عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- ئەو سروشەی[a] کە بۆ حەبەقوقی پێغەمبەر هات.
- سکاڵای حەبەقوق
- 2
- ئەی یەزدان، هەتا کەی هانات بۆ بهێنم و
 تۆش گوێ ناگریت؟
 هەتا کەی لە دەست ستەم هاوارت بۆ دەهێنم و
 تۆش ڕزگار ناکەیت؟
- 3
- بۆ چی ناڕەواییم پیشان دەدەیت؟
 بۆ چی بەرگەی خراپە دەگریت؟
 وێرانکردن و ستەم لەبەردەممە،
 ناکۆکی و ڕکابەری سەرهەڵدەدات.
- 4
- لەبەر ئەوە تەورات لەکارخراوە و
 دادپەروەری قەد سەرکەوتوو نابێت.
 خراپەکار گەمارۆی کەسی ڕاستودروستی دا،
 لەبەر ئەوە دادپەروەری دەشێوێنرێت.
- وەڵامی یەزدان
- 5
- «تەماشای نەتەوەکان بکەن و سەرنج بدەن،
 بە تەواوی سەرسام بن،
 چونکە لە سەردەمی ئێوەدا کارێکی وا دەکەم،
 ئەگەر باس بکرێت باوەڕ ناکەن.
- 6
- من بابلییەکان[b]  هەڵدەستێنمەوە،
 گەلێکی دڵڕەق و بە پەلە،
 بە فراوانی زەوی ڕێگای گرتووەتەبەر،
 بۆ داگیرکردنی ئەو نشینگانەی کە هی خۆی نییە.
- 7
- تۆقێنەر و ترسێنەرە،
 خۆیان حوکم دادەنێن و
 شکۆی خۆیان دەسەپێنن.
- 8
- ئەسپەکانیان لە پڵنگ بەتاوترن و
 لە گورگی ئێواران توندوتیژترن،
 سوارەکانی بە پڕتاوی
 لە دوورەوە دێن،
 وەک هەڵۆیەکی بە پەلە بۆ خواردن دەفڕن.
- 9
- هەموو بۆ ستەمکاری دێن،
 ئاپۆرەکەیان وەک بای ڕۆژهەڵات بەرەو پێش دەچێت،
 وەک لم دیل کۆدەکەنەوە.
- 10
- گاڵتە بە پاشایان دەکەن و
 میران دەکەنە گاڵتەجاڕ،
 بە هەموو شارێکی قەڵابەند پێدەکەنن،
 خۆڵ دەکەنە گرد و دەیگرن.
- 11
- ئینجا وەک با هەڵدەکەن و دەڕۆن،
 تاوانبارن، هێزی خۆیان دەپەرستن.»
- دووەم سکاڵای حەبەقوق
- 12
- ئەی یەزدان، ئایا تۆ لە ئەزەلەوە نیت؟
 خودای من، پیرۆزەکەم، تۆ هەرگیز نامریت.
 ئەی یەزدان، بابلییەکانت بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانت دانا،
 ئەی تاشەبەرد، ئەرکی سزادانت بەوان سپاردووە.
- 13
- چاوەکانت لەوە پاکترن تەماشای خراپە بکەن،
 ناتوانیت بەرگەی خراپەکاری بگریت.
 کەواتە بۆچی بەرگەی ناپاکەکان دەگریت؟
 بۆچی بێدەنگ دەبیت کاتێک بەدکار کەسێکی لە خۆی ڕاستودروستتر قووت دەدات؟
- 14
- مرۆڤ وەک ماسی دەریا لێدەکەیت،
 وەک بوونەوەری ئاوی کە فەرمانڕەوای نییە.
- 15
- دوژمنی خراپەکار بە قولاپەکەی هەمووان سەردەخات،
 بە تۆڕەکەی ڕاویان دەکات،
 لەناو تۆڕەکەی کۆیان دەکاتەوە،
 لەبەر ئەوە شاد و دڵخۆشە.
- 16
- هەر لەبەر ئەوەش قوربانی بۆ تۆڕەکەی سەردەبڕێت و
 بخووری بۆ دەسووتێنێت،
 چونکە بەهۆی تۆڕەکەیەوە خۆش ڕادەبوێرێت و
 خواردنەکەی چەورە.
- 17
- هەتا کەی بەردەوام دەبێ لەوەی بە تۆڕەکەی ڕاو بکات،
 بە بێ بەزەیی نەتەوەکان لەناوببات؟
- a. 1:1 فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.
- b. 1:6 عیبری: کلدانییەکان؛ لەژێر سەرکردایەتی نەبوخودنەسری دووەم بوون.

