عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
قوربانی مه‌سیح جارێك و بۆ هه‌مووان 
1
ته‌ورات ته‌نها سێبه‌ری شته‌ باشه‌كانی داهاتووه‌، نه‌ك وێنه‌ی ته‌واوی ڕاستییه‌كان. له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌رده‌وام به‌ هه‌مان قوربانییه‌كانی ساڵ له‌دوای ساڵ پێشكه‌ش ده‌كرێته‌وه‌، هه‌رگیز ناتوانێ ئه‌وانه‌ ته‌واو بكات كه‌ بۆ په‌رستن نزیك ده‌بنه‌وه‌.
2
ئه‌گینا، ئایا له‌ پێشكه‌شكردن نه‌ده‌وه‌ستان؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر خواپه‌رستان ته‌نها جارێك پاك بوونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ چیتر له‌ ویژدانیاندا هه‌ست به‌ گوناه ناكه‌ن.
3
به‌ڵام له‌و قوربانییانه‌دا ساڵانه‌ یاده‌وه‌ری گوناه ده‌كرێته‌وه‌.
4
چونكه‌ مه‌حاڵه‌ خوێنی گا و بزن گوناه لاببات.
5
له‌به‌ر ئه‌وه‌ كاتێك مه‌سیح هاته‌ ناو جیهان فه‌رمووی:
{به‌ قوربانی و پێشكه‌شكراو ڕازی نه‌بوویت،
به‌ڵكو جه‌سته‌یه‌كت بۆ دابین كردم.
6
به‌ قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناه دڵخۆش نه‌بووی.
7
ئینجا گوتم: «ئه‌وه‌تا هاتم، هه‌روه‌ك له‌ تۆماره‌كه‌دا له‌سه‌رم نووسراوه‌،
تاكو به‌‏خواستی تۆ كار بكه‌م، ئه‌ی خودا.»}[a]
8
له‌ سه‌ره‌وه‌ فه‌رمووی: {تۆ قوربانی و پێشكه‌شكراو و قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نه‌ویست و پێی دڵخۆش نه‌بووی،} ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی ته‌ورات ده‌كرێت،
9
ئینجا مه‌سیح فه‌رمووی: {ئه‌وه‌تا هاتم تاكو به‌ خواستی تۆ كار بكه‌م.} یه‌كه‌م لاده‌بات، تاكو دووه‌م دابنێ[b] .
10
به‌م خواسته‌ی خودا به‌ یه‌ك جار به‌هۆی پێشكه‌شكردنی جه‌سته‌ی عیسای مه‌سیحه‌وه‌ پیرۆز بووین.
11
هه‌ر كاهینێك هه‌موو ڕۆژێك ڕاده‌وه‌ستێت و خزمه‌ت ده‌كات به‌رده‌وام هه‌مان قوربانی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ هه‌رگیز ناتوانێت گوناه لاببات.
12
به‌ڵام كاتێك مه‌سیحی كاهین له‌ جیاتی گوناه یه‌ك قوربانی بۆ هه‌موو كاتێك پێشكه‌ش كرد، له‌ ده‌سته‌ڕاستی خوداوه‌ دانیشت،
13
له‌و كاته‌وه‌ چاوه‌ڕوانه‌، تاكو خودا هه‌موو دوژمنانی بكاته‌ ته‌خته‌پێی،
14
چونكه‌ ئه‌و به‌ یه‌ك قوربانی بۆ هه‌میشه‌ ئه‌وانه‌ی ته‌واو كرد كه‌ ئه‌و پیرۆزیان ده‌كات.
15
ڕۆحی پیرۆزیش شایه‌تیمان بۆ ده‌دات، چونكه‌ دوای ئه‌وه‌ی فه‌رمووی:
16
{یه‌زدان ده‌فه‌رموێ، ئه‌مه‌ ئه‌و په‌یمانه‌یه‌ كه‌
له‌دوای ئه‌و ڕۆژانه‌ له‌گه‌ڵیان ده‌یبه‌ستم،
«فێركردنه‌كانم[c] ده‌خه‌مه‌ ناو دڵیان و
له‌ناو مێشكیان ده‌ینووسم.»}[d]
17
پاشان ده‌فه‌رموێت:
{له‌مه‌ودوا گوناه و تاوانه‌كانیان به‌بیری خۆم ناهێنمه‌وه‌.}[e]
18
له‌كوێ لێخۆشبوونی ئه‌م گوناهانه‌ هه‌بێت، ئیتر پێویست ناكات قوربانی بۆ گوناه بكرێت.
19
بۆیه‌ ئه‌ی خوشك و برایانی باوه‌ڕدار، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی متمانه‌مان هه‌یه‌ بۆ چوونه‌ ناو شوێنی هه‌ره‌پیرۆز به‌هۆی خوێنی عیساوه‌،
20
به‌و ڕێگا زیندوو و تازه‌یه‌ی كه‌ به‌هۆی به‌خشینی جه‌سته‌ی خۆی به‌ناو په‌رده‌دا بۆی كردینه‌وه‌،
21
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاهینێكی به‌رزمان هه‌یه‌ سه‌رپه‌رشتی ماڵی خودا[f] ده‌كات،
22
هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوێنی مه‌سیح به‌سه‌ر دڵماندا پرژێنرا[g] تاكو له‌ ویژدانی خراپ پاكمان بكاته‌وه‌، جه‌سته‌شمان به‌ ئاوێكی پاك شوشتراوه‌، با به‌ دڵێكی ڕاست و به‌ متمانه‌ی ته‌واوی باوه‌ڕ بچینه‌ به‌رده‌م خودا.
23
با بێ ڕاڕایی ده‌ستبگرین به‌ دانپێدانانی هیوامان، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ڵێنی پێمان داوه‌ جێی متمانه‌یه‌.
24
هه‌روه‌ها با ئاگاداری یه‌كتری بین بۆ هاندان له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی و كاری چاك.
25
با واز له‌ كۆبوونه‌وه‌كانمان نه‌هێنین، وه‌ك هه‌ندێك له‌سه‌ری ڕاهاتوون، به‌ڵكو یه‌كتری هانبده‌ین، به‌ تایبه‌تی كه‌ ده‌بینن ڕۆژی هاتنه‌وه‌ی مه‌سیح نزیك ده‌بێته‌وه‌.
26
ئه‌گه‌ر له‌دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ڕاستیمان ناسی، به‌رده‌وام بین له‌وه‌ی به‌ ئه‌نقه‌ست گوناه بكه‌ین، ئه‌وا هیچ قوربانییه‌ك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گوناهه‌كانمان پاك بكاته‌وه‌،
27
به‌ڵكو ته‌نها چاوه‌ڕێكردنی حوكمدانی ترسناك و ئاگری بڵێسه‌دار كه‌ خه‌ریكه‌ دوژمنه‌كانی خودا ده‌خوات.
28
ئه‌وه‌ی سه‌رپێچی ته‌وراتی موسای ده‌كرد، بێ به‌زه‌ییانه‌ به‌ شایه‌تی دوو یان سێ شایه‌ت حوكمی مردنی به‌سه‌ردا ده‌درێت.
29
به‌ ڕای ئێوه‌ شایانی سزای چه‌ند خراپتره‌ ئه‌وه‌ی سووكایه‌تی كوڕی خودای كردووه‌ و خوێنی په‌یمان به‌ پیس داده‌نێت كه‌ پیرۆزی كردووه‌، سووكایه‌تیش به‌ ڕۆحی پیرۆز ده‌كات كه‌ نیعمه‌تی لێ وه‌رگرتووه‌؟
30
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و خودایه‌ ده‌ناسین كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رمووه‌: {تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ هی منه‌، منم سزا ده‌ده‌م.}[h] هه‌روه‌ها: {یه‌زدان حوكم به‌سه‌ر گه‌لی خۆیدا ده‌دات.}[i]
31
كه‌وتنه‌ ناو ده‌ستی خودای زیندوو ترسناكه‌.
32
ڕۆژانی ڕابردووتان به‌ یاد بێته‌وه‌ كه‌ ڕووناك كرانه‌وه‌ و به‌رگه‌ی ململانێیه‌كی سه‌ختی پڕ له‌ ئازارتان گرت.
33
هه‌ندێك جار تووشی جنێو و چه‌وسانه‌وه‌ی ئاشكرا هاتوون، هه‌ندێك جار به‌شداری ناخۆشی ئه‌وانه‌تان كردووه‌ كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ی ئێوه‌ هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ كراوه‌.
34
هاوسۆزی به‌ندكراوانتان كرد، كاتێك سامانتان تاڵان كرا به‌ خۆشییه‌وه‌ قبوڵتان كرد، چونكه‌ ده‌زانن له‌ ئاسماندا سامانی باشترتان هه‌یه‌ و ده‌مێنێته‌وه‌.
35
كه‌واته‌ متمانه‌تان فڕێمه‌ده‌ن كه‌ پاداشتی گه‌وره‌ی هه‌یه‌،
36
چونكه‌ پێویستیتان به‌ دانبه‌خۆداگرتن هه‌یه‌، تاكو له‌دوای ئه‌وه‌ی به‌ خواستی خوداتان كرد، به‌ڵێنه‌كه‌ به‌ده‌ستبهێنن،
37
چونكه‌ دوای ماوه‌یه‌كی زۆر كورت،
{ئه‌وه‌ی دێت، دێت و دواناكه‌وێت.
38
ئه‌وه‌ی ڕاستودروسته‌ و هی خۆمه‌ به‌ باوه‌ڕ ده‌ژیێت،
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌،
ئه‌وه‌ جێی ڕه‌زامه‌ندی من نابێت.}[j]
39
جا ئێمه‌ سه‌ر به‌وانه‌ نین كه‌ هه‌ڵده‌گه‌ڕانه‌وه‌ و له‌ناوده‌چن، به‌ڵكو سه‌ر به‌ ئه‌وانه‌ین كه‌ باوه‌ڕیان هه‌یه‌ و ڕزگار ده‌كرێن.
  1. a. 10‏:7 \+xt زه‌بووره‌كان 40‏:6‏-8.‏\+xt*‏
  2. b. 10‏:9 مه‌به‌ست له‌ په‌یمانه‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌مه‌، \+xt بڕوانه‌ 9‏:1‏\+xt*.
  3. c. 10‏:16 ته‌ورات.
  4. d. 10‏:16 \+xt یه‌رمیا 31‏:33.‏\+xt*‏
  5. e. 10‏:17 \+xt یه‌رمیا 31‏:34.‏\+xt*‏
  6. f. 10‏:21 ماڵی خودا: مه‌به‌ست له‌و پیرۆزگایه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسماندا هه‌یه‌. بڕوانه‌\+xt زه‌بووره‌كان 20‏:6.‏\+xt*‏
  7. g. 10‏:22 مه‌به‌ست له‌ خوێنی مه‌سیحه‌ بۆ لێخۆشبوونی گوناه، بڕوانه‌ \+xt ده‌رچوون 24‏:8‏\+xt*‏.
  8. h. 10‏:30 \+xt دواوتار 32‏:35‏\+xt*.
  9. i. 10‏:30 دواوتار 32‏:36، \+xt زه‌بووره‌كان 135‏:14‏\+xt*‏
  10. j. 10‏:38 حه‌به‌قوق 2‏:3، 4