عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - باوەڕی باپیرانمان
 - 1
 - باوەڕ دڵنیاییە بەوەی هیوامان پێیەتی، بێگومانییە لەوەی نایبینین،
 - 2
 - چونکە بەم باوەڕە پێشینان پەسەند کراون.
 - 3
 - بە باوەڕ تێدەگەین کە گەردوون بە فەرمایشتی خودا بەدیهێنراوە، تەنانەت ئەوەی دەیبینین لەو شتانەی کە بینراوە نەهاتووەتە کایەوە.
 - 4
 - بە باوەڕ هابیل قوربانییەکی باشتری لەوەی قایین پێشکەشی خودا کرد[a] . بە باوەڕ شایەتی بۆ درا کە ڕاستودروستە کاتێک خودا شایەتی بۆ قوربانییەکەی دا. هەرچەندە هابیل مرد بەڵام هێشتا بە باوەڕ قسە دەکات.
 - 5
 - بە باوەڕ حەنۆخ بەرزکرایەوە لای خودا تاکو مردن نەبینێ، ئیتر لەسەر زەوی نەما، چونکە خودا بردی بۆ لای خۆی[b] . پێش بردنیشی شایەتی وەرگرت کە خودای ڕازی کردووە.
 - 6
 - بەبێ باوەڕ مەحاڵە ڕەزامەندی خودا بەدەستبهێنرێت، چونکە ئەوەی لەو نزیک بێتەوە، دەبێ باوەڕی بە بوونی ئەو هەبێت و پاداشتی ئەوانەش دەداتەوە کە بە پەرۆشەوە ڕوویان لەو دەکەن.
 - 7
 - بە باوەڕ نوح کاتێک لەلایەن خوداوە سەبارەت بەوەی کە هێشتا نەبینرابوو ئاگادار کرایەوە، ترسی خودای کەوتە دڵ و کەشتییەکی بنیاد نا بۆ ڕزگارکردنی خاووخێزانەکەی.[c]  بەم شێوەیە، بە باوەڕ جیهانی حوکم دا و بوو بە میراتگری ئەو ڕاستودروستییەی کە بەگوێرەی باوەڕ بوو.
 - 8
 - بە باوەڕ کاتێک ئیبراهیم[d] بانگکرا بچێتە ئەو شوێنەی خەریک بوو بە میرات وەریبگرێت، گوێڕایەڵ بوو و ڕۆیشت، هەرچەندە نەیدەزانی بۆ کوێ دەچێت.
 - 9
 - بە باوەڕ وەک بێگانە لە خاکی بەڵێندراو نامۆ بوو، لە چادردا ژیا، وەک ئیسحاق و یاقوب کە ئەوانیش میراتگری هەمان بەڵێن بوون،
 - 10
 - چونکە ئیبراهیم چاوەڕێی ئەو شارەی دەکرد کە بناغەیەکی چەسپاوی هەیە، ئەوەی خودا ئەندازیار و دروستکەرەکەیەتی.
 - 11
 - بە باوەڕ سارا توانای سکوزای پێدرا، هەرچەندە نەزۆک بوو و تەمەنی سکوزاشی بەسەرچوو بوو، چونکە دڵنیا بوو ئەوەی بەڵێنی داوە دڵسۆزە.
 - 12
 - بۆیە لە پیاوێک کە هەر وەک مردوو وابوو، نەوەیەک دروست بوو کە وەک ئەستێرەی ئاسمان و لمی سەر کەناری دەریا لە ژمارە نەدەهات[e] .
 - 13
 - هەموو ئەوانە لە باوەڕدا مردن و بەڵێنەکانیان وەرنەگرت، بەڵکو لە دوورەوە بینییان و پێشوازییان لێکرد، دانیان پێدا نا کە ئەوان لەسەر زەویدا نامۆ و بێگانەن.
 - 14
 - ئەوانەی ئەو شتانە دەڵێن، دەریدەخەن کە داوای نیشتیمان دەکەن.
 - 15
 - ئەگەر ئەوان بیریان لەو نیشتیمانە بکردایەوە کە بەجێیان هێشتبوو، ئەوا هەلی گەڕانەوەیان بۆی دەبوو.
 - 16
 - بەڵام ئێستا ئارەزووی نیشتیمانێکی باشتر دەکەن، کە ئاسمانییەکەیە. بۆیە خودا شەرمی پێیان نییە بە خودای ئەوان ناوببردرێت، چونکە شارێکی بۆ ئامادەکردن.
 - 17
 - بە باوەڕ ئیبراهیم ئیسحاقی کوڕی وەک قوربانی پێشکەش کرد، کاتێک خودا ئیبراهیمی تاقی کردەوە. ئەوەی بە بەڵێن لە خودا وەریگرت ئامادە بوو کوڕە تاقانەکەی بکاتە قوربانی،
 - 18
 - هەرچەندە خودا سەبارەت بەو فەرمووبووی: ﴿لە ڕێگەی ئیسحاقەوە نەوەی تۆ ناودەبردرێت.﴾[f]
 - 19
 - ئیبراهیم دڵنیابوو لەوەی کە خودا دەتوانێت ئیسحاق لەدوای مردنی زیندوو بکاتەوە. بە واتایەکی دیکە، خودا ئەوی بە شێوەیەکی نموونەیی لەنێو مردووان هەستاندەوە.
 - 20
 - بە باوەڕ ئیسحاق[g]  داوای بەرەکەتی خودای بۆ داهاتووی یاقوب و عیسۆ کرد.
 - 21
 - بە باوەڕ یاقوب لە سەرەمەرگیدا داوای بەرەکەتی بۆ هەریەکە لە کوڕەکانی یوسف کرد و خۆی بەسەر دەسکی گۆچانەکەیدا دا و ستایشی خودای کرد[h] .
 - 22
 - بە باوەڕ یوسف لە سەرەمەرگیدا باسی چوونەدەرەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە میسر کرد و لەبارەی گواستنەوەی ڕوفاتەکەی وەسیەتی بۆ کردن[i] .
 - 23
 - بە باوەڕ کاتێک موسا[j]  لەدایک بوو، سێ مانگ دایک و باوکی شاردییانەوە، چونکە بینییان منداڵەکە جوانە، لە فەرمانی پاشا نەترسان.
 - 24
 - بە باوەڕ کاتێک موسا گەورە بوو، نەیویست بە کچەزای فیرعەون بناسرێت.
 - 25
 - بەلایەوە باشتر بوو لەگەڵ گەلی خودا سووکایەتیی پێ بکرێت، لەوەی لەزەتێکی کاتیی لە گوناهدا هەبێت.
 - 26
 - موسا ئەو ڕیسواییەی لە پێناوی مەسیحدا چێژتی بە سامانێکی گەورەتری دانا لە گەنجینەی میسر، چونکە چاوی لەوە بوو کە خودا پاداشتی بداتەوە.
 - 27
 - بە باوەڕ میسری بەجێهێشت و لە تووڕەیی پاشا نەترسا. دانی بەخۆیدا گرت چونکە ئەوەی بینی کە نەبینراوە.
 - 28
 - بە باوەڕ پەسخەی کرد و خوێنەکەی پرژاند، نەوەک لەناوبەری نۆبەرە[k]  دەستیان لێ بدات.
 - 29
 - بە باوەڕ بە دەریای سووردا پەڕینەوە وەک بە وشکانیدا بڕۆن، بەڵام کاتێک میسرییەکان ویستیان بپەڕنەوە نوقوم بوون.
 - 30
 - بە باوەڕ شووراکانی ئەریحا ڕووخان[l] ، دوای ئەوەی حەوت ڕۆژ بە دەوریدا سووڕانەوە.
 - 31
 - بە باوەڕ ڕاحابی لەشفرۆش لەگەڵ یاخیبووان لەناونەچوو، چونکە پێشوازییەکی ئاشتییانەی لە سیخوڕەکان کرد.
 - 32
 - چی دیکەش بڵێم؟ کاتم نییە باسی گدعۆن و باراک و شەمشون و یەفتاح و داود و ساموئێل و پێغەمبەران بکەم،
 - 33
 - کە بە باوەڕ پاشایەتییەکانیان بەزاند، دادپەروەرییان هێنایە کایەوە، بەڵێنەکانیان بۆ هاتە دی، دەمی شێریان داخست،
 - 34
 - هێزی ئاگریان کوژاندەوە، لە تیخی شمشێر دەرباز بوون، لە لاوازیدا بەهێزبوون، لە شەڕدا توند بوون، لەشکری بێگانەیان گەڕاندەوە.
 - 35
 - هەندێک ژن مردووەکانیان بە هەستانەوە وەرگرتەوە. بەڵام خەڵکی دیکە ئەشکەنجە دران و ڕزگارییان نەویست، تاکو هەستانەوەیەکی باشتریان دەستبکەوێت.
 - 36
 - هەندێکی دیکە ڕووبەڕووی سووکایەتی و قامچی و کۆت و زیندان بوونەوە.
 - 37
 - بەردباران کران، بە مشار لەت لەت کران، بە شمشێر کوژران. هەندێکیش بە پێستی مەڕ و بزن خۆیان داپۆشی، تووشی نەبوونی و چەوسانەوە و زەلیلی بوون.
 - 38
 - جیهان شایانی ئەمان نەبوو. دەربەدەری بیابان و شاخ و ئەشکەوت و کون و کەلەبەری زەوی بوون.
 - 39
 - هەموو ئەمانەش بەهۆی باوەڕیانەوە شایەتییان بۆ درا، بەڵام بەڵێنی خودایان دەست نەکەوت،
 - 40
 - چونکە خودا پێشتر شتێکی باشتری بۆمان بینی، تاکو بێ ئێمە تەواو نەبن.
 
- a. 11:4 بڕوانە پەیدابوون 4:4.
 - b. 11:5 بڕوانە پەیدابوون 5:21-24.
 - c. 11:7 بڕوانە پەیدابوون 6:13-22.
 - d. 11:8 بڕوانە پەیدابوون 12–22.
 - e. 11:12 بڕوانە پەیدابوون 22:17
 - f. 11:18 پەیدابوون 21:12
 - g. 11:20 بڕوانە پەیدابوون 27:27-39.
 - h. 11:21 بڕوانە پەیدابوون 48
 - i. 11:22 یوسف وەسیەتی کرد لەدوای مردنی تەرمەکەی بهێننەوە خاکی بەڵێندراو، بڕوانە پەیدابوون 50:24،25.
 - j. 11:23 بڕوانە دەرچوون 2–14.
 - k. 11:28 بڕوانە دەرچوون 12:12،13.
 - l. 11:30 بڕوانە یەشوع بەشی 6.
 

