‌رچه‌نده‌ی بانگم ده‌كردن،
ئه‌وه‌نده‌ منیان له‌ خۆیان دوورخسته‌وه‌،
قوربانییان بۆ به‌عله‌كان سه‌رده‌بڕی و
بخووریان بۆ وێنه‌ی خوداوه‌نده‌كان ده‌سووتاند.
3
من بووم ئه‌فرایمم فێری ڕۆیشتن كرد،
ده‌ستم به‌ باڵیانه‌وه‌ گرت،
به‌ڵام نه‌یانزانی من چاكم كردنه‌وه‌.
4
به‌ گوریسی نه‌رمونیانی مرۆڤانه‌ ڕایانده‌كێشم،
به‌ به‌ستنی خۆشه‌ویستی،
من بۆیان بووم به‌وه‌ی كه‌ نیر له‌سه‌ر ملیان هه‌ڵده‌گرێت،
چه‌مامه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نانیان بده‌مێ.
5
«ئایا ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ خاكی میسر؟
بێگومان ئاشور ده‌بێته‌ پاشایان،
چونكه‌ ڕه‌تیان كرده‌وه‌ تۆبه‌ بكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ لام؟
6
شمشێر ده‌كه‌وێته‌ شاره‌كانیان و
شه‌وبه‌ندی ده‌روازه‌كانیان تێكده‌شكێنێت،
كۆتایی به‌ ته‌گبیره‌كانیان ده‌هێنێت.
7
گه‌له‌كه‌م مكوڕن له‌سه‌ر هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ من.
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هاوار بۆ خودای هه‌ره‌به‌رزه‌كه‌ش بكه‌ن،
ئه‌و پایه‌به‌رزیان ناكات.
8
«ئه‌ی ئه‌فرایم، چۆن وازت لێ بهێنم؟
ئه‌ی ئیسرائیل، چۆن به‌ ده‌ستته‌وه‌ بده‌م؟
چۆن وه‌ك ئه‌دما هه‌ڵسوكه‌وتت له‌گه‌ڵدا بكه‌م؟
چۆن وه‌ك چه‌بۆئیمت لێبكه‌م؟
دڵم لێم هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و
هه‌موو میهره‌بانیم گڕی گرتووه‌.
9
گڕی تووڕه‌ییم ناخه‌مه‌گه‌ڕ و
ناگه‌ڕێمه‌وه‌ ئه‌فرایم وێران بكه‌م،
چونكه‌ من خودام نه‌ك مرۆڤ،
من خودا پیرۆزه‌كه‌م، له‌ناوه‌ڕاستی ئێوه‌دام،
به‌ قینه‌وه‌ نایه‌م.
10
له‌دوای یه‌زدانه‌وه‌ ده‌ڕۆن،
وه‌ك شێرێك ده‌نه‌ڕێنێت.
كاتێك ده‌نه‌ڕێنێت،
منداڵه‌كان له‌ ڕۆژئاواوه‌ به‌ له‌رزه‌وه‌ دێن.
11
وه‌ك چۆله‌كه‌ له‌ میسره‌وه‌ به‌ له‌رزه‌وه‌ دێن،
وه‌ك كۆتر له‌ خاكی ئاشوره‌وه‌.
ئینجا له‌ ماڵه‌كانیاندا نیشته‌جێیان ده‌كه‌م.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
گوناهی ئیسرائیل 
12
ئه‌فرایم به‌ درۆ ده‌وری لێدام و
بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیلیش به‌ فێڵه‌وه‌،
یه‌هوداش هێشتا سه‌رسه‌خته‌ به‌رامبه‌ر به‌ خودا،
له‌ پیرۆزه‌ دڵسۆزه‌كه‌.