عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
مەلکیسادقی کاهین 
1
ئەم مەلکیسادقە پاشای شالیم بوو، هەروەها کاهینی خودای هەرەبەرز بوو، کاتێک ئیبراهیم لە بەزاندنی پاشاکان گەڕایەوە، تووشی بوو و داوای بەرەکەتی بۆ کرد،[a]
2
ئەوەی ئیبراهیم دەیەکی هەموو شتێکی بۆ جیا کردەوە. یەکەم جار ناوی بە واتای «پاشای ڕاستودروستی» دێت، دواتر «پاشای شالیم» واتا «پاشای ئاشتی».
3
بێ دایک و باوک، بێ ڕەچەڵەکە، بێ سەرەتای ڕۆژان و کۆتایی ژیان، بەڵکو وەک کوڕی خودا وایە، هەتاهەتایە وەک کاهین دەمێنێتەوە.
4
سەرنج بدەن چەند کەسێکی گەورە بووە، تەنانەت ئیبراهیمی بابەگەورە دەیەکی دەستکەوتی داوەتێ.
5
بەڵام ئەوانەی لە نەوەی لێڤین و کاهینیێتییان وەرگرتووە، ڕاسپاردەیان هەیە کە بەگوێرەی تەورات دەیەک لە خەڵک وەربگرن، واتا لە براکانیان، هەرچەندە لە پشتی ئیبراهیمن.
6
ئەوەی لە ڕەچەڵەکی ئەوانیش نییە، دەیەکی لە ئیبراهیم وەرگرت و ئەوەی بەڵێنەکانی هەیە بەرەکەتداری کرد.
7
بێگومان بچووکترین لەلایەن گەورەترینەوە بەرەکەتدار دەکرێت.
8
لێرەش خەڵکی کە دەمرن دەیەک وەردەگرن، بەڵام لەوێ شایەتی بۆ دەدرێت کە زیندووە.
9
ئاوا قسەیەک دەکرێت: تەنانەت لێڤی[b] کە دەیەک وەردەگرێ، خۆی لە ڕێگەی ئیبراهیمەوە دەیەکی داوە،
10
چونکە کاتێک مەلکیسادق تووشی ئیبراهیم بوو، هێشتا لێڤی لە پشتی باوکیدا بوو.
عیسا وەک مەلکیسادقە 
11
ئێستا ئەگەر بە ڕێگەی کاهینیێتی لێڤی تەواوەتی[c] بەدەستبهاتبایە، کە گەلیش لەسەر ئەمە تەوراتی وەرگرت، ئایا پێویستە کاهینێکی دیکە لە پلەی مەلکیسادق و نەک لە پلەی هارون دابنرێت؟
12
چونکە ئەگەر کاهینیێتی بگۆڕدرێت، ئەوا پێویستە شەریعەتیش بگۆڕدرێت.
13
ئەوەی ئەم باسەی لەسەر دەکرێ، سەر بە هۆزێکی جیاوازە، کەسیش لەم هۆزە خزمەتی قوربانگای[d] نەکردووە.
14
ئاشکرایە کە مەسیحی خاوەن شکۆمان سەر بە هۆزی یەهودایە، موساش لەبارەی کاهینیێتی باسی ئەم هۆزەی نەکردووە.
15
زۆر ڕوونتریشە، ئەگەر لە شێوەی مەلکیسادق کاهینێکی دیکە دەربکەوێت،
16
کە ئەو بەپێی تەورات بە کاهین دانەنراوە کە لە ڕێگەی ڕەچەڵەکەوەیە، بەڵکو بەپێی هێزی ئەو ژیانەی کە لەناوناچێت،
17
چونکە شایەتی دەدات:
﴿هەتاهەتایە تۆ کاهینیت،
لە پلەی مەلکیسادق.﴾[e]
18
ئیتر ڕاسپاردەی پێشوو لابردرا، لەبەر ئەوەی لاواز و بێ سوود بوو،
19
چونکە تەورات هیچ شتێکی تەواو نەکرد، بەڵکو هیوایەکی چاکتر هاتە کایەوە کە بەهۆیەوە لە خودا نزیک دەبینەوە.
20
ئەمەش بێ سوێند نەبوو. ئەوانەی دیکە بێ سوێند بوون بە کاهین،
21
بەڵام ئەمە بە سوێندەوە بوو، لەوەی پێی فەرموو:
﴿یەزدان سوێندی خواردووە و
بڕیاری ناگۆڕێت:
«هەتاهەتایە تۆ کاهینیت.»﴾[f]
22
بەگوێرەی ئەم سوێندەش عیسا بووە دەستەبەری پەیمانێکی باشتر.
23
کاهینەکان زۆربوون، چونکە مەرگ بووە کۆسپ لەوەی بەردەوام بن.
24
بەڵام لەبەر ئەوەی عیسا هەتاهەتایە دەمینێتەوە، کاهینیێتییەکی نەگۆڕی هەیە.
25
بەو هۆیەوە دەتوانێ ئەوانە بە تەواوی ڕزگار بکات کە لە ڕێگەی ئەوەوە دەچنە لای خودا، ئەو هەمیشە دەژیێت تاکو داکۆکییان لێ بکات.
26
لەڕاستیدا ئەو جۆرە سەرۆکی کاهینانە هەموو پێویستییەکانمان دابین دەکات، ئەو پیرۆز و بێ گلەیی و بێگەردە، لە گوناهباران جیا کرایەوە و لە ئاسمان بەرزتر کرا.
27
ئەو پێویستی بەوە نییە وەک سەرۆکی کاهینانی دیکە ڕۆژانە قوربانی بکات، یەکەم بۆ گوناهەکانی خۆی و دوایی بۆ گوناهەکانی گەلەکەی، چونکە یەک جار خۆی کرد بە قوربانی بۆ هەمووان.
28
تەورات کەسانێک لە پێگەی سەرۆکی کاهینان دادەنێت کە لاوازییان هەیە، بەڵام وشەی سوێند کە دوای تەوراتە، کوڕەکە[g] دادەنێت کە بۆ هەتاهەتایە کامڵ و تەواو کراوە.
  1. a. 7‏:1 بڕوانە پەیدابوون 14‏:17‏-20.‏‏
  2. b. 7‏:9 لێڤی کوڕی یاقوب بووە سەرهۆزی کاهینەکان لەناو گەلی جولەکە.‏
  3. c. 7‏:11 تەواوی لە پیرۆزی و ڕاستودروستی خودا.‏
  4. d. 7‏:13 مەبەست تەنها لەو قوربانگایەیە کە لە چادری پەیمان لە سەردەمی موسا و دوایی لە پەرستگای ئۆرشەلیم بوو.‏
  5. e. 7‏:17 زەبوورەکان 110‏:4‏‏
  6. f. 7‏:21 زەبوورەکان 110‏:4‏‏
  7. g. 7‏:28 مەسیح‏