عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
له‌ یاقوبی به‌نده‌ی خودا و عیسای مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆوه‌،
بۆ دوازده‌ هۆزه‌كه‌[a] كه‌ له‌نێو نه‌ته‌وه‌كاندا په‌رشوبڵاو بوونه‌ته‌وه‌،
سڵاو.
تاقیكردنه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ 
2
خوشكان و برایانم، به‌وپه‌ڕی خۆشیی دابنێن، كاتێك ده‌كه‌ونه‌ جۆره‌ها تاقیكردنه‌وه‌وه‌ و ناخۆشی،
3
چونكه‌ ده‌زانن تاقیكردنه‌وه‌ی باوه‌ڕتان دانبه‌خۆداگرتن دروستده‌كات.
4
با دانبه‌خۆداگرتن ته‌واو كاری خۆی هه‌بێت، تاكو ته‌واو و پێگه‌یشتوو بن، كه‌موكوڕیتان له‌ هیچ شتێكدا نه‌بێت.
5
ئه‌گه‌ر یه‌كێكتان له‌ دانایی كه‌موكوڕی هه‌یه‌، با داوا له‌ خودا بكات، كه‌ به‌ دڵفراوانی به‌ هه‌مووان ده‌به‌خشێت و گله‌ییش ناكات، پێشی ده‌به‌خشرێت.
6
به‌ڵام با به‌ باوه‌ڕه‌وه‌ داوا بكات و گومان نه‌كات، چونكه‌ ئه‌وه‌ی گومان ده‌كات وه‌ك شه‌پۆلی ده‌ریا وایه‌، با ده‌یهێنێت و ده‌یبات.
7
ئه‌و مرۆڤه‌ با بیرنه‌كاته‌وه‌ كه‌ شتێك له‌ مه‌سیحی باڵاده‌سته‌وه‌ وه‌رده‌گرێت،
8
چونكه‌ مرۆڤی ڕاڕا، له‌ هه‌موو ڕێگاكانی چه‌سپاو نییه‌.
9
با برای پایه‌نزم شانازی به‌ به‌رزییه‌كه‌یه‌وه‌ بكات،
10
ده‌وڵه‌مه‌ندیش به‌ نزمییه‌كه‌ی، چونكه‌ وه‌ك گوڵی گژوگیا له‌ناوده‌چێت.
11
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆژ به‌ گه‌رمییه‌ سووتێنه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵدێت، گژوگیا وشك ده‌بێت و گوڵه‌كه‌ی هه‌ڵده‌وه‌رێت و دیمه‌نی جوانی نامێنێت. به‌ هه‌مان شێوه‌، ده‌وڵه‌مه‌ندیش كاتێك سه‌رقاڵه‌ به‌ كاره‌كانییه‌وه‌ له‌ناوده‌چێت.
تاقیكردنه‌وه‌ له‌ ژووره‌وه‌ 
12
خۆزگه‌ ده‌خوازرێت به‌وه‌ی به‌رگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ ده‌گرێت، چونكه‌ كه‌ سه‌لمێنرا تاجی ژیان وه‌رده‌گرێت، ئه‌وه‌ی خودا به‌ڵێنی داوه‌ بیدات به‌وانه‌ی خۆشیان ده‌وێت.
13
كاتێك كه‌سێك تاقی ده‌كرێته‌وه‌، با نه‌ڵێت: «له‌لایه‌ن خوداوه‌ تاقی ده‌كرێمه‌وه‌،» چونكه‌ خودا له‌ كاری خراپه‌دا تاقی ناكرێته‌وه‌، ئه‌ویش كه‌س به‌و شێوه‌یه‌ تاقی ناكاته‌وه‌.
14
به‌ڵام هه‌ركه‌سێك به‌و ئاره‌زووه‌ خراپه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی تاقی ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر پێی ڕاكێشرا و هه‌ڵخه‌ڵه‌تا.
15
كه‌ ئاره‌زووی خراپ سك بكات گوناهی لێ ده‌بێت، گوناهیش كه‌ گه‌شه‌ی كرد مردن به‌رهه‌م دێنێت.
16
برایانی خۆشه‌ویستم، هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن.
17
هه‌موو به‌خشینێكی چاك و به‌هره‌یه‌كی ته‌واو له‌لایه‌ن سه‌ره‌وه‌یه‌، له‌لای باوكی ڕووناكییه‌كانه‌وه‌ دێته‌ خواره‌وه‌، ئه‌وه‌ی ناگۆڕێت و سێبه‌ری خولانه‌وه‌ی نییه‌.
18
خواستی له‌سه‌ر بوو كه‌ به‌ وشه‌ی ڕاستی له‌دایك ببین[b] ، تاكو ببینه‌ نۆبه‌ره‌ی به‌دیهێنراوانی.
گوێ بگرن و كاری پێ بكه‌ن 
19
برا خۆشه‌ویسته‌كانم، ئه‌مه‌تان بیر نه‌چێت: با هه‌ر مرۆڤێك له‌ گوێگرتندا خێرا بێت، له‌ قسه‌كردندا له‌سه‌رخۆ بێت، له‌ تووڕه‌بووندا خاو بێت،
20
چونكه‌ تووڕه‌یی مرۆڤ ڕاستودروستی خودا نایه‌نێته‌ كایه‌وه‌.
21
كه‌واته‌ هه‌موو گڵاوی و گه‌شه‌كردنێكی به‌دكاری دابكه‌نن، ئه‌و وشه‌یه‌ی كه‌ له‌ ئێوه‌دا چانراوه‌ به‌ دڵنه‌رمییه‌وه‌ وه‌ریبگرن، ئه‌وه‌ی ده‌توانێت گیانتان ڕزگار بكات.
22
ته‌نها گوێگری وشه‌ی خودا مه‌بن، به‌ڵكو كاری پێ بكه‌ن، ئه‌گینا خۆتان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن،
23
چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك گوێگری وشه‌ی خودا بێت و كاری پێ نه‌كات، وه‌ك یه‌كێك وایه‌ له‌ ئاوێنه‌دا سه‌یری ڕوخساری خۆی بكات،
24
ئینجا دوای ئه‌وه‌ی سه‌یری خۆی ده‌كات و ده‌ڕوات، یه‌كسه‌ر له‌بیری ده‌چێت چۆن بووه‌.
25
به‌ڵام هه‌ركه‌سێك به‌ وردی سه‌رنجی ئه‌و شه‌ریعه‌ته‌ ته‌واوه‌ بدات كه‌ ئازادی ده‌به‌خشێت، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام كاری پێ بكات و ئه‌وه‌ی ده‌بیستێت له‌یادی نه‌كات به‌ڵكو كاری پێ بكات، ئه‌وا ئه‌مه‌ له‌ كرداریدا به‌ره‌كه‌تداره‌.
26
ئه‌وه‌ی خۆی به‌ دیندار دابنێت و زمانی خۆی نه‌پارێزێت، ئه‌وا خۆی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت و دیندارییه‌كه‌ی پووچه‌.
27
ئایینی پاك و بێگه‌رد[c] له‌لای خودای باوك ئه‌مه‌یه‌: به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی هه‌تیوان و بێوه‌ژنان له‌ ته‌نگانه‌یاندا، هه‌روه‌ها خۆی له‌ گڵاوی جیهان بپارێزێت.
  1. a. 1‏:1 مه‌به‌ست له‌ دوازده‌ هۆزه‌كه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیله‌.
  2. b. 1‏:18 \+xt بڕوانه‌ یۆحه‌نا 1‏:12‏-13.‏\+xt*‏
  3. c. 1‏:27 ئه‌م ڕێبازه‌ی خودا دایناوه‌ تاكو مرۆڤ له‌ڕێیه‌وه‌ په‌یوه‌ندی پێوه‌ بكات.