عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - وتەی هاندان
 - 1
 - بەردەوام بن لەسەر خۆشەویستیتان بۆ یەکتر وەک خوشک و برا.
 - 2
 - میوانداری نامۆکان لەیاد مەکەن، چونکە بەمە کەسانێک بێ ئەوەی بزانن میوانداری فریشتەکانیان کردووە.
 - 3
 - یادی بەندکراوان بکەنەوە هەروەک ئەوەی لەگەڵیان بەند کرابن، هەروەها زۆرلێکراوانیش وەک ئەوەی خۆتان لەگەڵ ئەواندا زۆرلێکراو بن.
 - 4
 - با لەلای هەمووان هاوسەرایەتی ڕێزی هەبێت، نوێنی هاوسەرایەتیش پاک بێت، چونکە خودا بەڕەڵا و داوێنپیس تاوانبار دەکات.
 - 5
 - با ژیانتان بێ خۆشویستنی پارە بێت و ڕازی بن بەوەی هەتانە، چونکە خودا فەرموویەتی:
﴿هەرگیز پشتگوێت ناخەم،
هەرگیز وازت لێ ناهێنم.﴾[a] - 6
 - کەواتە بە متمانەوە دەڵێین:
﴿یەزدان یارمەتیدەری منە، ناترسم.
مرۆڤ دەتوانێت چیم لێ بکات؟﴾[b] - 7
 - ڕابەرەکانتان لەیاد بێت، ئەوانەی باسی وشەی خوداتان بۆ دەکەن، تەماشای سەربوردەیان بکەن و لاسایی باوەڕیان بکەنەوە.
 - 8
 - عیسای مەسیح وەک خۆیەتی، دوێنێ و ئەمڕۆ و هەتاهەتایە.
 - 9
 - مەهێڵن فێرکردنی جۆراوجۆر و نامۆ بەڕێوەتان ببات[c] ، چونکە باشە دڵ بە نیعمەت بەهێز بکرێت، نەک بە یاساکانی خۆراک کە سوودی نەبوو بۆ ئەوانەی پێی دەژین.
 - 10
 - ئێمە قوربانگایەکمان هەیە کە ئەوانەی خزمەتی چادری پەرستن دەکەن بۆیان نییە لێی بخۆن.[d] 
 - 11
 - سەرۆکی کاهینان خوێنی ئاژەڵان وەک قوربانی گوناه دەهێنێتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز، بەڵام کەلاکەکانیان لە دەرەوەی ئۆردوگا دەسووتێنرێن[e] .
 - 12
 - لەبەر ئەوە عیساش لە دەرەوەی دەرگای شار ئازاری چێژت، تاکو بە خوێنی خۆی گەل پیرۆز بکات.
 - 13
 - کەواتە با بچینە دەرەوەی ئۆردوگا[f] بۆ لای عیسا، ڕیسواییەکەی هەڵبگرین.
 - 14
 - لەبەر ئەوەی لێرەدا هیچ شارێکمان بۆ نامێنێتەوە، بەڵام داوای ئەو شارە دەکەین کە لە داهاتوودا دێت.
 - 15
 - لەبەر ئەوە، با بەردەوام لە ڕێگەی مەسیحەوە بە لێوەکانمان ستایشی خودا بکەین، کە قوربانیی ئێمەیە بۆ خودا.
 - 16
 - هەروەها چاکەکاری و یارمەتیدانی خەڵک پشتگوێ مەخەن، چونکە ئەو جۆرە قوربانییانە خودا دڵشاد دەکات.
 - 17
 - گوێڕایەڵی ڕابەرەکانتان بن و ملکەچیان بن، چونکە ئێشکتان بۆ دەگرن، وەک بڵێی حیسابیان پێشکەشی خودا دەکەن، تاکو بە شادییەوە ئەمە بکەن نەک بە بێزاری، چونکە ئەمە زیانی بۆتان دەبێت.
 - 18
 - نوێژمان بۆ بکەن، چونکە دڵنیاین ویژدانێکی باشمان هەیە، حەز دەکەین لە هەموو شتێکدا هەڵسوکەوتمان چاک بێت.
 - 19
 - زیاتر لێتان دەپاڕێمەوە ئەمە بکەن، تاکو بە خێرایی بگەڕێمەوە لاتان.
 - 20
 - با خودای ئاشتی کە بە خوێنی پەیمانی هەتاهەتایی عیسای خاوەن شکۆمانی لەنێو مردووان هەستاندەوە، شوانە پایەبەرزەکەی مەڕەکان،
 - 21
 - بە هەموو شتێکی باش ئامادەتان بکات تاکو بە خواستی ئەو هەڵسوکەوت بکەن، لە ئێمەشدا بەپێی ڕەزامەندی خۆی کار بکات بەهۆی عیسای مەسیحەوە کە هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە. ئامین.
 - سڵاوی کۆتایی
 - 22
 - خوشکان، برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، بە سنگفراوانییەوە ئەم وتەی هاندانە وەربگرن، چونکە تەنها نامەیەکی کورتم بۆ نووسیون.
 - 23
 - بزانن تیمۆساوسی برامان ئازاد کراوە. ئەگەر زوو هات، بەیەکەوە دیدەنیتان دەکەین.
 - 24
 - سڵاو لە هەموو ڕابەران و تەواوی باوەڕداران بکەن.
باوەڕدارانی ئیتالیا سڵاوتان لێدەکەن. - 25
 - با نیعمەتی خودا لەگەڵ هەمووتان بێت.
 
- a. 13:5 دواوتار 31:6
 - b. 13:6 زەبوورەکان 118:6،7.
 - c. 13:9 بە بۆچوونی جیاواز گومڕا مەبن.
 - d. 13:10 واتا کاهینانی پەیمانی کۆن بۆیان نییە لە بەرهەمی خاچی مەسیح سوود وەربگرن، بڕوانە ئایەتی 15.
 - e. 13:11 بڕوانە دەرچوون 29:14.
 - f. 13:13 مەبەستی دەوروبەری شوورای ئۆرشەلیمە.
 

